کوردستانی
ژووری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی راپەڕین ژمارەیەک بڕیای نوێی دەرکرد
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
ئەمڕۆ شەممە کاتژمێر 10:00ی پێشنیوەڕۆ ژووری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی راپەڕین بە سەرپەرشتی سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین و ئامادە بوونی ئەندامانی ژووری ئۆپەراسیۆن کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی رەوشی تەندروستی و کارگێڕیی سنوورەکە سازدا و دوای تاوتوێی بارودۆخ و رەوشی ناوچەکە کۆمەڵێک بڕیار و راسپاردە دران بەم شێوەیە:
یەکەم/ بەداخەوە کە سەرەنجام پەتای مڵۆزمی کۆرۆنا بارگە و بارخانەی نەگریسی خۆی لەناوچەکەماندا خست، بەجۆرێک کە ئیتر کۆرۆنا، زەنگێکی مەترسییدارە و لە بەردەرگای هەموو ماڵێکدایە، بۆیە بە مەبەستی پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی سنوورەکەمان و کەمترکردنەوەی فەزای تەشەنەسەندن و بڵاوبوونەوەی و سنووردارکردنی چالاکییەکانی ئەو بەڵایە بۆ سەر گیان و تەندروستیی هاووڵاتییان بڕیارماندا بە درێژکردنەوەی پشووی سەرجەم یەکەکارگێڕی و بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکانی ئیدارەی راپەڕین لە سبەی یەکشەممە رێکەوتی 28ی حوزەیرانی 2020 تا رۆژی یەکشەممەی ئاییندە 5ی تەموزی 2020 کە دەوامی فەرمی دەست پێدەکاتەوە لە سەرجەم فەرمانگە و دامودەزگا حکومییەکانی سنوورەکەمان .
دووەم/ پشووی فەرمانگەکان ئەم فەرمانگە و دامودەزگا حکومییانە ناگرێتەوە و دەوامی خۆیان دەکەن: تەندروستی، هێزە ئەمنییەکان، گەنجینە و بانک، ئەو فەرمانگانەی وەزارەتی دارایی خشتەی مووچەکەیانی راگەیاندووە بە پێی رۆژی موچەوەرگرتنەکەیان ، خوێندنگە و پەیمانگەکانی کۆمپیوتەر ، هونەرەجوانەکان و وەرزش کە تاقیکردنەوەیان هەیە ، زانکۆکان کە سەرۆکایەتیی زانکۆ خۆیان شێواز و کاتی پشووەکەیان دیاری دەکەن، هەروەها فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی ئاو و کارەبا، شارەوانییەکان و کۆمپانیای پاکەوانیی کە خەفارەتیان دادەنێن بۆ بەردەوامبوونی خزمەتگوزاییەکان.
سێیەم/ کۆبوونەوە بەسوپاسەوە رۆڵی مامۆستایانی ئایینی بەرزنرخاند کە لە سۆنگەی هەستکردن بەلێپرسراوێتیی نەتەوەیی و ئایینی و ئەخلاقییەوە هاوکار بوون و بەدەنگ داواکاریی حکومەتەوە هاتن بۆ راگرتنی ئەنجامدانی نوێژی هەینی و هیوادارین بەهەمان هەست و نەفەسەوە لەم کاروانە لەگەڵماندا بمێننەوە تا سەرکەوتنی یەکجارەکیی بەسەر دێوەزمەی کۆڕۆنادا.
چوارەم/ بۆ خزمەتی خەڵکی ناوچەکەمان نۆرینگەکانی پزیشکی کراوەدەبن بەمەرجی رەچاوکردن و پابەندبوونی تەواویان بە رێنماییە تەندروستیی و کارگێڕییەکانی دانراو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی و یەکەکارگێڕییەکان، هەتا بەهەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کشتیی تەندروستیی راپەڕین و سەندیکای پزیشکان و سەندیکای کارمەندانی تەندروستی بریارێکی گونجاویان لەسەر دەدرێ.
پێنجەم/ سەرجەم هۆڵ و شوێنەکانی ئاهەنگ و شایی بەداخراویی دەمێننەوە.
شەشەم/ هۆڵەکانی پرسە و پرسەی کۆڵان و ماڵەوە قەدەغەیە و پێویستە هاووڵاتیان پابەندبن و نەبنەهۆکار بۆ زیاتر بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی ئەم نەخۆشییە.
حەوتەم/ لیژنەکانی قائمقامیەت و ئاسایش لێپێچینەوە و ئیجرائاتی پێویست ئەنجام بدەن بەرامبەر بەوکەسانەی پابەندی ڕێنماییەکانی خۆپارێزی ( دەسکێش و ماسکپۆشیی ئەنجام نادەن ) نین ، بەتایبەت پیشەوەر و کاسبکار و دوکاندارەکان.
ھەشتەم/ وێڕای سوپاس و پێزانینمان بۆ گیانی بەرپرسانە و خۆپارێزانە و هەست بە بەرپرسیارێتیی هاوشاری و هاووڵاتیی سەرجەم خەڵکی خۆشەویستی سنوورەکەمان، داوایان لێ دەکەین بەهەمان گوڕ و تینی یەکەم رۆژی دەرکەوتنی ئەم پەتاوە بە دەنگ دەزگا ئەمنی و ئیجرائییەکانەوە بچن و تا بەهاوکاری و هەماهەنگیی هەموو لایەک و پشتیوانیی خوای گەورە لەم جەنگەداسەپاوەشدا گەلەکەمان سەرکەوتوو و رووسوور و سەربەرز دێتەدەر.