کوردستانی

نەخۆشخانەیەک تایبەت دەکرێت بە تووشبووانی کۆرۆنا

مەودا میدیا - سلێمانی |


نەخۆشخانەیەک تایبەت دەکرێت بە تووشبووانی کۆرۆنا
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

بڕیارە نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە قەزای سۆرانی سەر بە پارێزگای هەولێر بکرێتەوە، بەڕێوبەری تەندروستیی سۆرانیش رایدەگەیەنێت ئەو نەخۆشخانەیە تەنها جێگەی 60 نەخۆش دەبێتەوە.

د. كاروان جەمال، بەڕێوەبەری تەندروستیی سۆران بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەو نەخۆشخانەیە خۆی پێشتر هەر هەبووە، بەڵام ماوەیەکە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران لە بیناکەدا بوون، ئێستا بڕیارە ئەوان چۆڵی بکەن، بۆیە بڕیارمان داوە تایبەتی بکەین بە تووشبووانی کۆرۆنا".

ئاماژەی بەوەشکرد "هەوڵدەدەین سەرجەم پێداویستییە پزیشکییەکانی بۆ دابین بکەین، بۆ ئەوەی بتوانین ئەو تووشبووانەی کۆرۆنا کە دۆخیان باش نییە نەیان نێرینە هەولێر و لە سۆران چاودێری بکەین".

ئەوەشی خستەڕوو "ئەو نەخۆشخانەیە تەنها جێگەی 60 نەخۆش دەبێتەوە، بەڵام ئەگەر لەو ژمارەیە زیاتر بێت ئەو کات دەبێت نەخۆشەکان رەوانەی هەولێر بکرێن".

 بەڕێوەبەری تەندروستی سۆران وتی "لە سەرەتای هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە 142 حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا لە سۆران تۆمارکراوە و تەنها چوار حاڵەتی گیان لەدەستدان هەبووە، هەروەها لە ئێستادا 20 تووشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانە ماون و تەندروستییان جێگیرە".
Qaiwan
Qaiwan