کوردستانی

گەشتياره عیراقییەكان روودەكەنەوه سلێمانی

مەودا میدیا - سلێمانی |


گەشتياره عیراقییەكان روودەكەنەوه سلێمانی
مەودا میدیا-

سەرپەرشتیاری كۆمپانیا گەشتیارییەكانی سلێمانی رایدەگەیەنێت، دەستیان بە ئامادەكاریكردووە بۆ هێنانی گەشتیاری عیراقی لە ناوچەكانی خوارو ناوەڕاست بۆ شاری سلێمانی، دەشڵێت، هەوڵدەدەین بۆ جەژنی قوربان بەپێی رێنماییەكان گەشتیار بهێنینە شارەكە.

عەتا ئەنوەر، سەرپەرشتیاری كۆمپانیا گەشتیارییەكانی سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "لەگەڵ نوێنەری دەستەی گەشتوگوزاری بەغدا دانیشتنمان كردووە و هاوڕابووین لەسەر ئەوەی دەست بەهێنانی گەشتیاری عیراقی بكرێت بۆ سلێمانی لە چوارچێوەی رێنماییە تەندروستییەكان و خۆپارێزی".

باسی لەوەشكرد "لە ئێستا چاوەڕێی كردنەوەی سنورەكانى هەردوولا دەكەین، كۆمپانیا گەشتیارییەكانی سلێمانی ئامادەییان نیشانداوە و دەمانەوێت ئەو دۆخە تێپەڕێنین و گەشتیارییە عێراقییەكانیش پێیان خۆشە سەردانی سلێمانی بكەن و گەشتكردن دەستپێبكاتەوە".

وتیشی "ئەگەر دۆخەكە لەباربوو، هەوڵدەدەین تا جەژنی قوربان گەشتیاری زۆر بێتە سلێمانی، بە رەچاوكردنی رێنماییە تەندروستییەكان و خۆپارێزی تاكی گەشتیارییەكان، هەر لەكاتی هاتن و ناو پاس و مانەوە لە هۆتێلەكان و چونە دەرەوەیان".

بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنا ماوەی چەند مانگێكە هاتوچۆی نێوان شارەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان راگیراوە و بەهۆیەوە كەرتی گەشتیاری كارەكانی راگیراوە وهیچ گەشتیارێك نەهاتوەتە ناوچەكە.

ه،ع
Qaiwan
Qaiwan