ئەدەب و هونەر

شێركۆ بێکەس ئەو شاعیرەی نیو سەدە خزمەتی ئەدەب و فەرهەنگی كوردی كرد

مەودا میدیا - سلێمانی |


شێركۆ بێکەس ئەو شاعیرەی نیو سەدە خزمەتی ئەدەب و فەرهەنگی كوردی كرد
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

شێركۆ بێكەس كوڕی شاعیری ناودار و نیشتمان پەروەری كورد  "فایەق بێكەس"ە لە بەرواری ( 2 - 5 - 1940 ) لە گەڕەكی گۆیژەی شاری سلێمانی لە دایك بووە،  لەگەڵ چەند شاعیر و نوسەرێكی حەفتاكانی سەدەی ڕابردوو رەوتی "روانگە" یان دامەزراندوەكە بە یەكێك لە گروپە چالاكەكانی بواری ئەدەبیاتی كوردی لە سەدەی رابردوو دادەنرێت.

 ” شێركۆ بێكەس ” بە یەكێك لە تازەگەر و شاعیرە بەناوبانگەكانی شیعری كوردی ناسراوە ، تا ئێستا دەیان خەڵاتی نێودەوڵەتی لەبواری شیعردا وەرگرتووە ، دیارترینیان لە ساڵی ( 1998 ) لە سوید خەڵاتی ( توخۆلسكی ) پێ بەخشراوە،كە یەكێكە لە خەڵاتە بە بەهاكانی بواری ئەدەبیات لە جیهاندا .

شێركۆ بێكەس ساڵی ( 1986 ) وڵاتی عیراق بە جێدەهێڵێت و روودەكاتە وڵاتی سوید لە ساڵی ( 1987 تا ساڵی 1992 ) لە وڵاتی سوید نیشتەجێ دەبێت و دوایی لە ساڵی ( 1992 ) دەگەڕێتەوە بۆ كوردستان.

بەرهەكانی شێركۆ بێكەس
خاوەنی زیاتر لە ( 30 ) بەرهەمی شیعرییە، بەشێك لە شیعرەكانی وەرگێڕدراوەتە سەر چەندین زمان لەوانە ( ئینگلیزی ، فارسی ، توركی ، عەرەبی ، سویدی ، ئەڵمانی ، دانیماڕكی ، فەڕەنسی ، ئیتاڵی ، هەنگاری) بۆ ماوەیەك وەزیری رۆشنبیری حكومەتی هەرێم بووە، بەڵام دواتر دەستی لەكاركێشاوەتەوە، دوا كاریشی بەڕێوەبەری چاپخانەی سەردەم بووە لە سلێمانی.

 لە ساڵی ( 2013 ) توشی نەخۆشیەكی كوشندە دەبێت و هەر لە ساڵەدا لە رێكەوتی ( 4 - 8 - 2013 ) كۆچی دوایی دەكات و رۆحە پاكەكەی ماڵئاوایی لەگەلی كورد دەكات. 

 شێركۆ یەكەمین شیعری خۆی لە تەمەنی 17 ساڵیدا بڵاوكردەوە، ساڵی 1968 یەكەمین پەرتووكی شیعری خۆی بە ناوی «تریفەی ھەڵبەست» لە (بەغدا) لە چاپ دا، لە ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵ كۆمەڵێك لە شاعیرانی بەناوبانگی ئەو سەردەمە بانگەوازێكیان بۆ گۆڕانكاری لە شیعری كوردی و بە تایبەت چوون بە لای شیعری نوێی كوردییەوە بڵاو كردەوە.

ساڵی 1988 لە وڵاتی سوید خەڵاتی «تۆخۆڵسكی» پێ بەخشرا و شیعرەكانی بە زۆر زمانی دنیا وەرگێڕدا. لە ساڵی 1998ەوە ھەتا كۆتایی ژیان، ئەندامی ئەنتۆلۆجیای خوێندنی پۆلەكانی ئەمەریكا و كەنەدا بوو، لە ھەمان ساڵدا بە یارمەتی كۆمەڵێ كەس و ھاوڕێی، «دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم» ی دامەزراند.

لە ساڵی 2001 ناوەندی چاپ و راگەیاندنی «خاك» خەڵاتی پیرەمێردی شاعیری بە شێركۆ بەخشی، لە ساڵی 2009دا تەواوی بەرھەمەكانی لە ھەشت ھەزار پەڕەدا لە چاپدرا. 

شیعر
شێركۆ بێكەس یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی سەردەمی شیعری نوێی كوردی و ھونەری كوردی بە زمانی شیعری نوێ ناساند، شیعری شێركۆ زۆرجار باسی لە نیشتمانپەروەری و خۆشەویستی ئاو و خاك كردووە.

وەسیەتنامە
من نامەوێت لە ھیچ كام لە گرد و گردۆڵەكەكاندا بنێژرێم كە دیارن و ناویان ئەبرێ، یەكەم لەبەرئەوەی پڕبونەتەوە و دووەم لەبەرئەوەی من حەز بە قەرەباڵغی زۆر ناكەم، من ئەمەوێ ئەگەر سەرۆكی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانی شارەكەم رێگەم پێبدا و ئەوەم پێ رەوا ببینن كە لە پاركی ئازادیدا و بە تەنیشت مۆنۆمێنتەكەی شەھیدانی 1963ی سلێمانییەوە بمنێژن، ئەوێ خۆشترە و تەنگەنەفەس نابم، من حەز ئەكەم بە مردویش نزیكی ئەو خەڵكەو ژن و پیاوی شارەكەم و دەنگی مۆسیقا و گۆرانی و ھەڵپەڕكێ و یانە جوانەكانی ئەو پاركە بم. با كتێبخانەكەم و دیوانەكانم و وێنەكانم ببرێن بۆ شوێن مەزارەكەم، با كافتریایەك و باخچەیەكی بچكۆلانە لەو شوێنەدا ھەبێت بۆئەوەی شاعیران و نوسەران و كچ و كوڕی دڵدار ببنە میوانم، من ئەمەوێ لە ئێستەوە بەچاوی خەیاڵ تەماشای ئەو پاركە بكەم و دوای مردنی خۆم ببینم، ئەمەوێ بەدەم چریكەی دیلان و ئەڵڵا وەیسییەكەی مەردان و سرودی خوایە وەتەن ئاواكەیەوە ئاڵای كوردستانم تێوە پێچرابێ و بنێژرێم، من ئەمەوێ لە پرسەكەمدا مۆسیقا لێبدرێت، لەناو مەزارەكەمدا تابلۆی جوانی ھونەرمەندانی شارەكەم ھەڵبواسن، من ئەمەوێ دوای خۆم و بەناوی «بێكەس» ەوە خەڵاتێكی ساڵانە تەرخان بكرێ و بدرێت بە جوانترین دیوانە شیعری ھەڵبژێردراوی ئەو ساڵە و خەرجی ئەم خەڵاتەیش لەو میراتە بدرێ كە جێیدەھێڵم. - شێركۆ بێكەس

نموونەیەكی ھەڵبەستی شێركۆ بێكەس
لە لای ئەوان
لە پشت ھەموو پیاوێكەوە ژنێك ھەیە
دەس بە مۆم و دەس بە كتێب و ڕۆژنامە و
بە شمشاڵ و بە كەمانچە و
دەس بە شەوبۆی خۆشەویستی
لە لای ئێمەش
لە پشت ھەموو ژنێكەوە پیاوێك ھەیە
دەس بە مار و بە بلۆك و بە دڕكەزی و
بە بەردەكانی تەڵاق و
دەس بە خوێنی مەرگدۆستی

بەرھەمەكانی شێركۆ بێكەس
شیعر
تریفەی ھەڵبەست، شیعر، 1968
كەژاوەی گریان، شیعر، 1969
كاوەی ئاسنگەر، شانۆنامەی شیعر، 1971
من تینوێتیم بە گڕ ئەشكێ، شیعر، 1973
ئاسك، شانۆنامەی شیعر، 1976
كازیوە، پۆستەرە شیعر، 1978
دوو سروودی كێوی، شیعری درێژ، 1980
ڕووبار، چیرۆكە شیعر، 1983
كەشكۆڵی پێشمەرگە، شیعری موقاوەمەت، 1984
داستانی ھەڵۆی سوور، قەسیدەی درێژ، 1985
ئاوێنە بچكۆلەكان، كورتە شیعر، 1986
تەمتوومان، شیعری ددێژ، 1988
دەربەندی پەپوولە، شیعری درێژ، 1991
ئافات، شیعر، 1993
مێرگی زام، مێرگی ھەتاو، شیعر، 1996
بۆننامە، قەسیدەی درێژ، 1998
چراكانی سەر ھەڵەمووت، پەخشان، 1999
نسێ، 1999
ژنێك و دوو پیاو، 2000
ژن و باران، 2000
رەنگدان، 2001
ئەزموون، 2001
لە چلەی چلچرایەكدا، 2001
پیاوێ لە دارسێو، 2002
خۆم؛ ئەو وەختەی باڵندەم، 2002
پاییزە میوان، 2002
كوكوختیە بزێوەكە، 2003
گۆڕستانی چراكان، 2004
ئێوە بە خۆشەویستیم ئەسپێرن، 2005
سروودە بەردینەكان، 2005
كورسی، 2005
لە گوڵەوە ھەتا سووتوو، 2006
حەفتا پەنجەرەی گەڕۆك، 2007
كتێبی ملوانكە، 2007
تۆ ئەتوانی بە قومێ ماچ بمخەیتەوە ھەڵقوڵین، 2007
زێ و زنە، 2008
تەون، 2009
ھەست و نەست، 2010
ئێستا كچێك نیشتمانمە، 2011
ئەسپێك لە پەڕەی گوڵاڵە، 2012
خێراكە مردن خەریكە بگات، 2013
نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش، 2013
مەرایا ساغیرە، وێنەكراوی فواد عەلی،125 پەڕە، چاپی الاھالی، دیمەشق، سوریا 1988
سما سپێگلار: دیكتەر 1978–1989، نۆرسبێرگ، چاپخانەی كوردستان،

رۆمانەكانی
پیرەمێرد و زەریا، ئێرنست ھێمینگوەی، وەرگێڕان، رۆمان، 1982
خاچ و مار و رۆژژمێری شاعیرێ، رۆمانە شیعر، 1998
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان