کوردستانی

حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەی قیستی پڕۆژەییەکی نیشتەجێبوون درێژ دەکاتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


 حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەی قیستی پڕۆژەییەکی نیشتەجێبوون درێژ دەکاتەوە
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی نیشاندا لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی قیستی پڕۆژەی چەرمۆ سیتی لە قەزای چەمچەماڵ بۆ ماوەی 20 ساڵ.

رەمەک رەمەزان، قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ بە مەودا میدیای راگەیاند "کۆمپانیای بەڕێز زیاتر لە 1400 یەکەی نیشتەجێبوون لە چەند ساڵی رابردوودا هاتە بواری جێبەجێکردن، بەڵام کۆمەڵێ کێشەو گرفتی زۆر هەبوو هاوڵاتیان کێشەکانیان بۆ ئێمە باسکرد".

ئاماژەی بەوەشکرد "یەکێک لە داواکارییەکانیان درێژکردنەوەی ماوەی قیستەکانیان بوو لە 10 ساڵەوە بۆ 20 ساڵ کە دیاربوو قورسایی لەسەر شانیان دروست کردبوو کە زۆربەیان کەسوکاری شەهیدانن لە خانوانەدان، هەروەها داواکارییەکی دیکە ئەوەبوو بەهۆی قەیرانی داراییەوە و نەدانی قیستەکانیان غەرامەیەکی زۆر هاتبووە سەریان".

رەمەک رەمەزان وتیشی "ئێمە لە رێگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان یاداشتێکمان ئاراستە کرد و دواتر قسەمان لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد ئەوانیش وتیان یاداشتێکی تەواوەتیمان ئاراستە بکەن و ئێمەش سەرجەم خاڵەکانمان لە یاداشتەکەدا نووسی ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کرد".

ئەوەشی خستەڕوو "بە خۆشحاڵیەوە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران وەڵامی داواکارییەکانی داینەوە و ماوەی قیستەکەی بۆ هاوڵاتیان بۆ 20 ساڵ درێژ کردەوە بۆ لابردن، هەروەها لە سوودەکانیان بەخشران تاوەکو رێکەوتی هەڵگرتنی پاشەکەوتی مووچە".
Qaiwan
Qaiwan