راپۆرت

چۆنیەتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە سەردەمی ئابووریی سەربەخۆدا

مەودا میدیا - سلێمانی |


چۆنیەتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە سەردەمی ئابووریی سەربەخۆدا
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

پەرلەمانتارێكی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت "هەرێم لە سەردەمی ئابووری سەربەخۆوە نەوت بەشێوەی نرخی رۆژانە دەفرۆشێت " ، كۆمپانیایەكی بواری نەوتیش ئاشكرایدەكات "لەهەندێك شوێن پشكی كۆمپانیاكان  بووە بە %80، پشكی حكومەتی هەرێمیش بووە بە 20%، لەبارەی سروشتیدا پشكی كۆمپانیاكان دەبێت 20% بێت "، ئابوریناسێكیش دەڵێت "گرێبەستەكانی هەرێم ناڕوونە، چونكە ئەگەر گرێبەستی فرۆشتنی نەوتی پێشوەختە دەكات كەواتە دەبوو ئێستا كێشەی پارەی داهاتی نەوت سەریهەڵنەدایە".

چەند جۆر رێككەوتنی نەوتیی هەیە؟
ئەحمەدی حاجی رەشید پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێكدا بە مەودا میدیای وت "دوو جۆر رێككەوتننامە هەیە لە فرۆشتنی نەوتدا "عقود عاجلە" و "عقود اجلە" هەیە كە یەكەمیان پارەكەی بەپەلە دەگاتە دەست حكومەت و ئەوەی دیكەشیان پاش مانگێكە، نرخی هەردوو رێككەوتنی فرۆشتنەكەش جیاوازە، رێككەوتنە بەپەلەكە پارەی ئەو رۆژەیە و دەچێتە سەر حساب، بەڵام بە كەمتر لە نرخی خۆی دەفرۆشرێت كە دۆلارێك یان دوو دۆلارە، "عقود اجلە" ش  كۆمپانیاكە نەوتی بەقەرز دەدرێتێ   هەندێكجاریش بە گرانتر دەیدرێتێ، یاخود بە "نرخی رۆژ" دەیدرێتێ بۆ نمونە ئەو كاتەی پارەكە دەدات نرخ چەند بوو دەبێت ئەوەندە بدات ".
وتیشی "نەوتی عیراق لە رێگەی بۆرسەی جیهانیەوە دەفرۆشرێت و لە رێگەی كۆمپانیای ماركێتینەوە جێبەجێ دەكرێت، كە حكومەتی عیراق خۆی كۆمپانیای سۆمۆ بۆی جێبەجێ دەكات ".

 حكومەتی هەرێم چۆن نەوتی فرۆشتووە لەسەردەمی ئابووری سەربەخۆدا؟
سەبارەت بە  فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان ئەحمەدی حاجی رەشید وتی "ئەوەی من بیستوومە، ئەحمەد موسا جیهاد پەرلەمانتاری عیراق جارێك بۆی باس كردین، ئەم نەوتە لە بەندەری جیهانەوە دەڕواتە كەناراوەكانی توركیا، دواتر هەر بارهەڵگرێك دەكرێتە پێنج بارهەڵگری دیكەوە كە لەدەرەوەی ئاوە هەرێمیەكانی توركیان، دوایی بەشی زۆری دەچێتە بەندەری"عەسقەلان" لە ئیسرائیل و لەوێشەوە دەنێردرێت بۆ وڵاتان و دەفرۆشرێت ".
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی "پرسیارم زۆر كردووە بەدوایدا زۆرچووم كە بۆ لەو بەندەرەوە دەفرۆشرێت، لەبەرئەوەی ئەم نەوتە عیراق نەتوانێت سكاڵای یاسایی لەسەر هیچ وڵاتێك تۆمار بكات، چونكە ئێستا سكاڵایەكی یاسایی هەیە لەسەر توركیا كە لەدادگای ناكۆكیەكانی پاریسە".

"زیانی هەرێم لە فرۆشتنی نەوت بەهۆی دابەزینی نرخەكەیەوە"
 سەركۆ ئازاد پەرلەمانتاری كوردستان لە لیژنەی وزە لە لێدوانێكدا بە مەودا میدیای وت "بەپێی ئەوەی كە ئێستا نرخی نەوت ئەو كاتەی بەهۆی كۆرۆناوە دابەزی بۆ 26 دۆلار، بەدواداچوونمان كردووە بەپێی زانیاریەكانی ئێمە حكومەتی هەرێم 12 دۆلار و پۆینت پێنجی بۆ دەمێنێتەوە كەواتە 450 هەزار بەرمیل كەرەتی 12 ی بكەیت و دواتر كەرەتی 30 رۆژەكەی بكەی زیانی هەرێمە لە مانگێكدا، حسابمان كردووە لە %60 بۆ %70 ی داهاتی نەوتی هەرێم لەدەستچووە لە 750 ملیۆنەوە هاتووەتە سەر 290 ملیۆن دۆلارپێشبینی دەكرێت بگاتە كەمتر لە 140 ملیۆن دۆلاریش، بەلایەنی كەمەوە زیاتر لە %50 داهاتی نەوتی هەرێم كەمیكردووە ".

"باشترین چارەسەر رێككەوتنە لەگەڵ بەغدا "
وەك سەركۆ ئازاد ئاماژەی پێدەكات، داهاتی نەوتی هەرێم بەشێكی دەچێت بۆ كرێی بانك و كرێی بۆری نەوت و پارەی كۆمپانیا نەوتیەكان دەدات كە هاوبەشین، كە پارەیەكی زۆر زۆرە.
ئەو پەرلەمانتارە راشیدەگەیەنێت "پێشتر لە 750 ملیۆن دۆلار 420 ملیۆن دۆلاری بۆ خەرجی دەرهێنان و پاڵاوتن و سێرڤزی نەوتەكە بووە، تەنها 300 ملیۆن دۆلاری بۆ حكومەت دەگەڕایەوە، بۆیە لە ئێستادا باشترین چارەسەر ئەوەیە حكومەتی عێراقی پابەند بكرێت بە پێدانی كۆی موچە و بودجەی هەرێم و لە بەرامبەریشدا هەرێم بە تەواوی نەوتی خۆی رادەستی بەغدا بكات، چونكە ئێستا رێگای دیكەمان نەماوە و داهاتی ناوخۆش كەمیكردووە بۆیە بەدیلیشمان نیە چونكە دەوڵەتێكی سەربەخۆ نین كە بڵێین دەتوانین قەرزی نێودەوڵەتی بكەین ، بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە كە رێكبكەوین لەگەڵ بەغدا ".
لە وەڵامی هەبوونی زانیاری لەبارەی چۆنیەتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم، ئەو ئەندامەی لیژنەی وزەی پەرلەمانی كوردستان وتی " سۆمۆ ئاگادارە چۆن نەوتی هەرێم دەفرۆشرێت، نامەوێت لەسەر ئەوەیان قسە بكەم كە چۆن دەفرۆشرێت ".

"سۆمۆ ئاگاداری فرۆشتنەكەی نەبووە بەڵكو ئاگاداری هەناردەكردنەكەی بووە"
غالب محەمەد، ئەندامی كوردی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێكدا بە مەودای وت "كۆمپانیای سۆمۆ ئاگاداری فرۆشتنەكەی نییە بەڵكو ئاگاداری هەناردەكردنەكەیەتی، چونكە ئەم نەوتە بە بۆری دەڕواتە بەندەری جەیهان لەوێش عەمبارەكان عیراقین و بەپارەی حكومەتی عیراق دروستكراوە،لەبەرئەوە دەزانن ئەو نەوتە بۆ كوێ دەڕوات ".
وتیشی "لە راستیدا عیراق چاوپۆشی دەكات لە فرۆشتنی نەوتی هەرێم، دەتوانێت بڵێت عەمبارەكان نادەم، بەڵام خۆیان بەكاریناهێنن ،هەروەها 90 هەزار بەرمیلی نەوتی عیراقیش بەو بۆریانەدا دەڕوات و دەچێتە ئەو عەمبارانە، بەپێی راپۆرتێك كە بۆمان هاتووە لە 1 ی نیسان حكومەتی هەرێم نەوتی داوە بە 28 دۆلار، هەرێم عادەتەن لە عیراق كەمتر دەیفرۆشێت، بەڵام نازانم بە چەندە، بەڵام نەوتی عیراق بە نرخی زیاتر فرۆشتوویەتی چونكە گرێبەستەكانی پێشوەختەیە ".

ئەو ئەندامە كوردەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشكراشیكرد "كە دەڵێن نەوتی هەرێم 22 دۆلار دەكات مانای ئەوە نییە هەرێم نەوت بە 22 دۆلار دەفرۆشێت، مانای ئەوەیە كە تا نەوتەكەیان دەرهێناوە 22 دۆلاری ماوەتەوە، كە ئەمە درۆیە، چونكە كاتێك نەوت 60 دۆلاریش بوو عەلی حەمەساڵح دەیوت 22 دۆلار دەمێنێتەوە، ئەمە وانییە، ئەمان خۆیان 22 دۆلاری دەهێڵنەوە باقیەكەی دەكەنە مەسروفاتی كۆمپانیا و شتی دیكە و بە وەسڵ خەرجی دەكەن، ئێستا نەوت چەند دۆلار بێت چونكە حكومەتی هەرێم گرێبەستی پێشوەخت ناكەن، نەوت بە چەند بێت 5 بۆ 6 دۆلار لە بازاڕ كەمتر دەیفرۆشن، زۆرجار عەقدی نەوت شەش مانگ پێشتر دەكرێت، لەكاتی دابەزینیشدا دەڵێت ئەوەندە بە رێژە دابەزیوە، كاتی بەرزبوونەوەش بەو رێژەیە بەرزبووەتەوە نەك هەمووی بەرز ببێتەوە، ئەمانیش دەتوانن بە گرێبەست بیكەن بەڵام خۆیان نایانەوێت لەرێگەی كۆمپانیاوە بێت و بە گرێبەست بێت ".

جێی ئاماژەیە پێشتر د.دارا رەشید وەزیری پلاندانان هەرێم رایگەیاندبوو" حكومەتی هەرێم رۆژانە ( 435) هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی هەیە، بەمشێوەیەش داهات و خەرجی نەوتی هەرێمی خستبووەڕوو:

• داهاتی مانگێك بە (20)دۆلار ( 261 ملیۆن) دۆلارە.
• 60ملیۆن دۆلار بۆ رۆز نەفت.
•  30 ملیۆن بۆ توركیا بۆ گواستنەوە.
•  50 ملیۆن قەرزی توركیا.
•  120 ملیۆن دەمێنێتەوە (50%) بۆ كۆمپانیاكان.
• هەرێم تەنها (60 ملیۆن) دۆلاری بۆ دەمێنێتەوە.

  ئێستا نەوت نرخەكەی لە بازاڕە جیهانییەكان لە 40 دۆلار كەمتر نییە، بەوپێیەش بێت داهاتی حكومەتی هەرێم زیاتر بووە، هەرچەندە نزیكەی پێنج بۆ شەش دۆلار كەمتر لە حكومەتی عیراق دەیفرۆشێت.

"بەهەدەردان هەیە لەمەسەلەی گواستنەوە و سیكوریتی نەوت"
بیلال رەئوف، شارەزایی بواری ئابووری لە لێدوانێكدا بۆ مەودا میدیا وتی "نەوت فرۆشتن زۆرجار بە رۆژانە نییە، وەك دەوترێت رۆزنەفت بۆری نەوتی هەرێمی كڕیوەتەوە ، رەنگە نەوتەكەشی بەشێوەی نرخی رۆژ كڕیبێت نەك نرخێكی جێگیر، بەشێوەیەك لە %5 ی ئەو فرۆشە بۆ رۆزنەفت بێت واتە مەرج نیە هەموو نەوتەكە رۆزنەفت بیكڕێت و بیخاتە بازاڕەوە ئەو یەك ملیار دۆلارەشی رەنگە بۆ ئەوە دابێت كە لە %5 ی نرخی نەوت بۆ خۆی بێت لەماوەی ساڵەكەدا، بەڵام گرێبەستەكانی هەرێم ناڕوونە چونكە ئەگەر گرێبەستی فرۆشتنی نەوتی پێشوەختە دەكات كەواتە دەبوو ئێستا كێشەی پارەی داهاتی نەوت سەریهەڵنەدایە ".

وتیشی " ئەگەر حكومەتی عیراق بە نمونە وەربگرین، لەگەڵ هەر كۆمپانیایەك رێككەوتبێت لە %5 یاخود %6 ی داهاتی نەوتی داوە بە كۆمپانیاكان، بەڵام حكومەتی هەرێم چونكە پەلەی بوو لە گرێبەستەكان وە گرێبەستەكانیش نایاسایی بوون، بە رێژەی %30 بۆ %40 گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیاكان كردووە، ئەو كۆمپانیایانەش زیاتر ئەو جۆرە گرێبەستانە لەگەڵ شوێنێك بەوشێوەیە دەكەن كە نائارامی تێدایە چونكە جۆرێكە لە ریسك بۆ ئەوان، كە دەڵێین نائارامی مەبەست لێی یاسایی بوون یان نایاسایی بوونیەتی، بۆنمونە ئیكسۆن مۆبیل لە بەسرە گرێبەستی لەگەڵ عیراق كردووە بە رێژەی %6 بەڵام لە هەرێم كردوویەتی بەڕێژەی %35 ئەمەش جۆرێكە لە بەهەدەردانی سامانی هەرێم، هەروەها حكومەتی هەرێم خۆی دانی پێدادەنێت كە نەوتەكەی بە 10 دۆلار كەمتر دەفرۆشێت، ئەمە جگە لەوەی هەرێم نەوتەكەی لە بازاڕی جیهانیدا قاچاغە، نەوتی قاچاغیش لە زۆر وڵات هەیە،بەڵام من پێموایە ئەوەی هەرێم زۆر پەیوەندی بە قاچاغ بوونەكەیەوە نییە، بەڵكو حكومەتی هەرێم گرێبەستێكی هەیە لەگەڵ توركیا كە بۆ هەر بەرمیل نەوتێك 10 دۆلار دەداتە ئەو وڵاتە، هەروەها لە هەرێم بەهەدەردانیش هەیە لەمەسەلەی گواستنەوە و سیكوریتی نەوت، لەكاتێكدا چەند لیوایەكی پاراستنی نەوت و گازمان هەیە ئەمەش حیلەیەكی یاساییە بۆ بەهەدەردانی پارە و گەندەڵی كردن تێیدا ".
بیلال رەئوف پێی وایە" هەتا كۆتایی ئەمساڵ نرخی نەوت بەوشێوەیە بەرز نابێتەوە كە بگاتەوە بە پێش رێوشوێنەكانی كۆرۆنا ئەگەر لەو ڤایرۆسەش رزگاری ببێت جیهان، پێموایە لەمساڵدا لە 35 بۆ 40 دۆلار تێناپەڕێت".

راپۆرتی ساڵی 2019 ی دیلۆیت
پێشتر ئەنجومەنی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری نەوت و گاز، داتا و زانیاریی پشتڕاستكراوی لەلایەن كۆمپانیای جیهانی دیلۆیت (Deloitte) دەربارەی هەناردە، بەكاربردن و خەرجی و داهاتەكانی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ‌ ماوەی ساڵی 2019 خستەڕوو.
بەگوێرەی راپۆرتی ساڵی 2019 ی دیلۆیت، لە ساڵی 2019، 170 ملیۆن و 977 هەزار و 784 بەرمیل نەوت هەناردە كراوە و لەناوخۆ بەكارهاتووە.
دیلۆیت ئاماژەی بەوەشكردووە، نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی هاوردەكراوە بە تێكڕای گشتی، 52 دۆلار و 37 سەنت بووە، هەروەها، داهاتی تەواوی بەرهەمە نەوتییەكە، بە لابردنی خەرجییەكان، چوار ملیار و 515 ملیۆن و 421 هەزار و 625 دۆلار بووە.

تا پێش ساڵی 2014 حكومەتی هەرێم بەشێوەیەكی گشتی 57 گرێبەستی هەبووە
لەلایەكی دیكەوە رێكخراوی دۆر بۆ زانیاری نەوتی كوردستان، كۆمەڵێك راسپاردە و پێشنیاز ئاڕاستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دیوانی چاودێری دارایی كردووە لەبارەی "وردبینكردنی گرێبەستەكانی نەوت"ەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەكەی ڕێكخراوی دۆر بۆ زانیاری نەوتی كوردستان، پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبێ جیاوازی و بەیەك پاكێج هەموو گرێبەستەكان بخاتە بەردەستی دیوانی چاودێری دارایی نابێت هیچ گرێبەستێك ببوردرێت لە وردبینیكردن، بەتایبەت دۆر مەبەستیەتی "گرێبەستی 50 ساڵەی هەناردەكردنی نەوت، 25 ساڵەی غازی سروشتی، رۆزنەفت، گرێبەستی ئەمباركردن و هەناردەكردنی "تی پكۆ"، گرێبەستی فرۆشتن" بخرێتە بەردەستی تیمەكەی دیوانی چاودێری دارایی، چونكە زۆترین گومان لەسەر ئەم گرێبەستانەیە.

هەر بەگوێرەی راپۆرتەكە، دوای وربینكردنی تیمی"رێكخراوی دۆر بۆ زانیاری نەوتی كوردستان بۆ بەشێك لە گرێبەستە نەوتییەكان، دەركەوت "ئاڵوگۆڕ" لەپشكی حكومەتی هەرێم و كۆمپانیاكان روویداوە، بەجۆرێك لەهەندێك شوێن پشكی كۆمپانیاكان هێندە زیادە چاوپۆشی لێناكرێت، چونكە پشكی كۆمپانیاكان بووە بە %80، پشكی حكومەتی هەرێمیش بووە بە 20%، لەبارەی سروشتیدا پشكی كۆمپانیاكان دەبێت 20% بێت.
وریا هەورامی، بەڕێوەبەری رێكخراوی دۆر بۆ زانیاری نەوتی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە "هەموو گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێم "بەرهەمێنانی هاوبەشە" سروشتی گرێبەستی "بەرهەمێنانی هاوبەش" وایە تاكەكەس دەتوانێت ئاڕاستەیان بكات، بۆیە  ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەكان بەرپرسیارە لەبارەی ناوەڕۆكی گرێبەستەكانەوە، بۆیە گرنگە حكومەتی هەرێمی كوردستان ناوبراو بانگهێشتی كوردستان بكاتەوە بۆ ئەوەی وەڵامی لیژنە پەیوەندیدارەكانی دامەزراوەكانی چاودێری بداتەوە ".

رێكخراوی دۆر پێی وایە، جێگەی پرسیارە كەرتی نەوتی هەرێمی تا پێش ساڵی 2014 بەشێوەیەكی گشتی 57 گرێبەستی هەبووە، بەپلەی یەكەم (دی ئێن ئۆ، وێنسترین زاگرۆس، گنەڵ ئینێرجی توركی، مۆڵی هەنگاری، ئیم ئۆڤی نەمساوی، كەی ئین ئۆسی كۆری)سودی یەكەم و دوومیان لێوەرگرتووە، بەڵام دوای ئەوە كۆمپانیای گنەڵ ئینێرجی توركی لە 14ی گرێبەستی هەرێمی كوردستان ناوی هەیە و بووە بە یەكەمی بێ ركابەر.

بەڕێوەبەری رێكخراوی دۆر بۆ زانیاری نەوتی كوردستان، "جەخت لەسەر ئەوەدەكاتەوە تیمی رێكخراوی دۆر بۆ زانیاری نەوتی كوردستان كە لە ساڵی 2014وە 26 راپۆرتیان لەبواری نەوت و غازی سروشتی بڵاوكردووەتەوە، ئامادەن وەكو پاشكۆی وربینكردن ئاسانكاری و هاوكاری پێشكەشی دیوانی چاودێری دارایی بكەن ".



Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان