عیراقی
پێشمەرگە و سوپای عیراق لەسەر كاركردنی هاوبەش رێكدەكەون
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
وتەبێژی رەسمی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق رایگەیاند لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە رێككەوتوون پێكەوە لە ناوچەكانی كێشە لەسەر كاربكەن و بۆ ئەو مەبەستەش سەرەتای هاوكارییەكانیان دەستپێدەكەن.
یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی رەسمی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك دەڵێت "هاوكاریی سەربازیی باش لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی بۆ ئاڵوگۆڕكردنی زانیاریی هەواڵگری هەیە".
بەپێی لێدوانی لیوا یەحیا رەسوڵ "هاوكارییە هاوبەشەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و كۆتاییهێنانە بە چالاكییەكانیان كە ماوەیەكە دەستیانپێكردووەتەوە".
سەبارەت بە كاری هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق، وتەبێژەكەی سوپای عیراق نووسیویەتی "رێككەوتووین بۆ دروستكردنی ناوەندی كاری هاوبەش لەنێوان فەرماندەیی پرۆسە هاوبەشەكان و دەزگاكانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بۆ ئاڵوگۆڕكردنی زانیاری لەبارەی رێكخراوی تیرۆریستی داعش و چالاكییەكانیان".
خ.غ