ئابووری

وەزارەتی كشتوكاڵ گرێبەستی لەگەڵ دوو كۆمپانیا بۆ كڕینی گەنمی جوتیاران واژۆ كرد

مەودا میدیا - سلێمانی |


وەزارەتی كشتوكاڵ گرێبەستی لەگەڵ دوو كۆمپانیا بۆ كڕینی گەنمی جوتیاران واژۆ كرد
 مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەگەڵ دوو كۆمپانیا گرێبەستێكیان بۆ كڕینی گەنمی جوتیاران واژۆكرد، كە بڕیارە لە ناوخۆدا بەكاربهێنرێت و ئەو بەرهەمانەی لە ناوخۆ بەرهەم دەهێنرێت، هاوردەكردنیان قەدەغە بكرێت.

حسێن حەمەكەریم،  وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەمڕۆ لە شاری هەولێر  بە ئامادەبوونی دوو كۆمپانیا و نوێنەری دەستەی وەبەرهێنان و وەزیری كشتوكاڵ، گرێبەستی كڕینەوەی بەرهەمەی تەواوی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ دوو كۆمپانیاكە واژۆ كرا".

هەر لەوبارەیەوە، بێگەرد تاڵەبانی،  وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "پرۆژەی بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیاران پڕۆژەیەكی ستراتیژییە، لە قۆناغی یەكەمدا 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران لەلایەن كەرتی تایبەت دەكڕین و بەسەرپەرشتی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، ئەو گەنمە بۆ ماوەی ساڵێك بۆ دروستكردنی ئارد بە هەموو جۆر و پلەكانی، ساوەر، بڕووێش، گەنمەكوتاو.. بەكاردەهێنرێت، هەروەها هەموو ئەو بەرهەمانە قەدەغە دەكرێت لە دەرەوە هاوردە بكرێن".

وەزیری كشتوكاڵ وتیشی  "سەرمایەی پڕۆژەكە سەدان ملیۆن دۆلارە و هەزاران هەلی كار دەڕەخسێنێت، پشكی سەرەكی هەلی كارەكان بۆ دەرچووانی بەشەكانی كشتوكاڵییە، هەروەها ئاشی تایبەت دادەمەزرێت و بۆ ئاردی سفر و لە كیسنانی بەرهەمەكانی گەنم بۆ بازاڕەكان، نرخی بەرهەمەكان لەلایەن حكومەتەوە دیاری دەكرێت و حكومەت خۆی زەوی دابین دەكات، لەگەڵ بنەتۆ و نرخی كڕینەوەی گەنم دیاری دەكات و چاودێری كۆی پرۆسەكە دەكات، هەروەها ناوەڕۆكی ئەو پڕۆژەیە بەپێی یاسای وەبەرهێنان دەبێت".

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان