عیراقی

حكومەتی عیراق وەڵامی راگەیەندراوەكەی حكومەتی هەرێم دەداتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


حكومەتی عیراق وەڵامی راگەیەندراوەكەی حكومەتی هەرێم دەداتەوە
مەودا میدیا - سەركۆ جەمال

وەزارەتی دارایی حكومەتی عیراق وەڵامی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم دەداتەوە، رایدەگەیەنێت حكومەتی عیراق نەرمی زۆری نواندووە بۆ رێككەوتن راگەیەندراوەكەی حكومەتی هەرێمیش بە ناڕاست ناودەبات.

لە راگەیەندراوێكدا وەزارەتی دارایی حكومەتی عیراق وەڵامی راگەیەندراوی ئەمڕۆ حكومەتی هەرێمی دایەوە، كە حكومەتی عیراق بەوە تۆمەتبار دەكات سەرەرای ئەوەی هەموو ئامادەییەكیان بۆ رێككەوتن نیشان داوە، بەڵام ئامادەنین مووچە و بودجە و شایستە داراییەكانی هەرێم بنێرن.

لە راگەیەندراوەكەی حكومەتی عیراق دا هاتووە "وەزارەتی دارایی سەرسوڕمانی خۆی نیشان دەدات لەو راگەیەندراوەی حكومەتی هەرێم، هەر لە سەرەتاوە حكومەتی عیراق ئامادەبووە بەپێی دەستوور مافەكانی خەڵكی هەرێم بدات، گرەنتی مافەكانیشیان بكات، بەتایبەت دوای ئەوەی داواكاری زۆرێك لە فەرمانبەرانی هەرێممان پێگەیشت".

 دەقی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دارایی عیراق

وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە سەرسوڕمانەوە دەڕوانێتە ئەو بەیاننامەیەی كە دەربارەی ئاكامی گفتوگۆی پێوەست بە گوژمە داراییەكان و رێكخستنی داهاتە فیدراڵییەكان و دەروازە سنوورییەكانە لە نێوان حكومەتی فێدراڵ و حكومەتی هەرێمدا، ئەمڕۆ، رۆژی چوارشەممە، 12/8/2020، لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە دەرچووە. 
وەزارەتەكەمان دووپاتی دەكاتەوە كە گفتوگۆكان مەودایەكی باشیان بڕیوە و، هەر لە سەرەتای گفتوگۆكانیشەوە، حكومەتی فێدراڵ لە روانگەی پەرۆشیی بۆ مافەكانی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان و زامنكردنی پێدانی مووچەكانیان، سەرچاوەی هەڵگرتبوو. بەتایبەتی كاتێك دەركەوت كە ئەو گوژمە داراییانەی نێردرابوون بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم، بە هەموو موستەحەققانی نەگەیشتبوو. لەپاڵ ئەمەشدا داواكاریی ئیمزاكراوی دەیان هەزار فەرمانبەری هەرێم گەیشت بە وەزارەتەكەمان كە تێیدا داوا دەكەن مووچەكانیان راستەوخۆ ببەسترێنەوە بە رێوشوێنە بانكییەكانەوە.
وەزارەتی دارایی فیدراڵ پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت كە بەیاننامەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان وردەكاریی پێویستی نەنواند لە دیاریكردنی بنەمای كێشەكەدا، بە تایبەتی كاتێك كە حكومەتی فێدراڵ نەرمییەكی گەورەی نواند بۆ ئاسانكردنی گەیشتن بە رێككەوتنێك كە خزمەتی گەلی كوردستانی عیراق بكات. لە هەمان كاتدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكەین كە حكومەتی فیدراڵ، لە چوارچێوەی مافی دەستوورییدا بۆ كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكان و چاودێریی هاوردە و بڕی گومرگ، ئەو پرانسیپی هاوبەشییەی خستە روو كە لە ماددەی 114 (یەكەم) دا هاتووە دەربارەی كۆنترۆڵكرنی چاودێریی دەروازە سنوورییەكانی هەرێم.
لەم بارەیەوە دەكرێت ئاماژە بەوە بدەین كە حكومەتی هەرێم نەرمیی پێویست بۆ چارەسەركردنی ئەم بابەتەی نەنواند و دواتریش هەوڵی دا باری گلەیی دەربارەی گوژمە داراییەكان بخاتە ئەستۆی حكومەتی فیدراڵ پێش ئەوەی بابەتی داهاتەكان یەكلا بكاتەوە. ئەمەش لە بەرامبەر پەرۆشیی حكومەتی فیدراڵ بۆ بەدیهێنانی خواستی فەرمانبەران و خانەنشینان و موستەحەققان، خۆدزینەوەیەكی قبوڵنەكراوە لە بەرپرسیاری لە چوارچێوەی رێوشوێنە یاساییەكان، بە جۆرێك كە نەبنە مایەی لێبڕین و بەفیڕۆدانی مووچەكانیان.
ئەو بنەمایەی كە لە چوارچێوەیاندا گفتوگۆكان دەستیان پێكرد، بریتی بوو لە نوسراوی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە ژمارەی 802 لە رۆژی 19/5/2020 دا. كە تێیدا هاتبوو وەزارەتی دارایی بڕی 400 ملیار دیناری عیراقی بۆ مانگی نیسان دەنێرێت و كۆبوونەوەی چڕ وپڕ دەست پێدەكات بۆ گەیشتن بە رێكەوتنێكی یەكلاكەرەوە، لە ماوەی مانگێكدا، لە نێوان هەردوولادا. ئەمەش بە پشتبەستن بە یاسای ئیدارە خۆجێییەكان وەك بنەمایەك و لە چوارچێوەی هەژماركردنی داهاتەكانی هەرێم، جگە لە كەرتی نەوت، و پێداچوونەوەیان پێش ئەوەی هەر گوژمێكی دارایی نوێ بنێردرێت.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ئەمانە رەزامەندیی دەربڕی لە نوسراوێكدا لە لایەن وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستانەوە بە ژمارە 201 لە رۆژی 19/5/2020دا.
وەزارەتی دارایی دووپاتی دەكاتەوە كە حكومەتی فیدراڵ پەرۆشە بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی یەكلاكەرەوەی ئەم بابەتە لە كەش و هەوایەكی دۆستانە و لە چوارچیوەی دەستووردا. هەروەها ئاماژە بە رێنماییەكانی بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، موستەفا كازمی دەكات كە جەختی كردۆتەوە لەسەر گەیشتن بە چارەسەری پێویست و دەربڕینی نەرمیی ئەوتۆ كە مافەكانی گەلی كوردستان بەدەست بێنێت، كە بە دەست بارودۆخی تەندروستی و ئابووریی دژوارەوە ،بەتایبەتی توێژی مووچەخۆران و خانەنشینان و موستەحەققان، دەناڵێنن.
لەم رووەوە داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین كە لە بەجێهێنانی پابەندییەكان و ئەركە دەستوورییەكانی پەلە بكات و بگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی وتووێژ لە پێناوی خزمەتی بەرژەوەندیی گشتیدا.
وەزارەتی دارایی عیراق



Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان