راپۆرت

چی لەناوچەكە دەگۆڕێت؟ - رێككەوتنی ئیمارات و ئیسرائیل و كاردانەوەكان

مەودا میدیا - سلێمانی |


 چی لەناوچەكە دەگۆڕێت؟ - رێككەوتنی ئیمارات و ئیسرائیل و كاردانەوەكان
هێمن سەعید- ئینستتیوتی نارین

سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەرێگەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیەوە رێكەوتنی ئاشتی نێوان ئیمارات و ئیسرائیلی راگەیاند و بە رێككەوتنێكی" مێژوویی" ناوی برد،  وتی" رێككەوتنەكە دەبێتە هۆی هێنانەكایەی ئارامی بۆ ناوچەكە".

ئاشكرایە رێككەوتنەكە بە دەستپێشخەری و چاودێری ترەمپ بوو، بنیامین ناتانیاهۆ و محەمەد بن زاید و دۆناڵد ترەمپ لەرێگەی تەلەفۆنەوە قسەیانكردووە و دوا تێبینی خۆیان لەسەر رێككەوتنەكە داوە بەیەكتر.
پاش كەمێك لە راگەیاندنی رێككەوتنەكە، شێخ محەمەد بن زاید ئال نهیان، شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تویتەر رایگەیاند" رێككەوتنی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل بۆ كۆتایهێنانە بە خستنەسەر زەوی فەلەستینی بۆ سەر ئیسرائیل". هەروەها رێككەوتنەكەشی بە رێككەوتنێكی دوانەیی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوانیان ناوبرد، لەبەرانبەردا، بینیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رێككەوتنەكەی بە" رێككەوتنێكی مێژوویی" ناوبرد و راگەیاندنی وڵاتەكەشی رێككەوتنەكەی بە "رۆژێكی گەورە بۆ ئاشتی" ناوبرد.

ئیسرائیل راهێنان بە سوپای ئیمارات دەكات

رێككەوتنی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات لەم كاتەدا ئەگەرچی پێشوەختە بوو، بەڵام لەناكاو(Surprises) نەبوو، چونكە ماوەی زیاتر لە ساڵێكە ئیمارات و ئیسرائیل پەیوەندییە سیاسی و سەربازییەكانیان زۆر پەرەپێداوە تا ئاستی ئەوەی لەئێستادا سوپای ئیمارات لەلایەن ئیسرائیلەوە راهێنانیان پێدەكرێت، تەنانەت ئیسرائیل هاوكاری هێزە ئاسمانیەكانی ئیمارات دەكات بۆ لێدان لە نەیارەكانی لە لیبیا و سوریا و یەمەن.

ئیمارات دەبێتە پۆلیسی ئیسرائیل لەناوچەكە

پێش 24 كاتژمێر لە راگەیاندنی رێككەوتنەكە، یوسی كۆهین، سەرۆكی مۆساد لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنی رایگەیاند"ئیمارات پۆلیسی ئیسرائیلە و پەیوەندیمان لەگەڵیان دەبێتە هۆی گەرەنتی دابینكردنی پاراستنی ئاسایشمان". هەروەها پێشتریش ئەوەی راگەیاندبوو سەبارەت بە بەرزبوونەوەی گرژیەكانی ئەم دواییەی سەر كەرتی غەززە ئیسرائیل پەیوەندی بە گەورە سەركردەكانی ئیماراتەوە كردووە.

رێككەوتنەكە دەبێتە كابوس بۆ ئێران

براین هۆك، نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ ئاشتی سەبارەت بە رێككەوتنەكە وتی "رێككەوتنی ئاشتی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل بە چاودێری ترەمپ دەبێتە كابوس بۆ ئێران و وتیشی ئێران تاكە دەوڵەتێكە بەهۆی رێككەوتنی نێوان ئیسرائیل و عەرەب بسوتێت.
هۆك وتیشی "ترەمپ بەو رێككەوتنە دەسكەوتێكی مێژوویی بۆخۆی تۆماركرد، هەروەها وتیشی" رێككەوتنەكە سەركردایەتی نوێ دەهێنێت بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران تووشی گرفتی گەورە دەكاتەوە".
لەبەرانبەردا، حوسێن عەبدولئیلاهیان "یاریدەدەری سەرۆكی پەرلەمانی ئێران رێككەوتنەكەی بە هەڵەیەكی ستراتیژی ناوبردووە، كە ئیمارات ئەنجامیداوە".

میسر پاڵپشتی رێككەوتنەكە دەكات
عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆكی میسر پێشوازیەكی گەرمی لە رێكەوتنە كرد و لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند" بەگرنگی و بایەخی زۆرەوە لە راگەیاندنی بەیانی هاوبەشی سێ قۆڵی نێوان ئەمەریكا و ئیسرائیل و ئیماراتی برام دەروانین بۆ رێگریكردن لە خستنە سەر زەوی فەلەستنی بۆ سەر ئیسرائیل".
هەروەها وتیشی" رێككەوتنەكە بەرئەنجامی هەوڵێكی زۆرە بۆ بەرەوپێشچوونی یٔاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

مەحمود عەباس داوای كۆبوونەوەی بەپەلە دەكات

ئاژانسی هەواڵی فەرمی فەلەستینی(وەفا) رایگەیاند"دوای راگەیاندی رێككەوتنی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات بەچاودێری ئەمەریكا، مەحمود عەباس، سەرۆكی فەلەستین داوای كۆبوونەوەی بەپەلەی كردووە بۆ گفتوگۆكرن لەسەر راگەیەنراوی بەیانی هاوبەشی نێوان ئەمەریكا و ئیسرائیل و ئیمارات".

ئاشكرایە، رێككەوتنەكە هێز و ئاراستەی هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەراست دەگۆڕێت، گورزێك دەبێت بۆ ئێران و هاوپەیمانە شیعییەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست لەلایەك و توركیا و هاوپەیمانە ئیخوانەكانی لە ناوچەكە، لەلایەكی دیكەوە چاوەڕوانكراویشە ئەم بەرەیە لە داهاتوویەكی نزیكدا دژایەتی خۆیان بۆ رێكەوتنەكە رابگەیەنن، لەبەرانبەردا بەرەی عەرەبی زیاتر وەك، سعودیە و میسر خۆشحاڵ دەبن بەرێكەوتنەكە و پشتیوانی دەكەن. 
سەبارەت بە فەلەستین، پرسی فەلەستینیەكان لە پرسێكی نیشتمانیەوە گۆڕا بۆ پرسێكی سەپەرشتیكراو لەلایەن دۆستە سامیەكانیەوە كە پێدەچێت نارەزایەتی خۆیان دەربڕن سەبارەت بەڕێكەوتنەكە.

س.ج

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان