راپۆرت

کارگەكانی چەو و لم روباری سیروانیان ناشیرین كردووە و داوای لابردنیان دەكرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


کارگەكانی چەو و لم روباری سیروانیان ناشیرین كردووە و داوای لابردنیان دەكرێت
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

هەبوونی کارگە و غەسالەکانی چەو و لم لەسەر روباری سیروان بووەتە هۆی ناشیرین بوونی سیمای روبارەکە و زیانی ژینگەیی بە ناوچەکە گەیاندووە، بەڕێوەبەری دارستان و پاوانەکانی گەرمیانیش رادەگەیەنێت، بوونی ئەو غەسالانە چەند زیانبەخشن ئەوندەش سوودی هەیە بۆ دانیشتووانی ناوچەکە، هەروەها خاوەنی کارگەیەکیش دەڵێت "دەبوو حکومەتی هەرێم بەرنامەی هەبوایە بۆ ئەم کارگە و غەسالانە پێش ئەوەی زیان بە ژینگە و رووباری سیروان بگەیەنێت".

"کەمپینەکە بە سێ قۆناغ بەڕێوەدەچێت"
سۆران نەریمان، یەکێک لە رێکخەرانی کەمپینی لابردنی غەسالەکانی چەو و لمی سەر روباری سیروان بە مەودا میدیای راگەیاند "ئێمە وەک کۆمەڵێک خەڵکی خەمخۆری ژینگەی دەڤەری گەرمیان هەستاین بە راگەیاندنی کەمپینێک لە سۆشیال میدیا بە هاشتاگی لابردنی غەسالەکانی سەر روباری سیروان".

نەریمان ئاماژەی بەوەشکرد "ئێمە داوا دەکەین ئەو غەسالەی چەو و لم و چیمەنتۆیانەی سەر روباری سیروان لاببرێت، چونکە هۆکارێکن بۆ تێکدانی ژینگەی ناوچەکە و ووباری سیروان"، ئەوەشی خستەڕوو "ئێمە هەڵمەتەکانمان بە سێ قۆناغ ئەنجام دەدرێت، ئەوانیش یەکەم لە سۆشیال میدیا، دواتر کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، پاشان رێگای فشاری مەدەنیانە دەگرینەبەر".

"کارگەی چەو و لمەکان زیانی بۆ رووباری سیروان هەیە"
رەئوف محەمەد قادر،  خاوەنی کارگەی چەو و لمی سیروان لە گەرمیان بۆ مەودا میدیا دواو وتی  "دەبوو حکومەتی هەرێمی كوردستان بەرنامەی هەبوایە بۆ ئەم کارگە و غەسالانە پێش ئەوەی زیان بە ژینگە و روباری سیروان بگەیەنێت، هەروەها دەبێت رێگە چارە بدۆزرێتەوە بەرهەمهێنانی چەو و لم بهێنرێتە بازاڕەوە، چونکە ئەو چەو و لمە پێدوایستین بۆ ئەنجامدانی پرۆژەکان".

ئاماژەی بەوەشدا "کارگەی چەو و لمەکان زیانی بۆ روباری سیروان هەیە، بەڵام ئەوەی بەرهەمهێنانی کارگەکان دەیکەن لە بیناسازی و رێگاوبانەکان بەکاردێت لە دەڤەری گەرمیان تەنیا ئەو کارگانەیە".

ناوبراو باسی لەوەشکرد "حکومەتی هەرێم دەتوانێت کە چەند شوێنێکی گونجاو هەیە ئاویان بۆ دابین بکات و ئەو کارگە و غەسالەی چەو و لمانە بگوێزرێنەوە ئەوێ، بەڵام دەبێت حکومەت قەرەبووی ئەو خاوەن کارگە و غەسالانە بکاتەوە".

"هیچ داوایەک ئاراستەی حكومەت نەکراوە"
هونەر مەحمود، بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی گەرمیان لەسەر هەمان پرس بە مەودا میدیای راگەیاند  "ئەو کەمپینەی راگەیەندراوە تەنیا لە سۆشیال میدیادایە و تاوەکو ئێستا هیچ داوایەک ئاراستەی ئێمە نەکراوە بۆ راگرتنی کاری ئەو کارگە و غەسالانەی سەر روباری سیروان"، هەروەها ئەوەشی خستەڕوو "لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی گەرمیانەوە مۆڵەت دراوە بەو کارگە و غەسالانە ئێمە تەنیا رێگەپێدانەکان دەکەین".

هونەر مەحمود وتیشی "ئەوندەی من ئاگادارم نەوت و کانزاکانی گەرمیان کاری لەسەر ئەوە کردووە هەندێک لەو غەسالانەی لابردووە گواستراونەتەوە بۆ شوێنی دیکە، بەڵام هەموو غەسالەکان نین"، تیشکی خستە سەر ئەوەش "بوونی ئەو غەسالانە چەند زیانە ئەوندەش سوودی هەیە بۆ دانیشتووانی ناوچەکە".

س.س
Qaiwan
Qaiwan