راپۆرت

ناكۆكییە ئاوییەكان لەسەر دەریای چینی باشوور

مەودا میدیا - سلێمانی |


ناكۆكییە ئاوییەكان لەسەر دەریای چینی باشوور
ئەنیستتیوتى نارین، مەودا میدیا- هێمن سەعید

دەوڵەتانی ناکۆک لەسەر دەریای چینی باشوور بریتین لە "چین، ڤێتنام، فلیپین، تایوان، مالیزیا و برۆنای". ئەم دەوڵەتانە چەندین سەدەیە باڵادەستن بەسەر ئەو ناوچەیەدا، بەڵام لەم دواییەدا لەسەر دەریای چینی باشوور گرژییەکانی نێوانیان زیادیکرد.

چین لای خۆیەوە دەیەوێت بەشێکی فراوانی دەریاکە بخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە لە رێگەی دروستکردنی چەند دوورگەیەکى دەستکرد و ئەنجامدانی مانۆڕی ئاوی لە دەریاکە. دەوڵەتانی هەرێمی ناوچەکەش ئەو کارەی چین بە بەزاندنی سەروەریی خاکی خۆیان دەزانن.

هۆکاری ناکۆکییەکە چییە؟
ناکۆکییەکان لەسەر دەریای چینی باشوور لە بنەڕەتدا لەسەر سەروەریی ئاوی دەریاکە و زنجیرە دوورگەکانی (باراسیل و سبراتلی)یە، کە دەوڵەتانی سەر بە دەریاکە بانگەشەی موڵکداری خۆیانی لەسەر دەکەن و تائێستاش هیچ لایەنێک بە رەسمی نەیتوانیوە خاوەندارێتی راستەقینەی بکات لە رێگەی رێککەوتننامە یان بەدەستهێنانی رەزامەندی ئەوانی دیکەوە. لەلایەکی دیکە گرنگی ناوچەکە و دەوڵەمەندی بە سامانی سروشتی وایکردووە لایەنەکانی ناکۆک نەتوانن بگەنە رێککەوتنێک بۆ دیاریکردنی سنووری نێوانیان لە دەریای چینی باشوور و هەر لایەکیان هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بدات.

ئایا ئەو دوورگە بچوکە ئەوە دەهێنێت ئەو دەوڵەتانە ناکۆکییان هەبێت لەسەری؟
هەرچەندە دەوترێت هەردوو دوورگەکە و ئاوی دەریاکە ریژەیەکی زۆر یەدەگی مادەی سروشتی تێدایە، بەڵام تائێستا ئەو ناوچەیە هیچ گەڕانێکی وردی بۆ نەکراوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت، بڕێکی زۆر سامانی کانزایی تێدا بێت بە بەراورد بە ناوچەکانی دەوروبەری. لەلایەکی دیکەوە، دەریای چینی باشوور بە رێگایەکی گرنگی کەشتیوانی ناوچەکە دادەنرێت لەگەڵ هەبوونی سەرچاوەیەکی باشی سامانی ماسیی بۆ گەلانی سەر دەریاکە.

بانگەشەی دەوڵەتانی ناکۆک چییە؟
چین لە هەموو لایەنەکانی دیکە زیاتر بانگەشەی سەروەریی دەریاکە بۆ خۆی دەکات بەناوی (پلانی هێلی 9) کە لە باشوور و رۆژهەڵاتی دوورگەی هاینان درێژ دەبێتەوە بە سەدان میل تا لە باشووری چین کۆتایی دێت.

پەکین دەڵێت "خاوەندارێتی چین بۆ ئەو ناوچەیە دەگەڕێتەوە بۆ چەند سەدەیەک پێشتر کاتێک هەردوو زنجیرەی (باراسیل و سبراتلی) بوو بوو بە بەشێکی دانەبڕاو لە نەتەوەی چین". چین لە ساڵی 1974 وردەکاریی نەخشەکەی بڵاوکردەوە کە تیایدا هەردوو زنجیرەکە دەکەوێتە سنووری خۆیەوە بەتەواوی، هەروەها چین بانگەشەی ئەوە دەکات کە تایوان هەرێمێکی یاخیبووە و رۆژێک دێت بگەڕێتەوە باوەشی نیشتیمانیی دایکی.

لە بەرانبەردا، ڤێتنام بەتوندی رەتی ئەو چیرۆکە مێژوییەی چین دەکاتەوە و دەڵێت "ئەو دوورگەیە پێش ساڵی 1940 سەر بە چین نەبووە". هەروەها دەڵێت "ڤێتنام لە سەدەی حەڤدەوە فەرمانڕەوای بەسەر هەردوو دوورگەی (باراسیل و سبراتلی) کردووە و بەڵگەنامەی پێویستی هەیە بۆ سەلماندنی ئەوەش.

فلیپین یەکێکیترە کە خۆی بە خاوەنی هەردوو زنجیرەکە دەزانێت و دەڵێت "بەپێی پێوەری جوگرافی فلیپین لە هەموویان نزیکترە لە هەردوو زنجیرەکەوە".

هەریەکە لە چین و فلیپین بانگەشەی ئەوە دەکەن (دوورگەی هوانگیان) بەشێکە لە سەروەری خۆیان کە 160 کیلۆمەتر دوورە لە فلیپین و 800 کلم دوورە لە چینەوە.

هەروەها هەریەکە لە مالیزیا و برۆنای بانگەشەی سەروەریی ناوچەی دەریای چینی باشوور دەکەن و دەڵێن "دەکەوێتە ناوچەی ئابووریان بەپێی ئەوەی هاتووە لە بەڵگەنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی یاسای دەریاوانی".

بەڵام برۆنای بانگەشەی سەروەری ئەو دوورگانە ناکات کە کێشەی لەسەرە، بەڵام مالیزیا دەڵێت "دوورگەی سبراتلی سەر بە خاکی وڵاتەکەیەتی".

ئایا لایەنەکان هەوڵیانداوە بگەنە چارەسەر؟
چین هەوڵیداوە بۆ دانوستانی دوانەیی راستەوخۆ لەگەڵ لایەنەکانی دیکە، بەڵام زۆرێک لە دراوسێکانی دەڵێن "قەبارەی چین و پێگە ئابووری و سەربازییەکەی باڵادەستی پی دەبەخشێت بەسەر دانوستانەکاندا کە دەبێتە هۆی نادادپەروەری لەگەڵ لایەنەکان".

هەندێک دەوڵەت بەپێویستی دەزانن چین لەگەڵ رێکخراوی دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ئاسیا (ئاسیان) دانوستان بکات، چونکە رێکخراوی نێودەوڵەتی ئاسیان تایلاند، ئەندەنوسیا، مالیزیا، فلیپین، سەنگافورە، برۆنای، لاوس، ڤیتنام، میانمار(بۆرما) و کەمبۆدیا لەخۆ دەگرێت، بەڵام چین دژی ئەو جۆرە داواکردنەیە، چونکە چین وایدەبینێت رێکخراوەکە دابەش دەکات لەنێوانیان بۆ چارەسەری کێشەکان.

بەریەککەوتنەکانی نێوان لایەنەکانی ناکۆک
لەم ساڵانەی دواییدا بەریەککەوتن لەنێوان لایەنەکانی بانگەشەکارانی ناوچەکە روویدا کە مەترسیدارترینیان لەنێوان چین و ڤێتنامدا بوو، بەریەکەوتنەکانی نێوان فلیپین و چین هیچ لایەنێکیانی نەکردە دۆڕا و براوە سەرەڕای ئەنجامدانی توندوتیژییە مەترسیدارەکان و بەریککەوتنی چەک و چۆڵ، هەندێک لەو رووبەرووبونەوانە وەک:

- لە ساڵی 1974 چین زنجیرە دوورگەی باراسیلی داگیرکرد لە ڤێتنام کە لە رووبەڕووبونەوەکەدا زیاتر لە 70 سەربازی ڤێتنامی کوژران.

- لە ساڵی 1988 پێکدادان لەنێوان چین و ڤێتنام روویدا لەسەر زنجیرە دوورگەی سبراتلی و ڤێتنامییەکان زیانیان پێگەشت و 60 کەسیان بوویە قوربانی.

- لە سەرەتای ساڵی 2012 هەردوو بەرەی چینی و فلیپینی پێکدانی ئاوی لەنێوانیاندا روویدا کە هەریەکەیان ئەویتریانی بە شکاندنی سەروەری لە دوورگەی هانگیان تاوانبارکرد.

- لە کۆتاییەکانی ساڵی 2012 داواکارییەکی فراوان لە ڤێتنام درووست بوو دژی چین، کاتێک چین دوو ڤێتنامی وەک تۆمەتباری سەر وڵاتەکەی ناوبرد.

- لە مانگی یەکی ساڵی 2013 فلیپین رایگەیاند کە لە دژی چین سکاڵای کردووە لەبەردەم داداگای ناوبژیوانی هەمیشەیی بەپێی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەەکان دەربارەی یاسای دەریاوانی سەبارەت بە پڕوپاگەندەکانی چین.

- لە مانگی 5ی ساڵی 2014 چین هەستا بە راکێشانی هێڵی دەرهێنانی نەوتی لە ناوچەکانی دەریاکە لە نزیک دوورگەی باراسیل کە بووە هۆی چەند رووداوێک لەنێوان کەشتی ڤێتنامی و چینی.

ناکۆکییەکانی چین و ئەمەریکا لەسەر دەریاکە
ئەمریکا و چین لە زۆر بابەت ناکۆکیان هەیە و ناکۆکییەکانیشیان لە مێژینەن، بەڵام زۆرترین ناکۆکییەکانیان لەسەر هەڕەشەی رێگای بازرگانی جیهانی و ئاشتی و ئاسایشی جیهانە کە ململانێیە لەسەر دەریای چینی باشوور لەنێوان ئەمەریکا و چین کە ساڵانە 5.6 تریلیۆن دۆلار داهاتی هەیە، کە دەکاتە 40% بازرگانی جیهانی.

دەپرسین هۆکاری راستەقینەی ململانێی نێوان چین و ئەمەریکا چییە لەسەر دەریاکە؟ ئەو پاڵنەرانە چین وادەکات ئەمەریکا لە دەریای چینی باشووردا بمێنێتەوە؟
هۆکاری ناکۆکییەکان لەسەر دەریای چینی باشوور دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی چین دەیەوێت چەند دوورگەیەکی دەستکرد درووست بکات لە ناوچەیەکی دووری وشکانی بە دووری 1800 کلم لە دەریاکەوە، هەروەها چین دەیەوێت پەیمانی ساڵی 1982 بسەپێنیت کە چین بەدووری 300 کلم لە دووری خۆیەوە بکات بە سنووری خۆی، کە زۆر زیاترە لەوەی یاسای نێودەوڵەتی بڕیاری لەسەر داوە. هەریەکە لە ڤێتنام، فلیپین، سەنگافورە، ئیندەنوسیا، کەمبۆدیا و میانمار ئەو هەنگاوانەی چین رەت دەکەنەوە، ئەوەش بووە بە هۆکاری ناکۆکی هەرێمی لە ناوچەکە، پاشتر ئەمەریکا کەشتی جەنگی ناردە ناوچەکە لە نزیک دوورگەی دەستکردی چینی بەبیانوی پاڵپشتی ئەوەی کە پێی دەوترێت (ئازادی دەریاوانی)، زۆریک لە هێزە هەرێمییەکان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا دەترسن دەریای چینی باشوور ببێتە مەیدانی جەنگێکی کراوە لەنێوان ئەمەریکا و چین.

ئەمەریکا و چین هەریەکەیان یەکتری تۆمەتبار دەکەن بە بەسەربازکردنی دەریای چینی باشوور، شوێنەکە گۆڕاوە بۆ قەرەباڵغترین شوێنی جیهان لەرووی کەشتی سەربازی و مانۆڕی سەربازی بەردەوام، ئەوەش بووە بەهۆی هەڕەشە بۆ راکێشانی دەوڵەتانی ناوچەکە لەکاتی مانۆڕی سەربازی و ئابووری کە هیچ لایەکیان نایانەوێت بچنە ئەو ململانێوە، ئەمەریکا رەفتای چینی بەرانبەر دراوسێکانی بە (سەرسەریی سیاسی) دەبینێت، بەتایبەت بەرانبەر ڤێتنام و فلیپین، ئەمەریکا هیچ هەڵبژاردەیەکی لەبەردەست نییە لە دوو خاڵ نەبێت: یان دەبێت پاڵپشتی هاوبەشە هەرێمییەکانی بکات یان دەبێت دەستهەڵبگرێت لە پێگەی جیهانیی خۆی لەو ناوچە زیندووە، ئەمەریکا کاتێک هەست دەکات چین بووەتە سەربازگەی ناوچەکە و دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی پاریزگاری مەترسی لە مەوادی چینی و دەبێتە نزیککردنەوەی نرخی شمەکی چینی لە شمەکی ئەمەریکی، ناتوانێت نەبێتە بەشێک لە پارسەنگی هێزی ناوچەکە.

بەڵێ، هەستیاریی سیاسی ئەمەریکی لە مەترسی چینەوە  زیاد دەبێت، بەو ئاستەى کە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمەریکی هەر 10 کاتژمێر جارێک پەڕاوێکی لێکۆڵینەوە بۆ بابەتێکی هەواڵگریی چینی دەکاتەوە بۆ سەر بەرژەوەندی و خاکی ئەمەریکی. لەبەرئەوە واشنتۆن وابیردەکاتەوە باشترین رێگە بۆ گەمارۆدانی چین رووبەڕووبوونەوەیەتی لە ناوچە دوورەکان، بەتایبەت دوای ئەوەی چین بووە بە خاوەنی ساروخی دوور مەودا بۆ دووری 10 هەزار کلم  و دەتوانێت بگاتە خاکەکانی ئەمەریکا، ئەوەش پاڵ بە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاوە ناوە بڵێت "رێگەنادەین بە باڵادەستی چین بەسەر دەریای چنی باشوور".

ماوەتەوە بڵێین "هەڵکشانی ئابووری چین وایکردووە چین ببێتە رکابەری سەرەکی ئەم سەدەیەی ئەمەریکا، ئەو هەڵکشانەش پەیوەندیی بە چاکی یان خراپی مامەڵە و سیاسەتی ئەمەریکاوە نییە نە لە ناوخۆ و نە لە دەرەوەی، بەڵکو چین وەک تاکە دەوڵەتی بەهێزی رکابەری ئەمەریکی لە جیهاندا بووە بە ئەمری واقیع، لەو نێوەندەشدا دەوڵەتانی هەرێمی دەبنە دەسکەلای گەمەی نێوان ئەو دوولایەنە. لەلایەکی دیکەوە سەرهەڵدانی سەردەمێکی نوێ لە ململانێی ئاوی بەهۆی هەبوونی یەدەگی کانزایی و وزە، ململانێکانی وڵاتانی سەر دەریایی گواستووەتە بۆ ناو دەریاکان، دەریای سپی ناوەڕاست و دەریای چینی باشوور لە ئێستادا دوو تاکە دەریان ناکۆکی هەرێمی و جیهانی لەسەر درووست بووە، لایەنەکانی ناکۆکیش خاوەنی پێگەی ئابووری و سەربازی گەورەن و گریمانەی بەریەککەوتنی سەربازی لە داهاتوو یەکێک دەبێت لە  گریمانە بەهێزەکانی کایەی سیاسی.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

خانزاد خاتوون؛ تەوارێکی حوکمڕان

لەلایەن زوڵفان غەریب



News

غاز وەکو مۆرانەی عیراق

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد