راپۆرت

یەكێكیان دەستێوەردانەكانی ئێرانە- ئەو دۆسیە گرنگانەی كازمی و ترەمپ باسی لێدەكەن

مەودا میدیا - سلێمانی |


یەكێكیان دەستێوەردانەكانی ئێرانە- ئەو دۆسیە گرنگانەی كازمی و ترەمپ باسی لێدەكەن
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

چاودێرانی دۆخی سیاسی عیراق، ئەو چاوپێكەوتنەی نێوان مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق و دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بە زۆر گرنگ ناودەبەن، پەیوەستیشی دەكەن بە چەند دۆسیەیەكی گرنگەوە كە لەمیانی كۆبوونەوەیاندا باسی لێوەدەكرێت، یەكێك لەو دۆسیانە كوشتنی چالاكوانانی مەدەنییە لە عیراق بەتایبەت لەو ناوچانەی خۆپیشاندان و ناڕەزایی خەڵكیان بەخۆوەبینی لە باشور و ناوەڕاستی عیراق.

تیرۆركردنی چالاكوانان
چاودێران پێیان وایە، تیرۆركردنی چالاكوانانی مەدەنی، فشارێكی دووسەرەیە بۆ هەریەك لە حكومەتی عیراق و ئەمەریكا، گروپە چەكدارەكانی عیراق وەك ئەو چاودێرانە باسی لێوەدەكەن، دەیانەوێت بە كازمی بڵێن كۆنترۆڵی مەیدانی لەسەر خاكی عیراق لە دەستی حكومەتی فەرمیدا نییە، وە لایەنی سێیەم هەژموونی هەیە و دەتوانێت بڕیار بدات، بۆیە وەك چاودێران دەڵێن یەكێك دەبێت لەو دۆسیە گرنگانەی كازمی لەگەڵ ترەمپ باسی دەكەن.

دۆسیەی گروپەكانی نزیك لە ئێران
وەك رۆژنامەی نیویۆرك تایمز ئاشكرایكردووە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمەریكا بەتایبەتیش لەگەڵ مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، باسی لەدۆسیەی گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران كردووە.
ئەمەریكا ئامادەیە پشتیوانی تەواوی عیراق بكات لە دۆسیەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بەتایبەت دۆسەیی رووبەڕووبوونەوەی داعش، بەڵام دۆسیەی گرنگتر لە عیراق ئەو گروپە چەكدارانەن كە نزیكن لە ئێرانەوە و بەوتەی بەرپرسانی عیراقی لە دەرەوەی یاسا و شەرعیەتن، مایك پۆمپیۆ لەمیانی كۆنگرەی رۆژنامەوانی لەگەڵ فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق وتی "تائێستاش هەندێك كار ماوە كە دەبێت ئەنجامیبدەین ئەو گروپە چەكدارانەی لەژێر دەسەڵاتی تەواوەتی سەرۆك وەزیراندا نین لەبەردەممانن،  پێویستە ئەو گروپە چەكدارانە بگۆڕین بۆ پۆلیسی نیشتیمانی لە زووترین كاتدا بۆ ئەو مەبەستەش پشتیوانی عیراق دەكەین".
هاتنە دەنگی كازمی لەگروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران دوای ئەوە دێت كە لەماوەی هەفتەیەكدا لەعیراق حەوت چالاكوان تیرۆركران، شەشیان لەبەسڕە بوون و یەكێكیشیان لە بەغدا.
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەو تیرۆركردنانە بە رۆژی رووناك و لەناوچەی پڕ دانیشتوان بەبەرچاوی هێزە ئەمنییەكانەوە ئەنجامدراون، هێزە ئەمنییەكانیش نەیانتوانیوە هیچ یەكێك لە بكەرانی ئەو كوشتنانە دەستگیربكەن.

گفتوگۆی ستراتیژی
لەمیانی كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەیدا، وەزیری دەرەوەی عیراق لەگەڵ هاوتا ئەمەریكیەكەی، "ئاماژەی بەوەدا عیراق گرێبەستێك لەگەڵ كۆمپانیای "شیفرۆن" ی ئەمەریكی واژۆ دەكات ئەوەش بەڵگەی بوونی هەوڵی عیراقە بۆ بنیاتنانی پەیوەندی ستراتیژی دوورمەودا لەگەڵ ئەمەریكا".
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، لەزاری چەند بەرپرسێكی باڵای عیراقەوە ئاماژەی بەوەداوە، كە كۆمپانیای شیفرۆنی ئەمەریكی لە كێڵگە نەوتییەكانی پارێزگای ناسریە دەست بە دۆزینەوەی نەوت دەكەن كە پێشبینی دەكرێت نزیكەی چوار ملیار و نیو بەرمیل نەوتی خاوی تێدابێت كە ئەوەش پرۆژەیەكی ستراتیژییە بۆ هەردوولا".
لای خۆیەوە مایك پۆمپیۆ دوێنێ لەكۆنگرە رۆژنامەوانیەكەیدا لەگەڵ فوئاد حسێن وتی "ئەمەریكا بەردەوام دەبێت لەپشتیوانی عیراق لە هەموو روویەكەوە، وتیشی وڵاتەكەی بڕیاریداوە 204 ملیۆن دۆلار بۆ ئاستی هاوكارییەكانی بۆ عیراق زیادبكات".
یەكێكی دیكە لە دۆسیە گرنگەكان، رێككەوتنی ئەمنیی نێوان ئەمەریكا و عیراقە لە ساڵی 2008  بۆیە چاوەڕوان دەكرێت لەنێوان كازمی و ترەمپ زیاتر باسی لێوەبكرێت، چونكە ئەو رێككەوتنە هەمان ئەو رێككەوتنەیە كە ئەمەریكا لەگەڵ وڵاتانی ئەڵمانیا و ژاپۆن لە كۆتایی جەنگی دووەمی جیهانی واژۆی كرد، بەڵام فشاری هێزە سیاسیەكان بەتایبەت گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران مەترسی بۆ ئەو رێككەوتنە لە عیراق دروستكردووە، بۆیە دۆسیەی كشانەوەی هێزە ئەمەریكیەكان لەعیراق جێی باس دەبێت.

كوتلەیەكی پەرلەمانیی كە ئەمەریكا پشتیوانی بكات
بەپێی راپۆرتێكی سكای نیوز، چەند سەرچاوەیەكی باڵای نزیك لە سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆماری عیراق، ئاشكرایانكردووە "هەوڵەكانی ئەمەریكا بۆ ئەوەیە پشتیوانی هاوپەیمانییەكی سیاسی بكات كە هێزە میانڕەوەكانی تێدا كۆببنەوە، بۆ ئەوەی پێكەوە بەشداری هەڵبژاردنی پێشوەختی عیراق بكەن كە بڕیارە مانگی شەشی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت".
ئەو سەرچاوەیە كە نەیویستووە ناوەكەی ئاشكرا بكرێت، ئاماژەی بەوەشكردووە "یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكانی كازمی لە ئەمەریكا دەربارەی داهاتووی پشتیوانی ئەمەریكا دەبێت لەو هاوپەیمانییە سیاسییەی بەنیازە دروستی بكات، كە بەپشتیوانی نائاشكرای سەرۆك وەزیران دەبێت كوتلە شیعی و سوننی و كوردییەكانیشی تێدا دەبن، ئەویش بەو ئامانجەی هاوپەیمانییەك دروست بكەن كە دووربێت لە ئێرانەوە".

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان