راپۆرت

لوتكەی عیراق و ئوردن و میسر..عیراق بەكوێ دەگەیەنێت؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


لوتكەی عیراق و ئوردن و میسر..عیراق بەكوێ دەگەیەنێت؟
ئینستتیوتی نارین، مەودا میدیا- هێمن سەعید

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق و عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆك كۆماری میسر و شا عەبدوڵای دووەم، پاشای ئوردن لە عەممانی پایتەختی ئوردن كۆببنەوە بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێكی گرنگ لە بواری ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێنەكان و چەند پرسێكی دیكەی گرنگی هەرێمی.

رۆژی هەینی رابردوو، دیوانی پاشایەتی ئوردن لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند " لوتكەی عیراق و ئوردن و میسر، كە سێیەمین لوتكەی نێوان سەركردەكانی یٔەو 3 وڵاتەیە لە ناوەڕاستی یٔەم هەفتەیە لە عەممانی پایتەختی ئوردن دەبەسترێت". لوتكەی یەكەم لە مانگی مارسی 2019 لە قاهیرە بەسترا و لوتكەی دووەم لە مانگی سێپتەمبەری 2019 لە نیۆرك بەسترا.

لەلێدوانێكیدا  بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی عیراقی(واع)، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراقی رایگەیاند "كۆبوونەوەی ئەمجارەمان بۆ تەواوكردنی گفتوگۆكانی حكومەتی پێشووە لەگەڵ وڵاتی ئوردن و میسر كە لە قاهیرە كرا". هەروەها وتیشی "دیدارەكەی عەممان بۆ پێشخستنی پەیوەندییە سیانییەكانی نێوان هەر سێ وڵاتە لەرووی ئابووریەوە وە دەبێتە هۆی پێشخستنی ناوچەكەش".

بەپێی لێدوانی بەرپرسێكی ئوردنی بۆ ئاژانسی(العربیە الجدید) رایگەیاند "ئوردن و عیراق گفتوگۆ دەكەن بۆ راكێشانی هێڵی بۆری نەوتی(بەسرە- عەقەبە) بۆ گواستنەوەی نەوتی عیراقی بۆ ئوردن"،  هەروەها وتیشی "عیراق و میسریش رێكەوتنی بازرگانی مۆر دەكەن بۆ هەناردەی رۆژانە".

ئوردن دەیەوێت لەرێگەی راكێشانی بۆری نەوتی بەسرە - عەقەبە پێداویستییە ناوخۆییەكانی لە بواری وزە پڕبكاتەوە بەتایبەت بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی سوتەمەنی بۆ وێستگەی كارەبای وڵاتەكەی. لەو لاشەوە میسر بەنیازە كۆمپانیاكانی بنێرێتە وڵاتی عیراق بۆ وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانیش فراوانتر بكات لەگەڵ عیراقدا.

هەروەها، بەگوێرەی ئاژانسە عەرەبییەكان، لە دیدارە سیانییەكەدا، میسر و عیراق بەجیا گفتوگۆ دەكەن لەبارەی پرسی تیرۆر و گیراوە میسریەكان لە عیراق و گۆڕینەوەی زانیاری ئەمنی لە نێوان هەرسێ وڵات، عیراق و ئوردنیش بەجیا گفتوگۆ دەكەن لەسەر پرسی سنور بەدرێژایی سنووری عیراقی- ئوردنی بۆ رێگیركردن لە هاتووچۆ و مانەوەی تیرۆر لە ناوچە سنوریەكانی نێوان هەردوو وڵات، عیراقیش لای خۆیەوە بەنیازە لەگەڵ هەردوو وڵات تاوتوێی بەرەوپێشچونە سیاسیەكانی ئەم دواییەی ناوچەكە بكات بەتایبەت پرسی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی یٔیمارات و ئیسرائیل.

عیراق، لەم دیدارەدا زیاتر تیشکی لەسەر مەلەفی ئەمنی وڵاتەكەیەتی لەگەڵ ئوردن، بەتایبەت پرسی تیرۆر و ناسەقامگیری وڵات، بڕیارە كازمی دوو بەدوو لەگەڵ شا عەبدوڵا باس لە ناسەقامگیری ناوچەكانی سەربە پارێزگای ئەنبار بكات كە بووەتە جێگە مۆڵگەی تیرۆریستان و هاتوچۆكردنیان لە سنورەكانی نێوان هەردوو وڵات.

بڕیاربوو مستەفا كازمی سەردانی ئیمارات بكات بۆ تاوتوێكردنی هەندێك مەلەفی ئەمنی و سیاسی و ئابووری، بەڵام بەهۆی راگەیاندنی لەناكاوی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان یٔیمارات و ئیسرائیل، حكومەتی عیراقی بڕیارەكەی هەڵوەشاندەوە و سەردانەكەی دواخست بۆ كاتێكی نادیار، وابڕیارە لە كۆبونەوەی كازمی لەگەڵ سیسی و شاعەبدوڵا گرنگترین بەرەوپێشچونە هەرێمیەكانی ئەم دواییە تاوتوێ بكات بەتایبەت پرسی رێكەوتنی ئیمارات و ئیسرائیل و چارەنوسی فەلەستینیەكان لەو نێوەندەدا.

عیراق، بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا و قەیرانی دارایی كە بووە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت، تووشی قەیرانێكی قوڵی ناسەقامگیری ئابووری و سیاسی بووەتەوە كە حكومەتەكەی ناچاركردووە بیر لە فرە رەهەندی پەیوەندییەكانی بكاتەوە بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە وێرانكەرەی تێی كەوتووە، هەربۆیە سەردانیكردنی مستەفا كازمی بۆ سعودیە كە بڕیار بوو پێش سەردانەكەی بۆ واشنتۆن و ئێران ئەنجامی بدات بۆئەوە بوو كە دووبارە دەروازەی سنووری عەرعەر لە نێوان هەردوو وڵات بكاتەوە. 

 جێگەی ئاماژەیە، هێلی بۆری بەسرە - عەقەبە بۆ گواستنەوەی نەوتی خاوی بەسرە بۆ شاری عەقەبەی ئوردن درێژیەكەی 1700 كلم دەبێت كە نزیكەی 18 ملیار دۆلاری تێدەچێت، هەروەها مەزەندە دەكرێت رۆژانە بە ملیۆنان بەرمیل نەوتی لێوە هەناردە بكرێت بۆ ئوردن، یٔوردنیش لەبەرانبەردا پشكی بەگەڕخستن و بەكاربردنی ناوخۆی لێوەردەگرێت.

شایەنی باسە، هەینی رابردوو، لەكاتی سەردانیكردنی وەفدی عیراقی بۆ ئوردن، حكومەتی ئوردنی بەفەرمی بەركەوتنی ئەركان شەیبانی، وەزیری پەیوەندییەكانی عیراقی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا راگەیاندن، هەربۆیە بەشێك لە ئاژانسەكانی هەواڵی عەرەبی بڵاویانكردەوە پێدەچێت بەهۆی یٔەو هەواڵەوە كۆبوونەوەی لوتكەی هەرسێ وڵات دوابخرێت بۆ كاتێكی نادیار.

س.س
Qaiwan
Qaiwan