راپۆرت

سناپاک دەبێتە بەدیلی سزای چەك بەسەر ئێراندا؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


سناپاک دەبێتە بەدیلی سزای چەك بەسەر ئێراندا؟
مەودا میدیا- ئینستتیوتی نارین، مەودا میدیا- هێمن سەعید

مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ كۆتایی بە بڕیاری سەپاندنی سزای چەك بەسەر ئێراندا دێت كە لەلایەن رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە لە ساڵی 2015 بەسەر ئێراندا سەپێنرا. ئەمەریكا دووبارە دەیەوێت لەرێگەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بڕیارەكە درێژ بكاتەوە، بەڵام ئەنجومەن رەتیكردەوە جارێكی دیكە بڕیارەكە درێژ بكرێتەوە.

پاش شكستی بڕیاری درێژكردنەوەی سەپاندنی سزای چەك بەسەر ئێراندا، ناكۆكیەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران زیاتر قوڵبوونەوە، ئەمەریكا لە ئاستێكی باڵادا هەڕەشەكانی دەسپیكردووە بۆ سەر ئێران و ئەو وڵاتانەی رێگرن بۆ هەڵگرتنی بڕیارەكە، ئێرانیش لای خۆیەوە بەردەوامە لە كاردانەوەكان لەدژی لێدوان و هەوڵەكانی ئەمەریكا.

بەشێك لەو دەوڵەتانەی لە ئەنجومەنی ئاسایش دەنگیاندا بۆ هەڵگرتنی بڕیارەكە، وڵاتی ئەوروپی بوون كە جێگەی سەرسوڕمان بوو بە نسبەت ئەمەریكاوە، هەربۆیە رۆبەرت ئۆبراین، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا رایگەیاند "هەندێك لەو دەوڵەتانەی بڕیاری درێژكردنەوەی سزاكەی سەر ئێرانیان رەتكردەوە چاوەڕوانكراو بوو، بەڵام هەڵوێستی فەرەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا نائومێدكەر بوو".

بەشێك لە بەرپرسانی باڵای ئەمەریكی جەخت لەوە دەكەنەوە  بەندەكانی رێکكەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 رێگەدەدات بە لایەنەكانی بەشداری رێكکەوتنەكە دووبارە سزاكە بسەپێننەوە بەسەر ئێراندا، بەڵام ئێران بندەكانی رێکكەوتنەكەی شێواندووە.

مایك پۆمپیو، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند "ئەمەریكا لەو بڕوایەدایە ئێران پابەند نەبووە بەبڕیاری سەپاندنی سزای چەك بەسەریدا، بۆیە نابێت هیچ دەولەتێكی تر رێگریمان لیبَبكات لە دووبارە سەپاندنەوەی سزای چەك بەسەر ئێراندا".

لەبەرانبەردا، رژێمی ئێران دەستەوەسان نەبووە لە بەرانبەر ئەمەریكا، محەمەد سەدر، راوێژكاری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند "لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ درێژكردنەوەی بڕیاری سەپاندنی سزای چەك بەسەر ئێراندا، قورسایی ئەمەریكا و دۆناڵد ترەمپ رووخا، لەبەرانبەردا دیبلۆماسیەتی ئێرانی سەركەوت".

وتیشی "ئەوروپییەكان سەنگی مەحەكن بۆ رێكکەوتنی ئەتۆمی ئێران، چونكە ئەوروپییەكان دەستپێشخەرییان كرد بۆ دانوستان و گفتوگۆ، هەرچەندە جۆن كیری، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رۆڵێكی گەورەی هەبوو لە دانوستانەكانی كۆتایی، بەڵام بەهۆی هەوڵەكانی فدریكا موغریبی، رێكخەری سیاسی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا بوو كە رێکكەوتنەكە بەئەنجام گەیشت".

هەروەها دەستلەكاركێشانەوەی براین هۆك، نوینەری تایبەتی ئەمەریكا لە ئێران لە پۆستەكەی بەبێ راگەیاندنی هۆكار و پاڵنەرەكانی دەسلەكاركێشانەوەكە پرسیارێكی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا كە لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانیەوە بەگومان لەبابەتەكەیان روانی.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا لەبەرانبەر رازی نەبوونی وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش بە درێژكردنەوەی بڕیارەكە هەڕەشەی كاراكردنی میكانیزمی سەپاندنی بەدیل بەناوی (سناپاك).

كیلی كرافت، نوێنەری ئەمەریكی لە نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند "كردەوەكانی ئێران ئاژاوە و ململانێ دروست دەكات و پاڵپشتی تیرۆر دەكات لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و درەوەی". هەروەها وتیشی "رژێمی ئێران بە ملیۆنان ژیانی هاوڵاتی ژن و منداڵی خستوەتە ژێر مەترسی و هەڕەشەی راستەوخۆوە، بە پاڵپشتیكردنی هەندێك گرووپ كە نوێنەرایەتی دەكەن لە سوریا و عیراق و یەمەن و لوبنان".

لەبەرانبەردا محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران هێرشی توندی كردە سەر هەڵوێستی ئەمەریكا لە جێبەجێكردنی میكانیزمی سناپاك و وتی "گومانم هەیە ئەمەریكا بتوانێت میكانیزمی سناپاك جێبەجێبكات، چونكە نایاساییە و ناكرێت قبوڵ بكرێت، وە خۆشیان دەزانن ناتوانن ئەو میكانیزمە بەكاربهێنن". هەروەها وتیشی "بڕَواناكەم بەدەنگێكی بەرز داوای ئەوە بكەن و بلێن لەسەر حەقین".

هەروەها مەحمود واعزی، بەرێوەبەری نوسینگەی سەرۆكی ئێران لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند  "ئەمەریكا هەڵەی پێشتر دووبارە دەكاتەوە ئەگەر بیەوێت میكانیزمی سناپاك جێبەجێبكات، چونكە بە بەڵگەی یاسایی و سیاسی بەهێز دەدۆڕێت".

لەلاكەی دیەوە، ئەمەریكا بەنیازە بەهۆی بەگەڕخستنی میكانیزمی سناپاك هەڵوێستی وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان بەتایبەت وڵاتانی ئەوروپی بگۆڕێت بۆ رەزامەند بوونیان بە درێژكردنەوەی سەپاندنی سزای چەك بەسەر ئێراندا، لەولاشەوە ئێران بەتوندی دژی هەوڵەكانی ئەمەریكا وەستاوەتەوە و دەیەوێت دووبارە رێكکەوتنی ئەتۆمی ئێران زیندوبكاتەوە.

ک. ر
Qaiwan
Qaiwan