راپۆرت

هەرێم كارەبا دەفرۆشێت... پلانی وەزارەتی كارەبا بۆ دابینكردنی زیاتری كارەبا بۆ هاووڵاتیان چییە؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


هەرێم كارەبا دەفرۆشێت... پلانی وەزارەتی كارەبا بۆ دابینكردنی زیاتری كارەبا بۆ هاووڵاتیان چییە؟
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

دوای ئەوەی وەزیری كارەبای هەرێمی كوردستان رایگەیاند "ئەو بەڵێنەیان بردووەتەسەر ‏كە بۆ باشبوونی كارەبا بە هاونیشتمانیان دابوو،  بۆ وەرزی زستانیش پلانیان هەیە ‏كارەبایەكی باش دابین بكەن ‌و دەشڵێت مانگێكە  500مێگاوات كارەبا ‏بە عیراق دەفرۆشن"، وتەبێژی وەزارەتی كارەبا رایدەگەیەنێت "هەرێمی كوردستان هەم كێشەكانی ئەو وێستگانە چارەسەر دەكات كە لەكاركەوتوون، هەم بەوشێوەیە پارەی دەستدەكەوێت".

پلانی وەزارەتی كارەبا بۆ وەرزی زستان
كەمال محەممەد ساڵح، وەزیری كارەبای هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو "لە چلەی هاوینی ئەمساڵدا لە شەو و رۆژێكدا زیاتر لە 20 كاژێر كارەبای نیشتمانییان دابینكردووە، بۆ زستانیش پلانێكی باشیان هەیە ‏زۆرترین كارەبا دابین بكەن".
دەشڵێت " گرفتی ئێمە لە زستاندا هیتەرە، ئێستا ‏لەگەڵ هەردوو وەزارەتی پلاندانان ‌و بازرگانی سەرقاڵی ئەوەین رێگری بكەین ‏لەوەی هەموو جۆرە هیتەرێك هاوردەی بازاڕەكانی كوردستان بكرێت، بەتایبەت ‏ئەوانەی كارەبایەكی زۆریان دەوێت، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت كە نەهێڵین هیتەر  هاوردە بكرێت، با هاوردە بكرێت، بەڵام ‏كواڵێتیی باش بێت".‏

 وەزیری كارەبا ئاشكراشیكرد " لە 28-7-‏‏2020ەوە زیاتر لە 500 مێگاوات كارەبا بە عیراق ‏دەفرۆشرێت، ئەو كارەبایەش لەو وێستگانەوە بەرهەمدێت كە ‏پێشتر خۆمان سوودمان لێنەدەبینین، ئێستا عیراق خۆی سووتەمەنیان بۆ ‏دابین دەكات و كاریان پێدەكات، بەوەش كۆمپانیای وەبەرهێنی بواری ‏كارەبای خۆمان سوودی لێوەدەگرێت و پارەیەكی زۆریش لەو رێگایەوە دێتە ‏هەرێمی كوردستانەوە".‏
 وەك وەزیری كارەبا ئاماژەی پێدەكات "لەم وەرزەدا بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە ‏‏3600 مێگاواتە‌ و خواستیش لەسەر كارەبا 4250 مێگاواتە".‏

بە فرۆشتن و نەفرۆشتی كارەبا بە عیراق هەرێم زیان ناكات
لەوبارەیەوە، ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم لە لێدوانێكدا بە مەودا میدیای راگەیاند " ئێمە وەكو هەرێمی كوردستان كارەبامان نییە بیفرۆشین بە دەرەوە تەنها ئەو یەكانەی لەكار راوەستاون بەهۆی نەبوونی گازوایل، بۆیە وەزارەتی كارەبای هەرێم رەزامەندە بەپێدانی سووتەمەنی بۆ ئەو یەكانە بە مەرجی تەكنیكی وەزارەتی كارەبا، واتە نابێت ئەو پێدانی كارەبایە لەرووی بڕەوە كاریگەری لەسەر هەرێم هەبێت، هەروەها دەبێت لەرووی تەكنیكیەوە لە بەرژەوەندی تۆڕی كارەبای هەرێم بێت".

لەو شوێنەی ئێمە كێشەمان بۆ دروست نابێت ئەوان كارەبا دەبەن
وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێم ئەوەشی خستەڕوو " لەو شوێنەی كە ئێمە كێشەمان بۆ دروست نابێت ئەوان كارەبا دەبەن، هەموو رێوشوێنەكانیش بۆ ئەو مەبەستە گیراونەتەبەر، بەشێوەیەكی وا پلانەكە دانراوە كە ئەگەر كارەكە نەكرێت یاخود بەردەوام بێت، لەهەردوو بارەكەدا كارەبای هەرێم كەمنابێتەوە و لە بەردەوامی پێدانی كارەباش بەبەغدا ئێمە قازانج دەكەین، چونكە عیراق دەیەوێت كارەبا بكڕێت و پێویستیەتی پارەكەش بۆ ئەو وێستگەی بەرهەمهێنانە دەبێت كە كارەباكە بەرهەم دەهێنێت جگە لەوەی گازوایل دابین دەكەن".

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان