ئەدەب و هونەر

ناوەندی دیالۆگ- لەچوارەمین ساڵیادی كردنەوەیدا مەترسی داخستنی لەسەرە

مەودا میدیا - سلێمانی |


ناوەندی دیالۆگ- لەچوارەمین ساڵیادی كردنەوەیدا مەترسی داخستنی لەسەرە
مەودا میدیا ـ دێرین رەسوڵ

رۆژی 28ی ئابی ساڵی 2016 لەمەراسیمێكدا لەشاری كەركوك ناوەندی هونەری و رۆشنبیری دیالۆگ كرایەوە و پاش چوار ساڵ بەهۆی كێشەی داراییەوە مەترسی داخستنی لەسەرە.

گەرچی لەرۆژی 18ی ئەم مانگە زاهیر شكور خاوەن و بەڕێوەبەری ناوەندەكە، لەهەژماری خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك لەپۆستێكدا ئاماژەی بەوەدا "لەلایەن (دكتۆر تەها ڕەسوڵ خاوەنی ناوەندی رۆشنبیریی جەمال عیرفان وسەرپەرشتیاری ناوەندی خێرخوازی كەریمی عەلەكە)، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا، ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ پشتیوانیكردنی ناوەندی دیالۆگ".

 بەڵام زاهیر شكور، لەلێدوانێكدا بۆ مەودا میدیا لەسەر كێشە و گرفتەكانی ناوەندی دیالۆگ باسی لەوەكرد "ئەوان هیچ لایەنێك هاوكارییان ناكات و بە فرۆشتنی كتێبیش  كرێی مانگانەی كتێبخانەكە دەرناكەن".

وتیشی  "قەیرانی دارایی دیالۆگ دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی خوێنەری كتێب، كە بەداخەوە دۆخی رۆشنبیریی كەركوك لە دۆخێكی دژواردایە، جوڵانەوەی بواری رۆشنبیریی لە كەركوك زۆر لاوازە، بەتایبەتی لەلای كورد، زۆربەی گەنجان گرنگی دەدەنە كێشانی نێرگەلە ولە بواری رۆشنبیریی دوركەوتونەتەوە و ئەگەر كەركوك بەراورد بكرێت لە گەڵ سلێمانی وهەولێر، ئەوا كەركوك لەو رووەوە زۆر دواكەوتووە".

لەبارەی خوێنەرەكانی ناوەندەكەوە زاهیر شكور ئاماژەی بەوەدا "زۆربەی خوێنەرەكانی ناوەندی دیالۆگ لەنەتەوەی عەرەب و تروكمانن و ژمارەی ئامادەبوانی كۆڕە رۆشنبیریەكانیش لە ژمارەی پەنجەكانی دەست تێناپەڕێت".

بەڕێوەبەری ناوەندی هونەری و رۆشنبیری دیالۆگ ئاماژە بەوەشدەكات "ئەوەی ئەو بەدیكردوە كورد لە كەركوك بەتەواوی پشتی لەكتێب و رۆشنبیریی كردووە و لە دوای ریفراندۆم، كورد لە زۆر رووەوە هەرەسیهێناوە، بە تایبەتی لە رووی ئینتیما وباوەڕبوون بە كوردبوون هەروەها لە رووی رۆشنبیریی وئابووریشەوە".

لەبارەی  ئەو رێكارانەی كەپێویستە بیگرێتە بەر بۆچارەسەر كردنی كێشەی ناوەندەكە بۆئەوەی دانەخرێت، بەڕێوەبەری ناوەندی دیالۆگ رایگەیاند "بۆ پشتیوانیكردنی دیالۆگ پێویستە لایەنێك كرێكەی بدات تا نەكەوێت، چونكە وابڕوات دادەخرێت، ئێستا رۆژانە دوو بۆ پێنج كەس دێت بۆ دیالۆگ، كورد ئێستا و پێش كۆرۆناش لەكەركوك خوێنەری كتێب نییە، پارەیان هەیە مانگانە بە بڕی دوو سەد بۆ سێسەد هەزار دینار نێرگەلە بكێشن، بەڵام مانگانە دە هەزاریان نییە بیدەنە كتێب، پێموایە كورد لە كەركوك لەرووی رۆشنبیرییەوە هەرەسدەهێنێت".

هەر لەوبارەیەوە، هەڤاڵ دارا، سەرپەرشتیاری گروپی شار، كە زۆرینەی چالاكییەكانی لەو ناوەندە ئامادەكردووە،لەبارەی كێشە داراییەكانی دیالۆگ و گرنگی ناوەندی دیالۆگەوە بەمەودامیدیای راگەیاند "كردنەوەی ناوەندی دیالۆگ لەكاتی ئێستادا پێویستییەكی هەنووكەیی بوو بۆبەرەو پێشچوونی ئاستی رۆشنبیری ئەم شارە، چونكە یەكێك لەبنەما سەرەكییەكانی شار كردنەوەی ناوندە رۆشنبیرییەكانە، ناوندی رۆشنبیری دیالۆگیش بەیەكێك لەوێستگە گرنگەكانی ئەم شارە دادەنرێت، كەتوانیویەتی كەم تازۆرێك كاریگەری لەسەر ئاستی رۆشنبیری ئەم شارە هەبێت".

وتیشی  " بەشێوەیەكی گشتی دەتوانین بڵێین خوێندنەوە یاخود خوێنەر لەم شارەدا بەردەوام لەبەرز و نزمی دایە، ئەمەش كاریگەری كردووەتە سەر ئەوەی، كە ناوەندە رۆشنبیرییەكان نەتوانن بەردەوام بن و تاماوەیەك كاربكەن و دواتر باس لەداخستنی بكەن".

عەبدولستار جەباری، رۆژنامە نووسی دیاری کەرکوک لەبارەی گرنگی هەبوونی ناوەندی دیالۆگ و كاریگەرییەكانی داخستنی ناوەندەكەوە،  بۆ مەودا میدیا باسی لەوەكرد "داخستنی ناوندەی دیالۆگ كێشەیەكی زۆر بۆ رۆشنبیرانی شارەكە درووست دەكات، چونكە پێش كردنەوەی دیالۆگ خوێنەرانی شارەكە بۆكڕین و دەستكەوتنی كتێب دەبوو روو لەهەردوو شاری هەولێر و سلێمانی بكەن".

وتیشی "لەسەدەی پێشوودا كەركوك پایتەختی رۆشنبیری عیراق و كوردستانیش بووە، چونكە یەكەمین دراما و تەلەفیزیۆن لەكەركوك بووە و یەكەمین خانمی كوردیش هەر لەكەركوك بووە، كە گۆرانی وتووە".

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن