تەندروستی

ئازاری سەر بەهۆی ملەوە چییە؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئازاری سەر بەهۆی ملەوە چییە؟
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

د.هه‌ڤین که‌مال شاه محەمەد، پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج و شاره‌زا له‌ چاره‌سه‌ری فه‌قه‌رات و نه‌خۆشی جومگه‌کان بێ نه‌شته‌رگه‌ری لە بابەتێکیدا باس لە ئازاری سەر دەکات بەهۆی ملەوە ئاماژە بەوەدەکات "بریتییە لەو سەرئێشەیەی کەدروست دەبێت لەئەنجامی کێشەیەک لە ملدا، واتە کێشەسەرەکیەکەلەسەر و مێشکدا نییە ، بەڵکو ئازارێکی دوورە لەمەڵبەندی کێشەکەوە کە لەملدایە و دەڕوات بۆ سەر" .

نیشانەکانی :
یەکێک لەهەرە گرنگترین نیشانەکانی ئەوەیە، ئەم سەرئێشەیە لەگەڵ هەر جووڵانێکی لەپڕی ملدا سەر ئێشەکە زیاد دەکات، هەروەها ئەگەر مل بۆ ماوەیەکی زۆر لەیەک شێواز و جووڵەدا بمێنێتەوە، ئازارەکە دروست دەبێت .

نیشانەکانی تری :
-ئازار لەیەک لای سەردا یاخود دەمووچاو.
-ئازارێکی بەردەوام کە لێنادات وەکو دڵ (هەندێک سەر ئێشە نەخۆشەکە کەوەسفی دەکات دەڵێت لێدەدات وەکو دڵ).
-ئازارێک دێت کەلەوانەیە چەند کاتژمێرێک یاخود چەند ڕۆژێک بخایەنێت .
-گرژبوون و ڕەقبوونی ملی لەگەڵدایە کە نەخۆشەکە ناتوانێت ملی بەباشی بجوڵێنێت .
-ئازارەکە زۆر جار لەیەک خاڵدا دەمێنێتەوە، لەوانەیە لەپشتی سەردا بێت، یاخود پێشی سەر ، یاخود لایەکی سەر یان چاو .
هەرچەندە ئەم جۆرە سەرئێشەیە زۆر جیاوازە لەگەڵ شەقیقە بەڵام هەندێک جار هەندێک نیشانەیان لەیەک دەچن بۆ نموونە :
هەستکردن بەپڕی گەدەو دڵتێکەڵهاتن ، بوونی ئازار لە شان و قۆڵدا، بێزاربوون بە ڕووناکی زۆر و دەنگی زۆر، لێڵبوونی بینین .
هەندێک کەس هەردوو جۆرە سەر ئێشەکە دەگرن لەیەک کاتدا . کەئەمەش دەستنیشانکردنی کێشەکە قورستر دەکات.

هۆکارەکانی :
- بوونی کێشە لە ئێسکی مل ، جومگەکان ، ماسولکەکانی ، بۆ نموونە ئەو کەسانەی هەندێک پیشەیان هەیە وەک : دارتاش ، ئاسنگەر ، ئەوانەی کاری ئارایشتگا دەکەن، سەرتاش، بەرگدروو ...هتد. ئەمانە بەهۆی بەکارهێنانی ملیانەوە زیاتر تووشی ئەم جۆرە سەرئێشەیە دەبن .
- زۆر جار لەو کەسانەیە ڕوودەدات کەملیان بۆ پێشەوە دەبەن بە بەردەوامی و دووری ئەخەنەوە لە جەستەیان کە ئەمەش فشارێکی زیاتر دەخاتە سەر مل و بەشی سەرەوەی پشت، بۆ نموونە ئەوانەی سەیری یاری تۆپی پێ دەکەن یاخود هەر شتێکی تر بێت .
-هەندێک جار بەهۆی ڕووداوێکەوەیاخود کەوتنەوە یاخود وەرزشەوە، ماسولکەکان و دەمارەکانی مل زەبری بەردەکەوێت کە پێی دەوترێت ویپلاش .
- بەهۆی ئینزلاقی دیسکی بڕبڕەکانی ملەوە ، بەتایبەتی بڕبڕەی دوو و سێ و چوار . هەروەها داخوران و سەوەفانی جومگەکانی مل .
- هەندێک جار بەهۆی شکاوی یاخود شێرپەنجەی ئێسکی ملەوە توشدەبێت کەئەمەش حاڵەتێکی دەگمەنە.

دەستنیشانکردنی :
لەبەرئەوەی جۆرەکانی سەرئێشە زۆرن و زۆریش لەیەکدەچن ، پێویستە پزیشکی پسپۆڕ پشکنینی تەواوت بۆ بکات و لەگەڵیدا مێژووی نەخۆشیەکەت بەتەواوی لێبرسێت ، و لەبیرت نەچێت کە ئەم خاڵانەی پێبڵێت :
- ئایا ئازارەکەت ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت ؟
- ئایا تا یاخود سووربونەوەو خورانت بۆ دروست دەبێت ؟
-ئایا تووشی پێکان بوویت یاخود خۆت عەزێت داوە ؟؟
-ئایا بەخواردن سەرئێشەکەت زیاد دەکات ؟؟
-ئایا بورانەوەو گێژی لەگەڵدایە؟؟
پزیشکەکەت لەوانەیە پێویستی بە ئەشیعەی ڕەش و سپی (تیشکی ئێکس ڕەی) بێت، یاخود ئەشیعەی تەنووری ، هەندێک جار هەندێک جۆری پشکنینی خوێن . ئەگەر ئەوانە هیچی تیا دەرنەکەوت پزیشکی پسپۆڕی ئازار ڕێگایەک بەکاردێنێت کە دەمارە هەستەوەری مل بۆ ئازار سڕ دەکرێت بە دانانی هەندێک دەرمانی سڕکەر لەدەوری دەمار و جومگەکانی ملدا لەژێر ئامێر دا . ئەگەر بەوە ئازارەکە نەما ، ئەوە مانای ئەوەیە سەرئێشەکە بەهۆی فشاری سەر دەماری ملە .

چارەسەرکردن :
-بەکارهێنانی دەرمانی ئازارشکێن و دژەهەوکردنەکان، ماسولکەخاوکەرەوەکان، هەندێک ئازارشکێنی تر وەک دەرمانی گەشکەو هێورکەرەوەکان بۆ نەهێشتنی ئازارەکە. 
-سڕکردنی دەمارەکانی مل کەئەمەش بۆ ماوەیەک ئازارەکە ناهێڵێت و یارمەتی نەخۆشەکە دەدات کەوەرزشەکانی بێ ئازار بکات . 
-چارەسەری فیزییاوی و چارەسەری سروشتی ، کەئەویش پزیشکی پسپۆڕ ڕێنمایی نەخۆشەکە دەکات و فێری دەکات چۆن وەرزش بکات و سترێچینگ و ڕاکێشان بە ماسولکەکانی ملی بکات. 
-بەکارهێنانی تەزووی کارەبای لەڕێگای ئامێری (TENS) و هەروەها ئامێری شۆک وەیڤ بۆ کردنەوەی خاڵی ئازارەکان و بەکارهێنانی دەرزی ئاژنین بۆ خاوکردنەوەی ماسولکەکان . 
- هەندێک چارەسەری تەواوکەر وەک هایدرۆتێراپی (وەرزشکردن لە ئاودا)، یۆگا، میدیتەیشن و تێڕامان. 
-ئامێری "ڕادێۆفریکوینسی" :کەئەمەش ئامێرێکی تایبەتە زیاتر لەو حاڵەتانەدا بەکاردێت، کە ئازارەکە بەهۆی سەوەفان و داخورانی جومگەکانی ملەوەدروستدەبێت. 
- نەشتەرگەری: ئەویش لەهەندێک حاڵەتی وەک ئینزلاقێکی زۆری دیسکی نێوان بڕبڕەکانی ملدا، یاخود هەندێک حاڵەتی وەکو شکان و شێر پەنجە.

س.س
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

نەسرین قاسملۆ؛ تەوارێکی کوردپەروەر

لەلایەن زوڵفان غەریب



News

خانزاد خاتوون؛ تەوارێکی حوکمڕان

لەلایەن زوڵفان غەریب