کوردستانی

پارێزگاری دهۆك روونكردنەوە لەبارەی قسەی نێوان كازمی و دایكە عالیە دەدات

مەودا میدیا - سلێمانی |


پارێزگاری دهۆك روونكردنەوە لەبارەی قسەی نێوان كازمی و دایكە عالیە دەدات
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆك روونكردنەوەیەكی لەبارەی  گفتوگۆی "دایكە عالییە"، ئەو دایكە ئەنفالە بڵاوكردەوە، كە دوێنێ لە سەردانەكەی مستەفا كازمیدا بۆ پارێزگای دهۆك بە كازمیی وت "ئەمانەتی تۆ كوردستان".

لە پۆستێكدا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆك نوسیویەتی "نازانم بۆچی گەنجانی تازەپێگەیشتوو دەیانەوێت هەموو شتێك رەش و پێچەوانە لێكبدەنەوە؟".

پارێزگاری دهۆك ئەوەشی خستووەتەڕوو "نازانم بۆچی ژمارەیەكی بەرچاو لە گەنج و لاوی تازەپێگەیشتوو دەیانەوێت هەموو شتێك رەش و پێچەوانە لێكدانەوەی بۆ بكەن؟!".

تەتەر دەشڵێت "عالیە رەشید چیچۆ، خاونی 8 ئەنفالكراوی گوندی سپیندارێیە، گوێم لێبوو كاتێك مستەفا كازمی بە ئافرەتێكی خاوەن ئەنفالكراو وتی ئێمە خەڵكی گوندی "سیتە" ینە، وتی من سیتەم بینیوە و منیش لە كوردستان بووم، دەسبەجێ دایكە عالییە پێی وت "رۆڵە ئەمانەتی تۆ كوردستان"، یانیش مادام تۆ نانی كوردت خواردووە و لە سەردەمی شۆڕش تۆیان لە كوردستان حەواندووەتەوە، ئەمانەتی تۆ كوردستان".‌

لەدرێژەی نوسینەكەیدا پارێزگاری دهۆك ئاماژەی بەوەشكردووە "ئاخاوتنێكی لۆژیكی (مەنتقی) و لە شوێنی خۆیدا بوو، باش نییە یاری بە دڵسۆزی و قوربانیدانی ئافرەتیكی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر بكرێت".

عەلی تەتەر هەروەها نووسیویەتی "حكومەتی بەغدا هەڵمەتی ئەنفالی لە كوردستان ئەنجامدابوو، گوندەكانیان سووتاندبوو، خەڵكی زیندەبەچاڵ دەكرد، ئەوان مووچە و بودجەیان بڕیوە، هەر ئەوانن پارەی جووتیاران ‌نانێرن و جووتیاری سلێمانی داوا دەكات بچێتەوە ژێر سێبەری دادپەروەریی ئەو حكومەتەی كە ئامادە نییە پارەی رەنج و ماندووبوونی یاخۆد بەرهەمی گەنمەكەی پێ بدات".

Qaiwan
Qaiwan