کوردستانی

تائێستا بەشێك لە گیراوانی خۆپیشاندانەكانی هەرێم ئازاد نەكراون

مەودا میدیا - سلێمانی |


تائێستا بەشێك لە گیراوانی خۆپیشاندانەكانی هەرێم ئازاد نەكراون
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

وتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤ رایدەگەیەنێت تائێستا بەشێك لە دەستگیركراوانی خۆپیشاندانەكانی ئەمدواییەی ناوچە جیاجیاكانی هەرێم ئازاد نەكراون، داواش دەكات بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەران بكرێت.

محەمەد گۆمەشینی، وتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم، لە لێدوانێكدا بە مەودا میدیای وت"پێشتر رامانگەیاند كە ژمارەیەك لە خۆپیشاندەران لە زیندانەكان ماون، بەڵام لەبەرئەوەی رۆژانە دەبێت بەدواداچوون بكەینەوە وەكو ژمارە بە وردی نازانین چەندە، بەڵام تائێستا ژمارەیەك هاوڵاتی ماون لە ناوچەی بادینان و هەولێر، بەڵام بۆ رانیە دڵنیا نین كە هیچ دەستگیركراوێك لە زیندان مابێت".

وتیشی "بەشێوەیەكی گشتی ژمارەیەك هاوڵاتی لە زیندانەكان ماون، وەكو دەزانن دوو یاسا هەیە كە بەهۆیەوە خۆپیشاندەران دەستگیردەكرێن، یەكەمیان یاسای رێكخستنی خۆپیشاندانە لە هەرێمی كوردستان، دووەمیش یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن، دیارە هەریەك لەوانەی دەستگیركراون بەو یاسایە دەستگیركراون، بەشێكیان بەهۆی ئەوەی بە حساب لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان هانی خەڵكیان داوە بۆ خۆپیشاندان و گردبوونەوە بێ ئەوەی مۆڵەتی فەرمییان هەبێت، بەشێكیشیان هەر لەرۆژی خۆپیشاندان و لەناو خۆپیشاندانەكان دەستگیركراون بەناوی ئەوەی مۆڵەتیان نەبووە و هاتوونەتە سەرشەقام".

وتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم، باس لەوەشدەكات"بەشێك لەزیندانیكراوان رۆژانە بە كەفالەت ئازاد دەكرێن، خۆتان دەزانن هەر بابەتێك دیوێكی یاسایی وەرگرت دەبێت چاوەڕێی تەواوبوونی بابەتەكە بكەین، خۆپیشاندان مافی هەموو هاوڵاتییەكە بەڵام دیارە بەرپرسانی ئیداری لە شارەكان بەرانبەر ئەو حاڵەتە قسەی دیكەیان هەیە، ئەوەی گرنگە بەلامانەوە دەبێت هەموو ئەوانەی دەستگیردەكرێن هۆكارێك هەبێت بۆ دەستگیركردنیان و هەموو مافێكی یاساییان بۆ دابین بكرێت، هەروەها بەهەموو شێوەیەك دووربن لە ئەشكەنجە و مامەڵەی نایاسایی.

لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا لەناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان خۆپیشاندان و ناڕەزایی بەشێك لە هاوڵاتیان بەڕێوەچوو، لە هەولێر دهۆك و رانیە ژمارەیەك خۆپیشاندەر دەستگیركران.

Qaiwan
Qaiwan