نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

راگەیاندنی پیاوانە و پێویستیی وەخۆكەوتنی ژنان

دوو لایەن ئەگەر رکابەریی یان ناکۆکییان هەبێت؛ زۆر جار لایەنە دەستڕۆیشتووە باڵادەستەکە هەوڵدەدات رووبەی جوڵانەوە و چالاکی بۆ رکابەرەکەی دابڕێژێت و چوارچێوەی جموجوڵەکانی بۆ دیاریی بکات، لایەنە بەرانبەرەکەش بەبێ مەبەست و لەژێر هەندێک کاریگەریی ئەجێندای بەرانبەرەکەی جێبەجێدەکات و لەناو ئەو چوارچێوە بەرتەسکە دیاریکراوە چالاکییەکانی ئەنجامدەدات، ئەمجۆرە چوارچێوەکردنە زۆر لایەن و بابەتی تری ژیان دەگرێتەوە، وەک سیاسەت، سەربازی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کولتووری و جێندەری....هتد.

یەکێک لەو ئامرازانەی کە بەکاریدەهێنن و چوارچێوەی تیادا دادەڕێژن راگەیاندنەکانە، ئەگەر ئەو دوو رکابەرە ژن و پیاو بن ئامرازەکەش راگەیاند بێت، ئەوە زۆربەی راگەیاندنەکان پیاوان باڵادەست و بریاڕدەرن و ئەجێندایان بەپێی بۆچوونەکانیان داڕشتوە، بیرکردنەوەی پیاو زاڵە بەسەر هەموو بەرنامەکان تەنانەت بەرنامەکانی تایبەت بە ژنانیش.

بەپێی توێژینەوەیەکی نێودەوڵەتی بینراوە هێشتا پیاوان سێ (3) بەرانبەری ژنان لە بابەتەکانی راگەیاندن دەردەکەون، هەروەها تەنیا 24٪ لە هەواڵەکان باسی ژنە یان ژن وەک سەرچاوەی هەواڵ باسدەکرێت، دەنگی ژنان هێشتا زۆر کزە، ئەم دیاردەیە لای خۆشمان زۆر زەقتر بەدی دەکرێت.

دەبینین زۆربەی ئەو چاوپێکەوتننانەی لەگەڵ ژنان دەکرێن دەربارەی رۆڵە نەریتییە باوەکانە، زۆرجار ژنان وەک بەکارهێنەر (مستهلک)دەردەکەون وەک خۆراک دروستکردن، جوانکاری، ئارایشتکردن و ریکلام، هەندێک جاریش لەسەر کاری ناو ماڵ و بەخێوکردنی منداڵ و بواری و تەندروستی و ژینگە، بەڵام لەسەر بابەتی گەرمی سیاسی رۆژانەی پەیوەست بە ناوخۆ و دەرەوە و بابەتە گرنگەکان و نەتەوەیی و ئابووری و ناوخۆ و جیهان، ئاسایشی نەتەوەیی؛ کەمترین جار چاوپێکەوتن لەگە ژنان دەکرێت وەک ئەوەی ژنان زانیارییان نەبێت تەنیا بۆ پیاوان قۆرخکرابێت، لەو بابەتانەش تەنیا خوێندنەوە و راوبۆچوونی پیاوانمان گوێ لێیە، ئەم جیاکارییە و داڕشتنی ئەم جۆرە چوارچێوەیە لەسەر داوای کۆمەڵگە و نەریتە باوەکانیەتی و کەم دەتوانن لابدەن لێی بەهۆی بەرژەوەندییانەوە.

قۆرخکردن لە میدیاکان راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر توانا و هەوڵ و بیرکردنەوەی ژنان دەکات، کەمتر خۆیان لە قەرەی ئەو بابەتانە دەدەن، هەروەها کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر پەرەسەندنی توانا سیاسییەکانی ژنان کردووە، بەهەندوەرنەگرتنی رۆڵە گرنگەکانی ژنان لە گەشەی کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی و ئابووری و نەتەوەیی هەڵەیەکی کوشندەیە بۆ وڵات و دواکەوتی زیاتر بەدوای خۆیەوە رادەکێشێت، راستکردنەوە و چاککردنی ئەم ئەرکە لە ئەستۆی لایەنە پەیوەندیدارەکانە، دەوڵەت بە هەموو دەزگاکانییەوە، پارتە سیاسییەکان بە هەموو بۆچوونە جیاوازەکانەوە بەتایبەتی ئەو پارتانەی بانگەشەی دیموکراسیەت دەکەن، راگەیاندنەکان بە هەموو جۆرەکانییەوە. هەروەها ئەرکی ژنان خۆشیانە دەبێت هەوڵبدەن ئەو چوارچێوەیە بشکێنن و بوێرانە بچنە ناو باسی ئەو بابەتانەی تر کە لەلایەن راگەیاندنەكانەوە بۆ پیاوانیان داڕشتوە و نەهێڵن چیتر جموجوڵ و چالاکییەکانیان لە قاڵب بدرێن و نەهێڵن پرسە گرنگەکان تەنیا بۆ لایەنێک بێت، بەڵکو هەردوولا بەشداربن و لەیەک رووبەردا گەشە بکەن و چالاکییەکانیان ئەنجامبدەن.

https://www.youtube.com/watch?v=LmuY9nmwF6s
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan