عارف قوربانی

عارف قوربانی

پاره‌ی نه‌وته‌كه‌ له‌ كوێیه‌؟

سه‌رباری ناشه‌فافی كه‌رتی نه‌وت له‌ كوردستان، كه‌ زۆرجار لایه‌نه‌ به‌شداره‌كانی ناو حوكمڕانی و په‌رله‌مان و دامه‌زراوه‌ چاودێرییه‌كان، به‌وانه‌شه‌وه‌ كه‌ به‌شدارن له‌ پرۆسه‌ی ده‌رهێنانی و به‌ بازاڕكردنی، خۆیان له‌ ورده‌كارییه‌كانی رێژه‌ی ده‌رهێنان و فرۆش و پاره‌ی تێچووی گواستنه‌وه ‌و داهاتی مانگانه‌ی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ده‌دزنه‌وه‌ و بێئاگایی خۆیان ده‌رده‌بڕن، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا به‌هۆی ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كان و هه‌ندێ‌ كاره‌كته‌ری سیاسی و میدیاكان ئه‌وه‌نده‌ ئه‌م پرسه‌یان ورووژاندووه‌، ئێستا زۆربه‌ی هاوڵاتیانی كوردستان ده‌زانن چه‌ند كۆمپانیای نه‌وتی گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان هه‌یه‌، كێ‌ نه‌وتی كوردستان ده‌فرۆشێ‌ و كێ‌ ده‌یكڕێت. ده‌زانن كه‌ گرێبه‌سته‌كان به‌جۆرێك كراون خێره‌كه‌ی بۆ كۆمپانیاكانه‌ و دووكه‌ڵه‌كه‌ی بۆ خه‌ڵكی كوردستان. ده‌زانن كه‌ به‌شێكی زۆری داهاته‌كه‌ی بۆ كرێی بۆڕی و گه‌یشتنییەتی به‌ به‌نده‌ری جه‌یهان، ئه‌وه‌ش ده‌زانن كه‌ نه‌وته‌كه‌ی ئێمه‌ زۆر هه‌رزانفرۆش ده‌كرێت و به‌ كه‌متر له‌ نرخی ئۆپیك، حه‌وت هه‌شت دۆلارێك خوار نرخی جیهان ده‌فرۆشرێت.
 
هۆكاری به‌شی زۆری ئه‌وه‌ش بۆ سیاسه‌تی نه‌وتی حكومه‌تی عیراق ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر له ‌سه‌ره‌تای ئه‌م پرۆسه‌یه‌وه‌ رێگر نه‌بوایە له‌وه‌ی كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان بێنه‌ كوردستان به‌دوای نه‌وتدا بگه‌ڕێن و وه‌به‌رهێنان له‌ كه‌رتی نه‌وتی كوردستان بكه‌ن، هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ كۆمپانیاكان نه‌كردایە به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر بچنه‌ كوردستان له‌ به‌غدا بێبه‌شیان ده‌كات، هه‌رێمیش ناچار نه‌ده‌بوو به ‌پشك و ئیمتیازی زیاتر په‌لكێشی كوردستانیان بكات. ئه‌گه‌ر به‌غدا له ‌سه‌ره‌تاوه‌ گرفتی دروستنه‌كردایە له‌ به ‌بازاڕكردنی نه‌وتی هه‌رێم، هه‌رێمیش ناچار نه‌ده‌بوو بچێته‌ ژێر باری ئه‌وه‌ی به‌ هه‌رزانتر بیخاته‌ بازاڕه‌وه‌. به‌هه‌رحاڵ ئێستا نه‌ك شاراوه‌ نییه،‌ به‌ڵكو زۆر روونه‌ كه‌ داهاتی نه‌وت له‌ كوردستان به‌شی هه‌ره‌ كه‌می بۆ خه‌ڵك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و به‌شه‌ زۆره‌كه‌ی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كۆمپانیا جۆراوجۆره‌كانی كه‌رتی نه‌وته‌، كه‌ هیچ گومانێكیش له‌وه‌دا نه‌ماوه‌ته‌وه‌ حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان و سیاسییه‌كانیش پشكی جۆراوجۆریان له‌و خێروبێره‌دا هه‌یه‌.
 
به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ ئێستادا جێی هه‌ڵوه‌سته‌ و پرسیاركردنه،‌ نادیاریی پاره‌ی نه‌وتی به‌غدایه‌. ئه‌مڕۆ كه‌ بڕیاره‌ عێراق ده‌ست به ‌دابه‌شكردنی مووچه‌ بكات، ماوه‌ی شه‌ست رۆژه‌ مووچه‌ی نه‌داوه‌ته‌ فه‌رمانبه‌ران. له‌ ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند مانگه‌ی رابردوو پڕوپاگه‌نده‌یه‌كی زۆر كران به‌وه‌ی مسته‌فا كازمی كۆنترۆڵی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی عێراقی كردووه‌ و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ داهاتێكی زۆر بۆ عیراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌. له‌لایه‌ن هه‌ندێ‌ له‌ په‌رله‌مانتارانی عیراق و ده‌ستوپێوه‌نده‌كانی به‌غداش له‌ كوردستان پڕوپاگه‌نده‌یه‌كی زۆر بۆ سیاسه‌تی نه‌وتی به‌غدا و شه‌فافیه‌ت له‌ ده‌رهێنانی نه‌وت و به‌ بازاڕكردن و روونیی داهاتی عیراق ده‌كرا، ئه‌وه‌ش روونه‌ كه‌ كۆمپانیای خۆماڵیی سۆمۆ كاری به‌ بازاڕكردنی به‌ڕێوه‌ده‌بات و هیچ مه‌حكوم نین به‌وه‌ی پاره‌ بده‌نه‌ كرێی گواستنه‌وه‌، عیراق خۆی خاوه‌نی کەشتیی نه‌وتهه‌ڵگر و خاوه‌نی به‌نده‌ری گه‌وره‌و سه‌كۆی نه‌وتییه‌ له‌ به‌سره‌. هه‌موو لایه‌كیش ده‌زانن كه‌ عیراق نه‌وته‌كه‌ی خۆی هه‌رزانفرۆش ناكات و به‌ نرخی ئۆپیك ده‌یخاته‌ بازاڕه‌وه‌، ئه‌وه‌ش شاراوه‌ نییه‌ كه‌ رۆژانه‌ چه‌ند ملیۆن به‌رمیل نه‌وت ده‌فرۆشێت.
 
ئه‌وه‌ی مایه‌ی پرسیاره‌ ئه‌مه‌یه‌ كه‌ ئێستا به‌غدا كۆنترۆڵی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی خۆی كردبێت و له‌ ده‌ستی گرووپه‌ میلیشیاكانی ده‌رهێنابێت و وه‌ك پڕوپاگه‌نده‌چییه‌كانی به‌غدا ده‌یڵێن له‌ دوو بۆ سێ‌ مانگی رابردوو پاره‌یه‌كی زۆر بۆ به‌غدا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ به‌هۆی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیران گرتوویه‌تییه‌ به‌ر، هه‌روه‌ها داهاتی رۆژانه‌ی زیاتر له‌ سێ‌ ملیۆن به‌رمیل نه‌وت كه‌ بێ‌ هیچ گرفتێك و به‌ نرخی جیهانی فرۆشراوه‌، ئه‌ی ئه‌م پارانه‌ له‌كوێن؟ وا دوو مانگه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران نه‌دراوه‌. كه‌ پێش ئه‌م دوو مانگه‌ش ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی به‌غدا بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنان بڕیاریدا حكومه‌ت قه‌رزی ناوخۆیی و بیانی وه‌ربگرێت و وه‌ك میدیاكان ده‌یڵێن پازده‌ ملیار دۆلار قه‌رز وه‌رگیراوه‌ و به‌نیازی وه‌رگرتنی 28 ملیاری دیکەشن.  ئایا مایه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌ و سه‌رسوڕمان نییه‌ كه‌ سه‌رۆك وه‌زیران له‌ كۆتا دیداری ته‌له‌ڤزیۆنی له‌ هه‌فته‌ی رابردوو لێیان پرسی كه‌ی مووچه‌ ده‌درێت؟ وتی خه‌زێنه‌مان خاڵییه‌ و ناتوانین جارێ‌ مووچه‌ بده‌ین. ئه‌ی ئه‌و هه‌موو بڕ و رێژه‌ زۆره‌ له‌ داهاتی عیراق بۆ كوێ‌ چوون؟
 
به‌داخه‌وه‌ رێژه‌ی گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردان له‌ به‌غدا زۆر به‌رفراوانه‌ و رێگاكانی ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی به‌رده‌م حزب و سیاسییه‌كان زۆر كراوه‌ن، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ده‌ر له‌و مه‌ترسیانه‌ی دیکەی كه‌ پێگه‌ی هێزه‌ چه‌كدار و میلیشیا و گرووپه‌ مافیایی و سیاسییه‌ گه‌نده‌ڵه‌كان به‌هێز ده‌كات و ده‌بنه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر داهاتووی هه‌موو عیراق، به‌دوو شێوه‌ش كاریگه‌ری راسته‌وخۆ ده‌خاته‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان. یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر به‌غدا حوكمێكی ره‌شیدی هه‌بوایە، یاسا سه‌روه‌ر بووایە، ده‌سه‌ڵاته‌كانی چاودێریی و دامه‌زراوه‌ی دادوه‌ریی كارابوونایە و رێگه‌ له‌ به‌هه‌ده‌ردان و تاڵانكردنی عیراق بگیرایە، راسته‌وخۆ ده‌بوونه‌ ره‌قیب به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌ و رێگه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردان و تاڵانی له‌ كوردستانیش ده‌گیرا، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ به‌رفراوانبوونی گه‌نده‌ڵی و فه‌سادی سیاسی و ئیداری به‌غدا، ئاو ده‌كاته‌ ئاشی نادادی هه‌رێم و رۆڵی ده‌زگاكانی دادوه‌ریی و چاودێری له‌ كوردستانیش لاوازتر ده‌بێت. 
 
خاڵی دووه‌میش كه‌ مه‌ترسییه‌كی دیکەی راسته‌وخۆیه‌ له‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ به‌هۆی ئه‌و گه‌نده‌ڵی و تاڵانییانه‌ی به‌غداوه‌ عیراق كه‌وتووەته ‌ژێر قه‌رزێكی زۆره‌وه ‌و له‌ داهاتووشدا زیاتر قه‌رزاری وڵاتان و بانك و كۆمپانیا گه‌وره‌كانی جیهان ده‌بێت، سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌ به‌غدا له‌ وه‌رگرتنی ئه‌و قه‌رزانه‌دا به‌شی هه‌رێمی نه‌داوه‌، به‌ڵام له‌ دانه‌وه‌ی ئه‌و قه‌رزانه‌دا هه‌رێمیش ده‌بێت به‌ شه‌ریك و له‌ داهاتووی عیراقدا هه‌ر جۆره‌ رێككه‌وتنێك له‌نێوان به‌غدا و هه‌ولێر بێته‌ ئاراوه‌، ناتوانرێت دانه‌وه‌ی ئه‌و قه‌رزانه‌ی سه‌ر عیراق بخرێته‌ ده‌ره‌وه‌ی بودجه‌ی گشتی و له‌ به‌شی به‌غدا بدرێته‌وه‌، به‌ڵكو له‌كۆی داهاتی عیراق ده‌ڕوات كه‌ به‌شێكی زۆری نزیكەی‌ پازده‌ تا بیستی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
 
بۆیه‌ پێویسته‌ نوێنه‌رانی كورد له‌ به‌غدا له‌م تێڕوانینه‌وه‌ بڕواننه‌ ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی به‌هۆی گه‌نده‌ڵی و به‌تاڵانبردنی سه‌روه‌تی عیراقه‌وه‌، رووبه‌ڕووی خه‌ڵكی كوردستان ده‌بێته‌وه‌. به‌تایبه‌تی ئه‌و نوێنه‌رانه‌ی كه‌ شانامه‌یان به‌سه‌ر سیاسه‌تی نه‌وتی به‌غدا و هه‌نگاوه‌كانی سه‌رۆك وه‌زیراندا هه‌ڵده‌داو له‌بری بینینی رۆڵی نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ به‌غدا بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌ زه‌وتكراوه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان، لێمان ببوون به‌ ره‌قیب و نوێنه‌ری به‌غدا به‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستانه‌وه‌، ئاوڕێك له‌و ره‌وشه‌ی عیراقیش بده‌نه‌وه‌ و سۆراخێكی ئه‌و سه‌روه‌ت و سامانه‌مان بۆ بكه‌ن كه‌ قسه‌ له‌وه‌ ده‌كرێت له‌م چه‌ند مانگه‌ی رابردوو به‌ سه‌فه‌قاتی چه‌ندین ملیار دۆلاری دیار نه‌ماوه‌.


Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan