نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

مەترسییە دەرەكییەكان لەسەر دۆزی كورد

كوردستان وڵاتێكی دابەشكراو و پارچە پارچە كراوە، خەبات و تێكۆشان بۆ رزگاربوون لە جەور و ستەم و چەوسانەوە و گەیشتن بە مافە سەرەتاییەكان و مافی نەتەوەیی، مافی چارەی خۆنووسین و خەونی یەكگرتنەوەی هەر چوار پارچەكە، نە كارێكی ئاسانە و نە بەبێ قوربانی و هەوڵی زۆر و پلان و نەخشە رێگەی پتەو داڕێژراو دێتە دی،خەون و ئامانجەكان ئاستەنگی گەورە و قورس و مەترسی زۆری لەبەردەمدایە، بێگومان لە هەرە مەترسییە گەورەكانیش؛ مەترسییە دەرەكییەكانە.

ئەو وڵاتانەی كە بە زەبری رێككەوتنی زلهێزەكان و دڵڕازیكردنیان كوردیشیان بەسەردا دابەشكرا ئێستا گەورەترین مەترسین لەسەر پرسی نەتەوایەتی، سەد ساڵە رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی ئەو چوار وڵاتە بەهۆی نەبوونی دیموكراسییەت، كورد دەچەوسێننەوە و جینۆسایدی دەكەن و هەوڵی لەناوبردنی دەدەن و نەتەوەكانیان بە گیانی فاشیەت و نەتەوەپەرستی ئاو دەدەن، بە پلانی داڕێژراویان لە هەموو بوارەكانی ئابووری و كولتووری و رۆشنبیریی كورد و پرسی كورد لەناو دەبەن، كورد خۆشی تاكو ئێستا بە هەر چوار پارچەكەیەوە پێكەوە نەخشە رێگەیەكیان نییە و كۆك نین گوتار و بەرنامەیەكی ستراتیژیی نیشتیمانی بۆ دەربازبوون لە داگیركاریی دوژمنان.
راستییەكەی هەوڵدراوە، بەڵام بێ ئەنجام بووە، دەبینی نەیارەكان كە دەگاتە سەر پرسی كورد كۆكن و بەیەكەوە پیلانەكانیان لەسەر نەتەوەی كورد و بزووتنەوەكەی جێبەجێ دەكەن، تاكو ئێستاش هیچ پارتێك یان ئەنجومەنێكی نێوان پارتەكانی كوردستان نەبووە بتوانێت رابەرایەتی بزووتنەوەكانی هەر چوار پارچەكەی كوردستان بكات. رەنگە ئەمە هەر ببێتە خەون، هەر بۆیەشە دەیان پارت و گروپ و رەوتی ئایدۆلۆژیا جیاواز لە هەر چوار پارچەكەی كوردستان دروستبوون و هەمووشیان ئامانجەكانیان نەتەوەیی بووە، بەڵام دەستكەوتەكانیان كەم بوون.

وڵاتە داگیركەرەكانی وەك (توركیا، ئێران، عیراق و سوریا) بە بەرنامەی داڕێژراو كاردەكەن بۆ تێكدانی ماڵی كوردی و پچڕاندنی شیرازەی كۆمەڵایەتی و گۆڕینی كولتوور و دابونەریتی نەتەوایەتی و سەركوتكردنی بزووتنەوە سیاسییەكان و هەوڵی دوورخستنەوەیان لەیەكتر دەدەن و دیاردە ناشیرینەكانی ناوچەگەری و خێڵەكی لە بەشەكانی كوردستان زیندوو دەكەنەوە.

لەلایەكی دیكەشەوە كاركردن لەسەر خاكی كورد بۆ تێكدانی هزری گەنجان و چاندنی تۆوی دووبەرەكی و رق و بێمتمانەیی بەرانبەر بەیەك و دەسەڵات و پارتە سیاسیەكانیش، هەروەها چاندنی تۆوی رق لێبوونەوە و شۆڤێنیەت لەلای گەنجانی نەتەوە باڵادەستەكان بەرانبەر بە كورد و ئامادەكردنیان بۆ شەڕی ناڕەوا هەر كاتێك پێویستیان پێی بوو، ئەم جۆرە پلان و ئامانجانە لە رێگەی شەڕێكی نەرم و چەكداری و سەربازی ئەنجام دەدەن، شەڕە نەرمەكانیان لە رێگەی میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، هاوكاری لایەنێك دژی لایەنێكی تر، داگیركردنی بازاڕی كوردی بە كاڵاكانیان و بڵاوكردنەوەی زنجیرە دراماكانیان، وتاری مزگەوتەكانیان و ئیمامەكانیان و لەلایەكی تر لە رێگەی سنوورەكانیان و بەشێوەیەكی بەرفراوان بە هەموو لایەك، شەڕە راستەوخۆكانیشیان بە رێگەی سەربازی و گرتن و لەسێدارەدان و راونانی چالاكوانەكان، هەموو جۆرە چەكێك و پلانێك بەكاردەهێنرێ بۆ لەناوبردنی هەر بزووتنەوەیەكی ئازادیخواز لەهەر كوێیەكی كوردستان بێت.
هەریەكە لە وڵاتانی داگیركەری كوردستان جگە لە پیلانە هاوبەشەكانیان، پلانی تایبەت بە خۆیان و ئامانجە دیار و شاراوەكانیان هەیە كە ئەنجامی دەدەن، ئەوە بە بەرچاوی هەموو دنیا، توركیا لەكاتی شەڕی (عیراق و ئێران) بە مەبەستی پشتیوانیی توركیا بۆ عیراق دژ بە ئێران و بەبیانووی لێدانی پەكەكە، بەدڵی خۆی و بەدرێژایی (400 كم) و بە قوڵایی (30كم) هاتووەتە نێو قوڵایی كوردستانی باشوور و بەشەكانی دیكەی عیراق، هەرچەندە ئەو رێككەوتنە بە هەموو عورفێكی نێودەوڵەتی پوچەڵ بووەتەوە بە فەرمانی رژێمی سەدام، بەڵام بۆ مەرامی فراوانكردنی سنوورە سەربازییەكان و چالاكییە سەربازییەكان دەیان بنكەی سەربازیی گەورەی ستراتیژی لەناو خاكی كوردستانی باشووردا مەزراندووە و بێشەرمانە بۆمبارانی ناوچە كوردستانییەكان دەكات، دەیان گوندی لە هاوڵاتیان چۆڵكردووە و بەهۆی لاوازی رژێمەكانی عیراق و سەرقاڵییان بە كێشە ناو خۆییەكان لەدوای رژێمی سەدامەوە، ئەم تەراتێنەی جەندرمەكانی تورك رێگەی لێ نەگیراوە. ئەوەی لە كوردستانی باكووریش دەیكات دەرهەق بە كورد و خاكەكەی و بزووتنەوە سیاسییەكانی هەموو بۆ مەبەستی سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و دابڕینی خاكەكەی و بە تورككردنی، هەروەها دەرهەق بە كوردستانی رۆژئاوا ئازادانە تر چووە و خاكی كوردستانی داگیر كردووە و عەرەبی تیادا نیشتەجێ كردووە، هەمووی بەناوی لێدانی پارتی كرێكارانی كوردستان و هاوشێوەكانی ئەنجام دەدا، بەڵام لە ناوەڕۆكدا خەونی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و گەڕانەوەی ئەو دەسەڵاتە لەو ناوچانەدا مەرامی سەرەكییەتی و گەڕانەوەی ویلایەتی موسڵە بۆ سەر توركیا، لەلایەكی تریشەوە بەناوی دەوڵەتێكی ئیسلامی سوننی و پارێزگاری لە سنوورەكانی هێز دەنێرێتە سوریا و لیبیا و ئازەربایجان و فەلەستین.

رژێمی ئێرانیش لەناو ئێران و نەتەوەی فارس خۆیان بە خاوەن ماڵ دەزانن بە سەرووی هەموو نەتەوەكانی ترەوەش، ئەوانیش لە خەونی ئیمپراتۆریەتی فارس دەرنەچوون، لەدوای شۆڕشی ئێرانیش دژ بە شا ساڵی (1979) و هاتنی دەسەڵاتی شیعە بۆ سەر حوكم، ئێستا بەناوی مەزهەبی شیعە و فراوانكردنی دەسەڵاتیان و دروستكردنی هیلالی شیعی توانیویانە رووبەری جوگرافی خۆیان گەورەتر بكەن بە یارمەتی دەیان رێكخراوی شیعە مەزهەب وەك حەشدی شەعبی لە عیراق و حزبوڵڵا  لە لوبنان و حوسییەكان لە یەمەن، هێزی بەرگریی نەتەوەیی لە سوریا، جیهادی ئیسلام و حەماس لە فەلەستین.

بەم شێوەیە دژایەتی هەر رێگرییەك لە هەر شوێنێك هەبێت دژ بە فراوانبوونیان دەیكەن، ئێران راستەوخۆ لە هەموو بزووتنەوەیەكی ئازادیخوازیی كورد دەدا بە گرتن و دەربەدەركردنیان لەژێر فشار، بە سیاسەتی سەبر و ئارامی و ئەجێندای سیاسی مەرامەكانی ئەنجام دەدات. هەر رێككەوتنێك لەگەڵ هەر لایەنێك بكات كاتییە و بۆ مەرامێكی خۆیەتی و شوێنی باوەڕ نین و لەوپەڕی بەهێزی واز دەهێنێت و تەنیات دەكات، هەوڵی تەواو دەدات بۆ دوورخستنەوەی كێشە ناوخۆییەكانی بۆ دەرەوە، رۆژانە هاوڵاتی كوردی بەناوی جیا جیا بۆ چاوترساندن لەسێدارە دەدەن و زیندانییان دەكەن، ئەمەو دەیان جۆرە شەڕی تر دژ بە نەتەوەی كورد و سەركوتكردنی بزووتنەوەكان و زەوتكردنی مافەكانیان، لە كاتی ریفراندۆم سەرچاوەی زۆربەی ئاوە گرنگەكانی كوردستانی بڕی و بەدڵی عیراق بوو، بۆیە كەسێ نەهاتە دەنگ و لە شۆڕشی ئەیلول بە رێككەوتنێك لەگەڵ عیراق شۆڕشەكەی بە "كون فەیەكونێك" هەڵوەشاندەوە و پشتیتێكردن. لێدانی كۆماری مەهاباد و لەسێدارەدانی بەرپرسەكانی ئەوان و دەیان نموونەی تر دەریدەخەن كە چۆن ئێران دژی كورد سیاسەت دەكات.

لەناو عیراقیش هەرچەندە بەپێی دەستووری عیراقی كوردی باشوور لە وڵاتێكی فیدڕاڵ هەرێمێكی هەیە، بەڵام لەدایكبوونی ئەم بەندە دەستورییە لە دیموكراتییەتی عیراقەوە  نەبووە، بەڵكو لە هەلومەرج و دۆخێكی تایبەت هاتە پێش- لەدوای روخانی رژێمی سەدام و بە پشتیوانیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەم دەستكەوتە بەدەستهات، زیاتر لە سەد ساڵە رەگەزپەرستی لە عیراق پەرەی سەندووە، ئێستاش ئاسەوارەكانی لە زهنی تاكی عەرەبە توندڕەوەكان ماوەتەوە، هەر بۆیە دەیان كێشەی هەڵواسراو لەنێوان هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ بەبێ چارەسەر ماونەتەوە. عیراق خۆی لە كێشەی گەورەی ناوخۆی و دەرەكیدایە دەنا ئەو گروپە توندڕەوانە هەلپەرستانە كاری خۆیان دژی نەتەوەی كورد ئەنجام دەدەن.

وڵاتی سوریاش لەگەڵ ئەم هەموو كێشە ناوخۆییەی خۆی ناتوانێت دان بە مافە سەرەتاییەكانی كورددا بنێت و پارتە توندڕەوەكانیان ئێستاش بە ئاشكرا دژایەتی كورد و داواكارییەكانیان دەكەن، بە بەرچاوی حكومەتی سوری، توركیا زەوییەكان و خاكی كورد داگیر دەكات و دیمۆگرافیەتی دەگۆڕێ و فزەی لێوە نایەت، زۆر دەمێكە سیاسەتی بە عەرەبكردنی ناوچەكانی كوردنشین پەیڕەو دەكرێت، ئێستا سەدان خێزان بێ ناسنامەی سورین، هەرچەند دەیان پارتی كوردی لە سوریا داڵدە دەدران، بەڵام لە بەرچاوی رەشی كورد نەبووە، بەڵكو لە دژی حكومەتەكانیان بووە.

لەنێوان ئەو دەوڵەتە ئیقلیمیانە كورد لەناو هاوكێشە پڕ لە كێشمە كێشمەكان وەك داشی دامەی لێ هاتووە، هەر كاتێك ویستیان بزووتنەوەكانی كورد بە رێككەوتنێك سەركوت دەكەن. لەلایەن زلهێزەكانیشەوە هەر رۆژەی بۆچوونێك دەبیستن و هیچ وڵاتێك لەو وڵاتە زلهێزانە پرۆژەیەكی وەكو دەوڵەت نییە بۆ كورد و تاك و تەرا و تاك تاك پرۆژە بۆ كورد باسدەكەن، بەڵام نەبووە بە پرۆژەی دەوڵەتەكانیان بۆ كورد و پرسی نەتەوایەتییان.

بەناوی یەكپارچەیی ئەو وڵاتانەی كە كوردستانیان بەسەردا دابەشكراوە و سەیركردنی پرسی كورد وەك كێشەی ناو خۆیی ئەو وڵاتانە و چارەسەركردنی لە سنووری جوگرافیاكانیان وایكردووە حكومەتە مەركەزییەكان بەهێزتربن و كورد و كورد لەو گفتوگۆیانە لایەنە لاوازەكە بێت.
زۆرجار كورد بەناچاری پەنای بردووەتە بەر لایەنێك لەو لایەنانە بۆ هاوكاری و داڵدەدانیان و پارێزگارییان لە نەمان، بەڵام ئەو هاوكارییانە ئەوەندە كەمبوون بەشی خۆپاراستنی كردووە لە نەمان، ئەویش بەتەواوەتی نا.

بۆیە دەبێت ئەكتەرە سیاسییەكان لە بەشە جیاوازەكانی كوردستان لە دژی یەكتری و بۆ لاوازكردنی یەكتر كارنەكەن، و لایان روونبێ تەنیا بە یەكبوون ئەگەری دەروویەك هەیە بە رووی كورد بكرێتەوە، رەنگە ئەو یەكبوونە ببێتە هۆی پرۆژەیەكی ستراتیژی نەتەوەیی.