عارف قوربانی

عارف قوربانی

كه‌رتی تایبه‌ت مه‌كه‌نه‌ قوربانی

ئه‌گه‌ر له‌ رابردوودا شه‌ڕ و ململانێكان زاده‌ی ئایدۆلۆژیا و ئایین و پاوانخوازی و هه‌وڵدان بۆ زاڵكردنی هه‌ژموونی سه‌ربازی و سیاسی بووبێت، ئه‌مڕۆ ئه‌وانه‌ بوونه‌ته‌ په‌راوێزێكی بچووكی كێشه‌ نێوده‌وڵه‌تی و ململانێی ناوخۆیی وڵاتان، به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووری شوێنی به‌ هه‌موویان له‌قكردووه‌. زۆربه‌ی ئه‌و كێشانه‌ی ئه‌مڕۆ مرۆڤایه‌تیی سه‌رقاڵكردووه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئابوورییه‌وه‌ هه‌یه‌. ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌و كێشانه‌ش كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا خه‌سڵه‌تێكی تریان هه‌بووه‌، ئه‌وانیش سیمایان گۆڕاوه‌ بۆ ململانێی ئابووری. ته‌نانه‌ت په‌تایه‌كی ترسناكی وه‌كو ڤایرۆسی كۆرۆناش كراوه‌ به‌ به‌شێك له‌م ململانێ‌ ئابوورییه‌ی جیهانی گیرۆده‌ كردووه‌.
 
ته‌ماشا بكه‌ن له‌ ململانێی نێوان جه‌مسه‌ر و وڵاته‌ گه‌وره‌كانه‌وه‌ تاوەکو ئه‌و شه‌ڕه‌ ناوخۆییانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ به‌شێك له‌ وڵاتانی رۆژهه‌ڵات به‌ڕێوه‌ده‌چن، یاخود راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان به‌ پرسی ئابووری و سه‌رچاوه‌كانی داهاته‌وه‌ هه‌یه‌، یان هه‌وڵدانه‌ بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی سه‌رچاوه‌كانی داهات. ئه‌مه‌ بۆ ناوخۆی كوردستانیش وایه‌ و بۆ كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غداش بووه‌ به‌ واقیعێكی زاڵ؛ كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا كێشه‌ی كورد له‌ عیراق كێشه‌ی ناسنامه‌ و سه‌لماندنی سنوور و ده‌سته‌به‌ركردنی مافی وه‌كو یه‌كییه‌ له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته‌ی عه‌ره‌ب، به‌ڵام ئێستا خه‌سڵه‌تی ئه‌م كێشه‌یه‌ گۆڕاوه‌ بۆ ململانێی ئابووری، ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ له‌ زهنییه‌تی خه‌ڵكیشدا به‌و جۆره‌ ره‌نگیداوه‌ته‌وه‌ كه‌ تۆ داوای خاكی داگیركراویش ده‌كه‌یته‌وه‌، ده‌به‌سترێته‌وه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كانی داهاته‌وه‌. له‌خۆڕا نییه‌ كه‌ داوای كورد بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی كه‌ركوك وا لێكده‌درێته‌وه‌، داوای كورده‌ بۆ نه‌وته‌كه‌ی، ئه‌مه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و گۆڕانكارییه‌یه‌ كه‌ به‌سه‌ر خه‌سڵه‌تی كێشه‌كاندا بڕاوه‌.
 
ئه‌گه‌ر به‌ چاوێكی ورد له‌ 10 ساڵی رابردووی ململانێكانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا بڕوانین، هه‌موو كێشه‌كان له‌ ئابووریدا چڕ بوونه‌ته‌وه‌ (بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان، مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، پاره‌ی گه‌نمی هه‌نارده‌كراوی هه‌رێمی کوردستان بۆ به‌غدا، بودجه‌ و مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌، پشكی هه‌رێمی کوردستان له‌ كۆمه‌ك و قه‌رزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، قه‌رزه‌كانی سه‌ر كوردستان، كێشه‌ی كۆمپانیاكانی په‌یوه‌ندی و ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان، داهاتی فڕۆكه‌خانه‌كان و .....) هه‌مووی هه‌ر په‌یوه‌سته‌ به‌ پاره‌وه‌. ئه‌وه‌ی كوردستان داوایكردووه‌ هه‌ر داهات بووه‌، ئه‌وه‌ی به‌غداش وه‌كو كێشه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستانی دروستكردووه‌ هه‌ر بابه‌ته‌ ئابوورییه‌كان بووه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌و سیاسه‌تی ته‌عریب و داگیركارییه‌ش كه‌ له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان به‌ڕێوه‌ده‌برێت، تێڕوانینه‌كه‌ هه‌ر بۆ كۆنترۆڵكردنی سه‌رچاوه‌كانی داهاتی سه‌ر زه‌مین و ژێر زه‌مینی ئه‌و ناوچانه‌یه‌.
 
هه‌ر له‌و ساڵانه‌ی رابردوودا و له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ململانێیانه‌دا كه‌ به‌غدا هه‌وڵیداوه‌ ئه‌و داهاتانه‌ی له‌ به‌غداوه‌ مه‌حكوم بوون به‌ ناردنی، بیبڕێت؛ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌وڵیداوه‌ ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌غداشه‌وه‌ بوونه‌ته‌ داهات بۆ كوردستان، ئه‌وانه‌ش نه‌هێڵێت. دروستكردنی كێشه‌ بۆ كۆمپانیا گه‌وره‌كانی بواری وزه‌ كه‌ هه‌ماهه‌نگی و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ هه‌رێم هه‌بوو، به‌غدا به‌شێوه‌ی داواكردنی راسته‌وخۆ كه‌ ده‌ست له‌ كاره‌كانیان له‌ هه‌رێمی کوردستان هه‌ڵگرن، تاوەکو ده‌گاته‌ په‌نابردن بۆ هه‌ڕه‌شه‌ به‌وه‌ی له‌ عیراق ده‌خرێنه‌ لیستی ره‌شه‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌ په‌نابردن بۆ دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و رێكاری یاسایی له ‌دژیان. ته‌نانه‌ت له‌ شه‌ڕی داعشیشدا به‌غدا نه‌ك هاوكار نه‌بوو بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی ده‌یانویست هاوكاریی هه‌رێمی کوردستان بكه‌ن دژ به‌ داعش، به‌ڵكو گرفتیشی بۆ دروستده‌كردن. هه‌موو ئه‌مانه‌ تاوەکو ده‌گاته‌ خۆشكردنی زه‌مینه‌ی رای گشتیی كۆمه‌ڵگه‌ی شیعی له‌ عیراق دژ به‌ هه‌رێمی کوردستان، هه‌مووی له‌ چوارچێوه‌ی یه‌ك ستراتیژدا بووه‌ كه‌ ئه‌ویش لێدان بووه‌ له‌ ئابووریی كوردستان. به‌ سه‌فه‌قاتی سه‌دان ملیۆن دۆلار راگه‌یاندنی بیانی و ناوخۆیی و تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی خراونه‌ته‌ خزمه‌تی ئه‌و ئامانجه‌وه‌. به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك كاریگه‌رییان دروستكردووه‌ بێئه‌وه‌ی به‌ خۆمان زانیبێت به‌شێك له‌ راگه‌یاندن و تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تیش له‌ ناوخۆی كوردستان بوونه به ‌به‌شێك له‌و پرۆسه‌یه‌.
 
بۆ كه‌سانێك ئه‌گه‌ر نه‌یانه‌وێ‌ هه‌ر وا به‌ ساكاری بكه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌ری و هه‌ژموونی ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه‌وه‌ كه‌ وه‌كو پێویستی و ئامرازی ململانێكان به‌ڕێوه‌ده‌برێن و بیانه‌وێت به ‌بیر و هۆشی خۆیان له‌ قۆناغبه‌ندیی ململانێكان بڕوانن، درك به‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌ سه‌رده‌می مالكییه‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی تاوەکو ئه‌ندازه‌یه‌ك به‌غدا ئامانجی خۆی به‌دیهێنا له‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم و كه‌رتی گشتی كردی، به‌غدا سه‌رنجی خستووەته‌ سه‌ر كه‌رتی تایبه‌ت له‌ كوردستان، چونكه‌ ده‌زانێت بۆ ئێستا كه‌رتی تایبه‌ت له‌ هه‌رێمی کوردستان یه‌كێكه‌ له‌ شاده‌ماره‌كانی ئابووریی كوردستان.
 
چه‌ند كۆمپانیایه‌ك كه‌ له‌ په‌نجه‌كانی ده‌ست تێپه‌ڕناكه‌ن، بوونه‌ته‌ كۆڵه‌كه‌ی جوڵه‌ی ئابووری و ئه‌گه‌ر ئه‌وان نه‌بوایەن، به‌هۆی ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی له‌ به‌غداوه‌ وه‌كو ستراتیژێكی ئابووری دژ به‌ هه‌رێمی کوردستان به‌ڕێوه‌براون، هه‌رێمیان داڕووخاندبوو. تاوەکو پێش هاتنی كۆرۆنا جگه‌ له‌ نزیك به‌ 20%ی خه‌ڵكی كوردستان كه‌ مووچه‌خۆری حكومه‌تن، خه‌ڵكی دیکە چاوی له‌ حكومه‌ت نه‌بوو، هه‌لی كار و جوڵه‌ی بازرگانی زه‌مینه‌ی ژیانێكی تاڕادەیەک مامناوه‌ندی بۆ زۆرینه‌ی خه‌ڵك ده‌سته‌به‌ركردبوو. بۆیه‌ ده‌بینی به‌ مه‌به‌ست و سه‌رنجه‌وه‌ له‌و ساڵانه‌ی رابردوو ئه‌م سه‌رچاوه‌یه‌ش كراوه‌ته‌ ئامانج. ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كوردستان كه‌ سه‌رچاوه‌ی جوڵه‌ی بازرگانیی هه‌رێمی کوردستانن، ئه‌گه‌ر مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌بووبێت، له‌وێوه‌ گرفتیان بۆ دروستكراوه‌، ئه‌وانه‌شی كه‌ هیچ مامه‌ڵه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ به‌غدا نه‌بووه‌ ئه‌وه‌ یان به ‌بیانووی ئه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كه‌رتی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان كردووه‌ خستونیه‌تیه‌ لیستی ره‌شه‌وه‌، یان له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ میدیاییه‌ی له‌ عیراق و ناوخۆی كوردستان سایكۆلۆژیای خه‌ڵكی بۆ خۆشكردووه‌، كردوونیه‌تیه‌ ئامانج و له‌كه‌داری كردوون بۆ ئەوەی به‌وهۆیه‌وه‌ له‌ پێگه‌یان بدات.
 
ماوه‌یه‌ك تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی لە عیراق و میدیا وابه‌سته‌كانی ئه‌و ستراتیژه‌ له‌ به‌غدا و كوردستان پڕكرابوون له‌ پڕوپاگه‌نده‌ی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ دژ به‌ كۆمپانیای په‌یوه‌ندی (ئاسیا سێڵ)، ماوه‌یه‌ك دواتر (كوڕه‌ك تیلیكۆم). تاوەکو ئه‌و ئاسته‌ی تۆمه‌تیان بۆ دروستكردن كه‌ ئه‌مانه‌ شه‌ریكی داعشن. ماوه‌یه‌ك هه‌ڵمه‌تیان دژی كۆمپانیاكانی ئه‌حمه‌د ئیسماعیل ده‌ستپێكرد، ماوه‌یه‌كیشه‌ به‌ كۆمپانیای كار و قه‌یوان و به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌ داهاتوودا ریزی ئه‌و كۆمپانیایانه‌ ده‌گاته‌ كه‌سانی تریش كه‌ ده‌كه‌ونه‌ به‌ر تیری ئه‌و ستراتیژه‌، كه‌ ئامانج لێی لێدانه‌ له‌ سه‌رچاوه‌كانی ئابووری و جوڵه‌ی بازاڕ له‌ كوردستان.
 
هه‌موو ده‌زانین ئێستا كه‌رتی حكومی به‌هۆی قه‌یرانی دارایی گیرۆده‌ی چی ده‌ردێك هاتووه‌، ته‌نانه‌ت ناتوانێت وه‌كو پێویست مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ره‌كانی خۆی ده‌سته‌به‌ر بكات، چ جای ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ی لێبكرێت ببێته‌ هۆكار بۆ دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار بۆ كاسبكارانی وڵاته‌كه‌. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ كوردستانی له‌ وێرانبوون پاراستووه‌، ئه‌و جوڵه‌ بازرگانی و هه‌لی كاره‌یه‌ كه‌ كه‌رتی تایبه‌ت به‌گه‌ڕیخستووه‌. به‌ سه‌دان هه‌زار خێزان ئه‌مڕۆ بژێویی ژیانیان وابه‌سته‌یه‌ به‌ كۆمپانیاكانی ئاسیا و كوڕه‌ك و ماس و كار و قه‌یوان و چه‌ند كۆمپانیایه‌كی تره‌وه‌. 

ئه‌مه‌ جیا له‌وه‌ی هه‌ندێك له‌م سه‌رمایه‌دار و كۆمپانیا نیشتمانییانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی كار و هاوبه‌شی، بوونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی بژێویی هه‌زاران خێزانی هه‌ژار، بۆ كه‌سانێك كه‌ له ‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربن ده‌زانن چه‌ند سه‌رمایه‌دارێكمان هه‌ن هاوشێوه‌ی كه‌ریمی عه‌له‌كه‌ به‌ هه‌زاران خێزان مانگانه‌یان بۆ بڕاوه‌ته‌وه‌ و نانی رۆژانه‌یان له‌سه‌ر ئه‌و سه‌رمایه‌دارانه‌یه‌. به‌غدا به ‌باشی ئه‌و راستیانه‌ ده‌زانێت، بۆیه‌ هه‌ر جاره‌ی ده‌یه‌وێت نیشان له‌ یه‌كێكیان بگرێت. به‌داخه‌وه‌ تا ئه‌ندازه‌یه‌ك له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و هه‌ندێک میدیای نابه‌رپرسیش ئاسان ده‌كه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌ریی ئه‌و هه‌ڵمه‌تانه‌وه‌ و ده‌بنه‌ به‌شێك له ‌پرۆسه‌یه‌ك كه‌ ئامانج لێی بێنان و بێژیانكردنی خه‌ڵكی كوردستانه‌.
 
ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی له‌م رۆژانه‌ دژ به‌ كۆمپانیای قه‌یوان له‌ میدیایه‌كی عه‌ره‌بی و به ‌سه‌رچاوه‌ و ته‌مویلی چه‌ند شه‌ریكه‌ بازرگانێكی سیاسیی به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو، هه‌ر به‌شێكه‌ له‌و ستراتیژه‌ و هه‌ر به‌ قه‌یوانیشه‌وه‌ ناوه‌ستێت و سبه‌ی و دوو، كۆمپانیای تریش ده‌كرێته‌ ئامانج. گرنگه‌ خه‌ڵكی كوردستان نه‌بنه‌ كه‌رە‌سته‌یه‌كی ئاسان و میدیا و میدیاكاره‌كانمان نه‌بنه‌ ئامرازێكی هه‌رزان به ‌ده‌ستی ئه‌وانه‌وه‌ كه‌ به ‌مه‌به‌ستی داڕووخانی كوردستان له‌پشته‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵمه‌تانه‌ راوه‌ستاون.


Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan