کوردستانی

دیاردەیەکی مەترسیدار روو لە هەرێمی کوردستان دەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


دیاردەیەکی مەترسیدار روو لە هەرێمی کوردستان دەکات
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

دیاردەیەکی مەترسیدار روو لە هەرێمی کوردستان دەکات ئەویش هێنانی گۆشتە بەرێگەی قاچاخ لەلایەن کۆڵبەرانەوە، سەرپەرشتیاری پزیشکی ڤێتەنەری لە کوشتارگەی نوێی سلێمانیش هۆشیاری دەدات بە هاوڵاتییان لەبارەی خواردنی ئەو گۆشتەوە و باس لە زیانەکانی دەکات.

شاڵاو عارف، سەرپەرشتیاری پزیشکی ڤێتەنەری لە کوشتارگەی نوێی سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "بەهۆی گۆڕانکاری لە نرخی تمەن بەرانبەر بە دیناری عیراقی هەموو کاڵایەک هەرزان دەکەوێت کە لە ئێرانەوە دێتە هەرێم، ئەمەش بووەتە هۆی سەرهەڵدانی دیاردەی هێنانی لاشەی گۆشت بە رێگەی قاچاخ لەلایەن کۆڵبەرەکانەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد "ئەو گۆشتە بە رێگەی نایاسایی دەنێرێتە ناو بازاڕەکان، ئەمەش هۆکارە بۆ زیان گەیاندن بە تەندروستیی هاوڵاتییان کە خۆی دەبینێتەوە لەوەی نازانرێت ئەو گۆشتە چییە و ئایا ئەو ئاژەڵە نەخۆش بووە یان نا، هەروەها نازانرێت ئەو گۆشتە چۆن هەڵدەگیرێت تاچەند میکرۆب و بەکتریا لەسەر ئەو گۆشتە گەشە دەکات کە بە کوڵاندنیش لەناو ناچێت، بۆیە ئەمانەش دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ تووشی چەندین نەخۆشی بکات لەوانەش خەمۆکی و سەرئێشە و زیان گەیاندن بە گورچیلەکان و جگەری ئەو کەسانەی کە ئەو گۆشتە بەکاردەهێنن".

شاڵاو عارف وتی "رۆژانە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامی سلێمانی بەردەوام بەدوای ئەو کەسانەوەن کە بازرگانی نایاسایی بە کاڵا و خۆراکەوە دەکرێت، هەروەها ئەم دیاردانە جگە لەوەی لایەنی پەیوەندیدار پێویستە رێگری لێبکات هۆشیاری تاکیش گرنگە کە نابێت لەبەر چەند هەزار دینارێک پەنا بباتە بەر کڕینی ئەو جۆرە گۆشتانە".

سەرپەرشتیاری پزیشکی ڤێتەنەری لە کوشتارگەی نوێی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو "لەکاتی دستگیرکردنی ئەو کەسانەی ئەو گۆشتە دەفرۆشن رووبەڕووی سزایەکی توند دەکرێنەوە، چونکە ئەم هێڵی سوورە و پەیوەندیی بە تەندروستیی مرۆڤەکانەوە هەیە".

س.س