کوردستانی

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی پەسەندکرد

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی پەسەندکرد
مەودا میدیا-

ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/10/28 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم، راپۆرتێکی تایبەت بە بابەتی بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش و هەوڵەکانی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش ( یونیتاد UNITAD ) خستەڕوو، دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە ئەنجومەنی وەزیران کۆمەڵێک پێشنیاز و بڕیاری لەمبارەیەوە پەسەند کرد. 

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، عەبدوڵڵا حاجی مەحمود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، رەشنووسی پرۆژەی تایبەت بە دوو پەیڕەوی خستەڕوو، کە بریتی بوون لە (پەیڕەوی ئیمتیازاتی زیندانیکراو و گیراوی سیاسی لە هەرێمی کوردستان)  و  ( پەیڕەوی دیاریکردنی ماف و ئیمتیازاتی میراتگرانی شەهیدان و ئەنفالکراوان)، ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە،  لە کاتێکدا جەخت لە دابینکردنی ماف وئیمتیازاتی کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و ئەنفالکراوان و ستایشکردنی خەباتی شەھیدە سەربەرزەکان کە گیانی خۆیان لە پێناوی گەل و نیشتیماندا بەختکردووە و  خەباتی زیندانی سیاسییەکان دەکاتەوە، هەروەها وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی راسپارد کە درێژە بە پرۆسەی  چاکسازیی بدات لە لیستی ناوی ئەوانەی کە بە ناشایستەیی سوودمەندن لەو ماف و ئیمتیازاتانە وجەختکرایەوە لە پاراستنی ماف و ئیمتیازاتی ئەوانەی شایستەی وەرگرتنی ئەو ماف و ئیمتیازاتانەن. 

ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆکردن، لە رووی مەبدەئیەوە هەردوو پەیڕەوەکەی پەسەند کرد بە رەچاوکردنی ئەو تێبینی و سەرنجانەی لە کۆبوونەوەکەدا خرانەڕوو بە ئاراستەی باشترکردنی ژیان و بژیۆی کەسوکاری شەھیدان و زیندانیان و راگیراوانی سیاسی و پاراستنی مافەکانیان.

س.س
Qaiwan
Qaiwan