کوردستانی

پۆلیسی سلێمانی لەسەر رووداوەکەی شەقامى بازنەى مەلیک مەحمود هاتە دەنگ

مەودا میدیا - سلێمانی |


پۆلیسی سلێمانی لەسەر رووداوەکەی شەقامى بازنەى مەلیک مەحمود هاتە دەنگ
مەودا میدیا - کاروان نوری
 
دوای ئەوەی دوێنێ لەسەر شەقامى بازنەى مەلیک مەحمودی سلێمانى، تەرمى کچێک لەناو ئۆتۆمبێلێکدا دۆزرایەوە، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەسەر رووداوەکە روونکردنەوە دەدات.

سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "دوێنێ لەسەر شەقامى بازنەى مەلیک مەحمودی سلێمانى، تەرمى کچێک لەناو ئۆتۆمبێلێکدا دۆزرایەوە و چەند کاتژمێرێک دواتر گەنجێکی تەمەن 20 ساڵان خۆی فڕێدایە ناو دەریاچەی دوکانەوە و تا ئێستاش تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە".

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی سەبارەت بە بوونی پەیوەندی ئەو دوو رووداوە بەیەکەوە روونیکردەوە "تا ئێستا تەرمی ئەو گەنجەی کە خۆی فڕێداوەتە ناو دەریاچەی دوکانەوە نەدۆزراوەتەوە، هیچ بەڵگەیەکیش نەیسەلماندووە ئەو دوو رووداوە پەیوەندیان بەیەکەوە هەبێت  و لە ئێستاشدا لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکە بەردەوامییان هەیە".

هاوکات شەوی رابردوو شیلان عارف خوشكی ئەو كچەی دوێنێ لە سلێمانی تەرمەكەی دۆزرایەوە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند "ئەوان هیچ ئاشنایەتییەکیان لەگەڵ ئەو کەسەدا نییە و نازانن پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە یاخود نا، لە ئێستادا ناتوانین هیچ بڵێین بەڵام لە کەس خۆشنابین و بۆ ئەوەی رەوتی لێکۆڵینەوە تێکنەچێت لەسەر دۆسییەکە هیچ ناڵێین".

ک.ن
Qaiwan
Qaiwan