رەوا  شەھید جەعفەر

رەوا شەھید جەعفەر

خۆم و باوکم

بەڕێزم، گەورەم، سەرکردەم، سەرۆکم، خاوەن شکۆ. .
هەرچەند دێم و دەچم نازانم بە چی و چۆن ناوت بهێنم؟ لەبەرئەوەی هەتا ئێستا یەکترناسینمان دوادەخرێ؟ ناشزانم کەی و چۆن و لە كوێ بە بینینت شاد دەبم؟ نازانم ئێستا و ئەوکات هەموو شتەکانت وەکو قاپە چەرەسێک لەبەردەم دابنێم؟ یان تۆ دەمێ ساڵە لێی دەخۆیت و پێتدەگات؟

من زۆر دەمێکە لە زمانێک یان دەستەواژەیەک یان قامووسێک دەگەڕێم بۆ ئەوەی گفتوگۆی پێبکەین، چونکە من وا دەزانم زمانی دایک کافی نییە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ زاتێکی وەکو تۆ.
 
لەوەتەی هەم پرسیار لە خوا دەکەم و پێی دەڵێم بە چ جۆرە پیت و حەرفێک نامە بۆ باوکم بنووسم؟ هەتا خوا دڵنیای کردمەوە و وتی فریشتەکان هەموو زمانێک دەزانن، ویستم لای پێغەمبەرەکان شکایەت بکەم و باسی ئەو زوڵم و ناعەدالەتییە بکەم؛ ئەوەی بەسەر من و برام و هەموو منداڵە شەهیدەکان هاتووە؟ کەچی پێم عەیب بوو تۆ باوکم بیت و منیش عەرز و حاڵ بگەیەنمە پێغمبەرەکان؟ بیرمکردەوە لای پیاو چاکان نزا و دوعا بکەم بۆ چاکبوونەوەی برایەکەم، کەچی لەڕووم نەهات هیچ قەفەسێک رابهەژێنم هەتا قەفەسی سەر مەزاری تۆ هەبێت؟

حەزرەتی شەهیدی سەرکردەی خۆنەویست..
من چەند جارێک ویستم لە دەرگای پەرستگاکەت بدەم و بێمە لات و پێت بڵێم: من لەوەتەی براکەم نیوەی جەستەی مردووە، هەموو شتەکان لای من نیوە، نیوە، نیوەیە؟ لەوەتەی براکەم ئیفلیج بووە من لەو ئیفلیجترم، بەڵام خەڵوەتی تۆم ناخۆش نەکرد و بەرەو دنیای بێدەنگی گەڕامەوە! زانیم تۆ لەهەردوو دنیا رێباز و رەوات کردووەتە قوربانی و خێری شۆڕشەکەت؟ هەتا ئێستا دڵم نەهاتووە بڵێم ئاهی من و برایەکەم بوو، چوار ساڵ دوای لەسێدارەدانت، حزبەکەت و خەبات و خوێنتیان توانەوە و لەناویانبرد وهەموو خێر و بێرەکەیان خوارد و هەستانەوە سەرپێ و وتیان بەرژەوەندیی گشتی وایدەوێت؟

هەتا ئێستا دڵم نەهاتووە بڵێم، هەر کەسێک باوکایەتی پێ نەکرا، تاوانە منداڵ بهێنێتە سەر دنیا؟ هەتا ئێستا دڵم نەهاتووە بڵێم بەناوی تۆ و خۆێنی تۆ بە سەدان سرود و شیعر و پەخشان لەدایکبوون تەنها بۆ بە کوشتدانی کوڕی هەژار و هیچی تر؟ هەتا ئێستا نەمتوانیوە بڵێم ئایدۆلۆژیا و خوێندنگەیەکەت بووە بە نووسینگەیەک بۆ کڕین و فرۆشتنی دایکی وڵات؟

تۆ داتنابوو هەموو موڵکە تایبەتییەکان بە گشتی بکەیت، کەچی ئێستا ئاوی کانیاوەکانیشیان خستە ناو بوتڵی نایلۆن و دەیفرۆشنەوە؟ هەرچەند دەکەم نازانم جلی کام پێشمەرگەت بۆ هەڵخەم و بە چاوی خۆت ئارەقەی خوێناویان ببینی و بزانیت ئەوان لە سەردەمی بێ سەرکردەیی چۆن سواڵی سۆز و مووچە و نان دەکەن؟

قوربان گیان هەرچەند دەکەم ناتوانم دان بەوەدا بنێم کە دڵی گەورەت خەتابارە و چاوی تێرت تاوانبارە و تێبینییەکانت گوناحبارە، کە وایانکرد ئەوەندە ئەو کەسانە بە راستگۆ و راستزان ببینی کە لەدوای خۆت بەجێتهێشتبوون. لێت ناشارمەوە تۆ هەموو سەرێکی بەرزت لەگەڵ خۆت برد و لەوەتەی تۆ شەهیدبوویت هەموو تاجەکان بێناز کەوتوون، هەتا ئێستا دڵم نەهاتووە دەستکاریی میراتت بکەم، چونکە هەر بە لەسێدارەدانت بوویت بە باوکی هەموو کورد و هەموو کوردێکی بەشەرەف واریسی حەقیقیی تۆیە. هەتا ئێستا نەمتوانیوە موسارحەت بکەم سەبارەت بە بەناو هاوڕێکانت و بڵێم رۆژانە هەر پەراسووی یەکتر دەشکێنن، زمانم هەڵنایە بڵێم تۆ بەم هەموو زانا و داناییەی خۆت، چۆن بەم خاک و وڵات و کولتوور و رەفیق فرۆشانە رازی بوویت؟

تۆیەکی پڕ لە ئەمەک و پڕ لە خۆشەویستی چۆن قبوڵتکرد ئەم 100 رووانە بکەیت بە خەلفەی خۆت و نهێنی سەنعەتەکەیان بۆ ئاشکرا بکەیت؟ یان هەر لە سەردەمی زیندانی ئەوانت ناسی و راستییەکانت بۆ دەرکەوت و لە جیاتی ئەوانیش خۆت هەڵواسی؟ هەر لەو رۆژەوە زانیت کە ناپیاوەکانی شەوانی کۆبوونەوە هەموویان سیخوڕ بوون و هەریەکەیان بۆ مەبەستێک لەناو رێکخستنەکان خۆیان حەشاردا بوو؟

تۆی وەستا و مامۆستا؛ چۆن ئەو کۆتاییە بەپەلەت هەڵبژارد بۆ سەرەتای سەرەتایەکان؟ یان ترسنۆکی هاوڕیکانت لە زیندانی بەعس توانای ژیانی پێ نەهێشتی؟ یان لە ژیان گەورەترت هەڵبژارد کە نەمریە؟

*ئەم وتارە لە شێوەی نامەیەكدا، رەواخان بۆ باوكی "شەهیدی سەركردە جەعفەر عەبدولواحید"ی نووسیوە.

وتارەکانی تری نووسەر

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan