عیراقی
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق: دەست لەکارکێشانەوە عادل عەبدولمەهدی هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-سازگار ئەحمەد
ئێوارەی ئەمڕۆ 29ی تشرینی دووەمی 2019 عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق نامەی دەست لەکارکێشانەوەی ئاراستەی پەرلەمانی عیراق کرد پەرلەمانتارێکی کوردیش لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت رۆژی یەکشەممە پەرلەمانی عیراق سەبارەت نە دەست لەکار کێشانەوەکەی عادل عەبدولمەهدی دەست بە کارەکانی بکات.
ئێوارەی ئەمڕۆ 29ی تشرینی دووەمی 2019 عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق نامەی دەست لەکارکێشانەوەی ئاراستەی پەرلەمانی عیراق کرد پەرلەمانتارێکی کوردیش لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت رۆژی یەکشەممە پەرلەمانی عیراق سەبارەت نە دەست لەکار کێشانەوەکەی عادل عەبدولمەهدی دەست بە کارەکانی بکات.
لەو بارەی هۆکاری دەست لەکاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی حەسەن ئاڵی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "لەسەر وتاری ئەمڕۆ هەینی مەرجعی شیعەکان کە ئاماژەیان بە دەست لەکارکێشانەوە عادل عەبدولمەهدی کرد، ئێوارەی ئەمڕۆ عادل عەبدولمەهدی دەست لەکار کێشانەوەی خۆی راگەیاند و نامەی دەست لەکار کێشانەوە پێشکەشی پەرلەمانی عیراق و سەرۆک کۆماری عیراق کرد".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق وتیشی "سبەی شەممە پەرلەمان کۆدەبێتەوە سەبارەت بە بارودۆخی پارێزگای زیقار و چەند شارێکی دیکەی عیراق، هەروەها بڕیارە رۆژی یەکشەممە پەرلەمانی عیراق سەبارەت بە دەست لەکار کێشانەوەکەی عادل عەبدولمەهدی دەست بە کارەکانی بکات".
حەسەن ئاڵی ئەوەشی ئاشکرا کرد "هەر لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە تاوەکو ئێستا لە نێوان کوتلە سیاسییەکانی عیراقدا گفتوگۆ هەیە بۆ ئەوەی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهی دەست بە چاکسازی بکات یان دەست لەکار بکێشێتەوە".
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو "دەست لەکارکێشانەوە عادل عەبدولمەهدی هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت، چونکە ئەم دۆخەی ئێستا عیراقی تێدایە هۆکارەکەی سەرۆک وەزیران نیە، بەڵکو هۆکارەکە هەموو سیستەمی سیاسی عیراقە و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان لێی بەرپرسیارن".
ئاماژەی بەوەشکرد "ئێستا لە ماڵی سەرۆک کۆماری عیراق کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک کۆمار و کوتلە سیاسی و پەرلەمانییەکانی عیراقە بۆ ئەوەی جێگرەوەی عادل عەبدولمەهدی دیاری بکەن".
حەسەن ئاڵی وتی "عادل عەبدولمەهی دۆستێکی باشی کورد بووە و کەسێک بووە ویستویەتی چاکسازی بکات لە هەموو بوارەکاندا، هەروەها هەر کەسێک جێگەی ئەو بگرێتەوە ناتوانێت چاکسازییەکی وابکات کە لە ئاست داواکارییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی عیراقدا بێت".