کوردستانی

"هیچ هەواڵێکی دڵخۆشکەر بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان نییە"

مەودا میدیا - سلێمانی |


"هیچ هەواڵێکی دڵخۆشکەر بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان نییە"
مەودا میدیا – کاروان نوری

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سەبارەت بە دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان روونکردنەوە دەدات و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، هیچ هەواڵێکی دڵخۆشکەر بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان نییە.

ئازاد محەمەد، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "سەبارەت بە دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان وەک ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لیژنەیەکمان دروستکردووە و سەردانی  بەڕێوەبەرایەتی نەوت ‌و كانزاكانی سلێمانیمان کردووە بۆ ئەوە بەدواداچوون بۆ چۆنیەتی دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان بکەین".

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو "بەداخەوە ئەو بڕە نەوتەی کە رۆژانە رەوانەی پارێزگای سلێمانی دەکرێت تەنها پێنج بۆ شەش تەنکەری (36,000) هەزار لیترییە، کە ئەمەش بە تەنها بەشی ئەو ماڵانەش ناکات کە ساڵی پار نەوتیان وەرنەگرتووە".

جەختیشیکردەوە "داواکارییەکمان ئاڕاستەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و ئەنجومەنی وەزیران کردووە، داوامان کردووە پەلە بکرێت لە دابینکردنی نەوتی سپی ماڵان و بە تایبەتیش پارێزگای سلێمانی چونکە بەشێکی زۆری ناوچەکانی شاخاوین، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا هیچ جواب و وەڵامێکی دڵخۆشکەریان نەداوەتەوە".

ئەمە لە کاتێکدایە لە چەند رۆژی رابردوودا دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان لە مەڵبەندی دووی پارێزگای سلێمانی دەستیپێکرد، ساڵی پار دابەشکردنی نەوت لە هەمان گەڕەک کۆتایهات و بەپێی بڕیارەکان ئەو کەسانەی ساڵی پار لەو کارتەی کە پێیان دراوە بەرمیلی دووەمیان وەرنەگرتووە دەتوانن نەوت وەربگرن.

ک.ن
Qaiwan
Qaiwan