کوردستانی

"کارەبا باشەکەی کابینەی نۆیەم بەرگەی یەک شەپۆلی باران بارینی نەگرت"

مەودا میدیا - سلێمانی |


"کارەبا باشەکەی کابینەی نۆیەم بەرگەی یەک شەپۆلی باران بارینی نەگرت"
مەودا میدیا – کاروان نوری

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان نیگەرانە لە کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانیی و ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کابینەی نۆیەم تەنها کارەباکەی لە کابینەکانی دیکە جیاواز بوو، ئەویش بەرگەی یەک شەپۆلی سەرمای نەگرت.

عومەر گوڵپی، ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵ لەپەرلەمانی کوردستان  بە مەودا میدیای راگەیاند "کابینەی نۆیەمی حکومەت تەنها جیاوازییەک لە کابینەکانی پێش خۆی جیایدەکردەوە کارەباکەی بوو، ئەویش بەرگەی یەک شەپۆلی سەرمای نەگرت".
 
ئەوەشی خستووەتەڕوو "حکومڕانی بە پینە و پەڕۆ ناکرێت، بۆ ئەوەی بەرگەی سەرمای زستان و گەرمای هاوین بگریت، پێویستیت بە چاکسازی ریشەیی و پلان و بەرنامەی روون و شەفافە".
 
هاوکات ئومێد ئەحمەد، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان و وتەبێژی وەزارەتی کارەبا بە مەودا میدیای راگەیاند "لە ئێستادا رۆژانە سێ هه‌زار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێندرێت، بەڵام ئەوەی زیادیکردوە خواستە لەسەر بەکارهێنانی کارەبا، کە تەنها لەهەفتەیەکدا خواست 1000 مێگاوات له‌سه‌روو ئه‌وه‌ى به‌رهه‌م ده‌هێندرێت زیادیکردووە".

ئەوەشی خستەڕوو "لۆدێكى زۆر له‌سه‌ر كاره‌با هه‌یه‌ به‌هۆى نزمبوونه‌وه‌ى پله‌كانى گه‌رماوه‌، له‌ئێستادا 15 بۆ 16 كاتژمێر كاره‌باى نیشتیمانى ده‌درێته‌ هاوڵاتییان لە ناوچە گەرمەکان و 14 کاتژمێر کارەبای نیشتمانی دەدرێت بە هاوڵاتییان لە ناوچە ساردەکان".

ک.ن
Qaiwan
Qaiwan