چاوپێكەوتن

پەرلەمانتارێکی یەکێتی: پەنابردنە بەر توندوتیژیی، خۆپیشاندەران لە خواستە راستەقینەکانیان دووردەخاتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


پەرلەمانتارێکی یەکێتی: پەنابردنە بەر توندوتیژیی، خۆپیشاندەران لە خواستە راستەقینەکانیان دووردەخاتەوە
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

لوقمان حەمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە  فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا لەگەڵ مەودا میدیا باسی لە خۆپیشاندانەکانی ئەم چەند رۆژەی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان کرد و هەڵوێستی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی لەو بارەیەوە خستەڕوو.

وەک ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان بۆچوونت چییە لەبارەی ئەم خۆپیشاندانانەوە؟
لوقمان حەمەد: خۆپیشاندانی مەدەنی و دوور لە بەکارهێنانی توندوتیژیی مافێکی سەرەتایی هاوڵاتییانە بۆ داواکردنی مافەکانیان لە هەلومەرجی ئێستادا کە قەیرانی دارایی و بێ مووچەیی بوونی هەیە، هەروەها داواکاری هاوڵاتییان بۆ مافەکانیان بە شێوازێکی مەدەنی ئێمە پێمان وایە کارێکی دروستە و دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکانیش گوێیان لێبگرن.

چی دەڵێیت لەبارەی سووتاند بارەگا حکومی و حزبەیەکان؟
لوقمان حەمەد: پەنا بردنە بەر توندوتیژی و بەکارهێنانی توندوتیژیی و سووتاندنی بارەگا حزبی و حکومییەکانی لە هەرێمی کوردستان لە خواستی راستەقینەی داواکاری خۆپیشاندەران دووریان دەخاتەوە،، چونکە وەک بینیمان چەند گەنجێک بوونە قوربانی کە ئەمەش وادەکات خۆپیشاندان لە داوای راستەقینەی خۆی دوورکەونەوە، بۆیە بەکارهێنانی توندوتیژیی و سووتاندنی دامودەزگاکانی حکومەت و بارەگای حزبی کارێکی ناڕەوا و نادروستە.

داواکاریتان چییە لە خۆپیشاندەران؟
لوقمان حەمەد: داوا دەکەین خۆپیشاندان بکرێت، بەڵام بەشێوەیەکی هێمنانە و دوور لە بەکارهێنانی توندوتیژیی.

لە ئێستادا شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە، گفتوگۆکانی نێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراق گەیشتووەتە چ قۆناغێک؟
لوقمان حەمەد: بەپێی ئەو زانیاریانەی هەمانە شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لە کۆبوونەوەکانیان بەردەوامن و ئامادەییان دەربڕیوە بۆ رێککەوتن و کۆمەڵێک پێشکەوتنی باش هەیە، بەڵام رەنگە ئەمە بەو خێراییە نەیەتدی، بەڵکو چارەسەربوونی کێشەکان کاتی دەوێت، بۆیە من دڵنیام دۆخەکە باش دەبێت، بەڵام کەمێک پشوودرێژی دەوێت.

س.س
Qaiwan
Qaiwan