کوردستانی
سێ کەس بە دوو کیلۆ مادەی هۆشبەرەوە دەستگیرکران
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
لە قەزای سۆران، سێ کەس دەستگیرکران کە دوو کیلۆ مادەی هۆشبەریان پێبووە و ویستوویانە ساغی بکەنەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرەدووە "سێ کەسی خەڵکی ناوچەی پشدەر، هەوڵیاندابوو دوو کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەنێو قەزای سۆران ساغ بکەنەوە، بەڵام لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سۆرانەوە سێ کەسەکە دەستگیر دەکرێن".
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە: تۆمەتبارەکان بەپێی ماددەی 14ـی یاسای ماددە هۆشبەرەکان پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ رێکخراوە و دراونەتە دادگە.
ڕوونیشکراەتەوە کە تۆمەتبارەکان تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 27 ساڵ دەبێت و، ناویان (س.ق.ع)، (هـ.ح.ع) و (د.ع.ر)ـە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە تەنها لە ساڵی ڕابردوودا هەزار و 113 کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردنی بە مادەی هۆشبەرەوە لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون.
بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەش بەوە دەکەن کە هەرێم وەکو پردێکی پەڕاندنەوەی مادەی هۆشبەر لەنێوان وڵاتاندا بەکاردێت.
ب.م