کوردستانی

حکومەتی هەرێم: خوێندن بە راگیراویی دەمێنێتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


حکومەتی هەرێم: خوێندن بە راگیراویی دەمێنێتەوە
مەودا میدیا-

وتەبێژی حکومەت رایگەیاند خوێندن تا 16ی ئەم مانگە بە راگیراوی دەمێنێتەوە و دوای ئەو بەروارەش بەگوێرەی دۆخەکە بڕیاری لەبارەوە دەدرێت.

جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا کە ئەمڕۆ 7/1/2021 بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە کە "دوای راوێژکردن لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دۆخی ڤایرۆسی کۆرۆنا و سەرهەڵدانی نەوەی نوێی ئەو ڤایرۆسە لە هەندێک وڵات و دوای هەڵسەنگادنی دۆخەکە بەتایبەت بابەتی دەستپێکردنەوەی خوێندن لە گشت خوێندنگە و زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان، بڕیاردرا هەمان ئەو بڕیارانەی پێشوو کە لەم بارەیەوە دەرکراون، پەیڕەو بکرێن".

ئاماژەی بەوەکردووە "دەوامی قۆناغەکانی 1 و 2 بنەڕەتی و 12 ئامادەیی (حکومی ـ ناحکومی)، تا رۆژی (2021/1/16) رادەگیرێت و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەكرێت". 

روونیشیکردووەتەوە "قۆناغی 1 و 2 بنەڕەتی و 12 ئامادەیی دەتوانن تا کاتی کردنەوەی قوتابخانەکان، بەشێوەی "نائیلزامی" سوود لە وانەکانی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین وەربگرن".

لە روونکردنەوەکەدا هاتووە "قۆناغی 3 بنەرەتی تا 11 ئامادەیی (حکومی - ناحکومی) بە شێوازی ئەلیکترۆنی لە خوێندن بەردەوام دەبن. هەروەها تا رۆژی (2021/1/16) و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندنی بۆ رەوشی تەندروستیی، سەردانکردنی بە گروپ و ئامادەبوون لە قوتابخانەکان رادەگیرێت". 

وتەبێژەکەی حکومەت باسی لەوە کردووە "ئەو قوتابخانانەی کە لە گوندەکان و ئەو ناوچانەی كە هێڵی ئینتەرنێتیان وەک پێویست نییە و ژمارەی قوتابیانیان سنووردارە، دەوامیان بۆ گشت قۆناغەکان رادەگیرێت".

هەروەها "دەوامی باخچەی منداڵانی ناحکومی، تا رۆژی (2021/1/16) رادەگیرێت و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەكرێت".

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە "دەوامی پەیمانگاکانی حکومی و ناحکومیی وەزارەتی پەروەردە، تا رۆژی (2021/1/16) رادەگیرێت و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەکرێت".

ئاماژە بەوەشکراوە "بەمەبەستی رێکخستنەوەی ساڵنامەی خوێندن و تاقیکردنەوەکان، وەزارەتی پەروەردە بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام سوود لەو پشووە فەرمییانە وەردەگرێت کە بە پێویستی بزانێت".

جوتیار عادل ئەوەشی خستووەتەڕوو "لە زانكۆ و پەیمانگاکان بۆ بەشە زانستییەکان، سیستەمی خوێندنی نێو كامپەس و خوێندنی ئەلیكترۆنی (خوێندنی ئاوێتە)، بەپێی ھەمان پلانی پێشوو ھەروەھا بە ڕەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان، تا رۆژی (2021/1/16) وەك خۆی بەردەوام دەبێت".

جەختیشکراوەتەوە "بەشە مرۆییەکانیش لە زانکۆ و پەیمانگەکاندا بە ڕەچاوکردنی رێنمایی تەندروستیی زیاترەوە، تا (2021/1/16) بەھەمان شێوەی پێشوو وەک خۆی بەردەوام دەبێت".

ب.م

Qaiwan
Qaiwan