کوردستانی

جەبار یاوەر لەبارەی ئەو پارەیەی هاوپەیمانان دەیدەن بە پێشمەرگە روونکردنەوە دەدات

مەودا میدیا - سلێمانی |


جەبار یاوەر لەبارەی ئەو پارەیەی هاوپەیمانان دەیدەن بە پێشمەرگە روونکردنەوە دەدات
مەودا میدیا-

ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند هاوپەیمانان بۆ ئەمساڵیش بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە، وردەکاری شێوازی خەرجکردنی پارەکەش رووندەکاتەوە.

جەبار یاوەر، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "لە کۆبوونەوەی 5ی ئەم مانگە لەگەڵ نوێنەری هاوپەیمانان کە لە وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوەچوو، بڕیاردرا هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە بەردەوامیی هەبێت".

ئاماژەی بەوەشکرد "هاوکارییەکە بە هەمان بڕ و بە هەمان میکانیزمی ساڵانی پێشوو لە هاوپەیمانانەوە دەدرێت بە وەزارەتی پێشمەرگە".

وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، مانگانە نزیکەی 30 ملیار دینار دەدەن بە هێزەکانی پێشمەرگە وەکو هاوکاری.

ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی چۆنیەتی خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیەی لە هاوپەیمانانەوە وەریدەگرن، ئاماژەی بەوەکرد "بەشێکی زۆری بۆ مووچەی پێشمەرگە بەکاردەهێنرێت و بەشێکیشی بۆ کڕین و دابیکردنی خواردن و پێداویستییەکانە".

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، لەدوای سەرهەڵدانی داعشەوە دروستبووە و ئامانجی هەماهەنگیکردنە بۆ لەناوبردنی داعش.

ب.م

Qaiwan
Qaiwan