ئەدەب و هونەر
داڵەهۆ وەکو نیشتمانی لەدایکبوونی تەموورە دەستنیشانکرا
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
وەزارەتی کلتوری ئێران شاری داڵەهۆی وەکو نیشتمانی لەدایکبوونی تەموورە ناساند کە ئامێرێکی موزیکی تایبەت بە کوردە.
ئەمڕۆ دووشەممە، لە رێوڕەسمێکدا لە کۆشکی نیاوەرانی تاران، عەلی ئەسغەر مونسان، وەزیری کلتوری ئێران، بڕیاری بەفەرمی ناساندنی شاری داڵەهۆی وەکو شوێنی دروستبوونی تەموورە، راگەیاند.
تەموورە ئامێرێکی میوزیکی تایبەتە و پەیڕەوانی ئاینی یارسان، لە بۆنە ئاینییەکانیاندا بەکاریدەهێنن و پیرۆزییەکی تایبەتی هەیە لایان.
یارسانەکان باوەڕیان وایە لەکاتی دروستبوونی مرۆڤدا، سەرەتا ڕووح نەچووەتە ناو جەستەی ئادەمەوە و بەهۆی بەکارهێنانی تەموورەوە ئەو پرۆسەیە ئاسان بووە و رووح چووەتە جەستەی ئادەمەوە.
زۆرێک لە یارسانەکانی دانیشتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پارێزگای کرماشان و بەتایبەتی لە شاری داڵەهۆ نیشتەجێبوون.
هوشەنگ بازوەند، پارێزگاری کرماشان، لەو مەراسیمە تایبەتەدا، رایگەیاند "تەموورە شەش هەزار ساڵ مێژووی هەیە و بەشێکی دانەبڕاوە لە رێوڕەسمە شاد و ماتەمینییەکانی خەڵکی پارێزگاکە".
ب.م