عیراقی
چوار سەرۆکایەتیيەکەی عیراق جەخت لە چارەسەری کێشەی دارایی هەرێم و بەغدا دەکەنەوە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
چوار سەرۆکایەتیەکەی عیراق کۆبوونەوە و جەختیان لە چارەسەری کێشەی بەشە بودجەی هەرێم کردەوە و چەسپاندنی ئاسایشیش بە پێویست دەزانن.
ئەمڕۆ سێشەممە، لە بەغدای پایتەختی عیراق، هەریەک لە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار، مستەفا کازمی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و فائق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری کۆبونەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، دواین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابوری وڵات و دۆسیەی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو تاوتوێ کراون.
"جەختدەکەنەوە لەپێویستی چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی و بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و پاراستنی هاوڵاتیان لە لێکەوتە ئابورییەکان و چارەسەرکردنی کێشەی موچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان، لەو پێناوەشدا پێویست دەکات هەولێر و بەغدا بگەن بە رێککەوتنێکی گونجاو بۆ چارەسەری کێشەکان" لە راگەیەنراوی کۆبوونەوەکەدا ئەوە هاتووە.
ئاماژە بەوەش کراوە کە "تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە، سەبارەت بە تێپەراندنی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی ساڵی 2021 بوو بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەجۆرێک مافی ھەموو هاوڵاتیانی عیراق بپارێزێت بێ جیاوازی".
دووپاتیشکراوەتەوە "گەیشتن بە چارەسەرێکی گونجاو لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی دۆسیی داراییە هەڵپەسێردراوەکان، بەتایبەتی پاراستنی مافی سەرجەم موچەخۆران دور لە ململانێ سیاسییەکان پێویستە".
ب.م