گێتی
پۆمپیۆ: ئێران بووەتە پێگەیەکی نوێ بۆ رێکخراوی قاعیدە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند ئێران بووە بە پێگەیەکی نوێ بۆ رێکخراوی قاعیدە و ناوی سێ کەسیشی ئاشکرا کرد کە ئەمەریکا دەیەوێت زانیارییان لەبارەوە کۆبکاتەوە.
مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایگەیاند ئێران بووەتە پێگەیەکی نوێ بۆ رێکخراوی قاعیدە.
پۆمپیۆ رایگەیاند ئەگەر ئەمەریکا رێگری لە گەشەکردنی گروپەکە نەکات لە داهاتویەکی نزیکدا کێشەی گەورە دروست دەکات.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ناوی سێ کەسی ئاشکرا کرد کە گوایا کوردن و لە سنوری نێوان عیراق و ئێران لە چوارچێوەی رێکخراوی قاعیدەدا چالاکی دەکەن.
ئیسماعیل فوئاد رەسول ئەحمەد، فوئاد ئەحمەد نووری ئەلشەخان و نیعمەت حەمە رەحیم حەمە شەریف ئەو سێ کوردەن کە ئەمریکا دەیەوێت زانیاریی لەبارەیانەوە دەست بخات، بۆ ئەو مەبەستەش ملیۆنان دۆلار دیاری داوە بە هەرکەسێک هاوکاری واشنتۆن بکات.
لە وەڵامی پۆمپیۆدا، محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند "پۆپیۆ و ئیدارەی ترەمپ شکستیان هێناوە و دەیانەوێت بە درۆی گەورە شکستەکانیان بشارنەوە".
ب.م