ئابووری
"نیوەی داهاتی نەوتی هەرێم بۆ خەرجی کۆمپانیاکان دەڕوات"
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
کۆمپانیای دیلۆیت راپۆرتێکی نوێی بڵاوکردەوە و تێیدا زانیاری لەبارەی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوتی نۆ مانگی ساڵی 2020 خستووەتەڕوو.
بەگوێرەی ناوەڕۆکی راپۆرتەکەی دیلۆیت، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فرۆشتنی نەوت، لەو نۆ مانگەدا، 124 ملیۆن و 798 هەزار و 921 بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە.
ئاماژە بەوەشکراوە کە ئەو پارەیەی حکومەتی هەرێم لە فرۆشتنی نەوت دەستیکەوتووە بریتیبووە لە 3 ملیار و 176 ملیۆن و 136 هەزار و 721 دۆلار.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، نزیکەی نیوەی ئەو پارەیەی لە فرۆشتنی نەوت دەستکەوتووە بۆ حەقدەست و خەرجی کۆمپانیاکان بووە.
راپۆرتەکە ئەوەی خستووەتەروو کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەماوەی ئەو نۆ مانگەدا تەنها 1 ملیار و 831 ملیۆن و 781 هەزار و 964 دۆلاری سافی بۆ ماوەتەوە.
دیلۆیت، کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی بواری وردبینییە و ماوەی چەند ساڵێکە لە هەرێمی کوردستان کاردەکات و تا ئێستا چەندین راپۆرتی لەبارەی داهاتی نەوتی هەرێمەوە بڵاوکردووتەوە.
رەخنەی ئەوە لە راپۆرتەکانی دیلۆیت دەگیرێت کە زانیارییەکان و ژمارەکان لە حکومەتی هەرێم وەردەگرێت نەک بە بەدواداچوون و لە سەرچاوەی باوەڕپێکراوی ترەوە.
ب.م