کوردستانی
عەدنان عوسمان دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە بزووتنەوەی گۆڕان راگەیاند
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
عەدنان عوسمان، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەندامی خانەی راپەڕاندنی ئەو حزبە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتيی تویتەر دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە هەردوو پۆستەکەی راگەیاند.
ناوبراو نوسیویەتی "ئاراستە و ئیدارەدانی بزووتنەوەکە گەیشتووەتە دۆخێک نە دەتوانم تیایدا بەشدار بم و نە توانای بەرگری لێکردنیم هەیە".
روونیکردووەتەوە "بەناچاری و دڵێکی پڕ حەسرەتەوە دەستلەکارکێشانەوەی خۆم لە ئەندامێتی خانە و وتەبێژی بزووتنەوەکە رادەگەیەنم، بە هیوای سەرکەوتن بۆ هاوڕێیانم".
عەدنان عوسمان، سكرتێری جڤاتی نیشتمانی و ئەندامی خانەی راپەڕاندن و وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان لە 14ی ئەیلولی 2019 وەك سكرتێری جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردرا.
ماوەیەک پێش ئێستاش دەنگۆی دەستلەکارتکێشانەوەی بڵاوکرایەوە، بەڵام رەتیکردەوە و لە پۆستەکەیدا مایەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە تا ئێستا بە سەدان بەرپرس و هەڵسوڕاوی دیار، بزووتنەوەکەیان جێهێشتووە و ئاماژە بەوە دەکەن "گۆڕان لەسەر ئەو رێبازە نەماوە کە نەوشیروان مستەفا دایمەزراند".
ب.م