کوردستانی

لەناوخۆی گۆڕانەوە داوای هەڵوەشاندنەوەی جڤات و خانە دەکرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


لەناوخۆی گۆڕانەوە داوای هەڵوەشاندنەوەی جڤات و خانە دەکرێت
مەودا میدیا-

ئەنجومەنی ئەڵمانیای بزووتنەوەی گۆڕان، لە پەیامێکدا کە وێنەیەکی دەست مەودا میدیا کەوتووە هەڵوێستی خۆی لەبارەی کێشە ناوخۆییەکانی گۆڕان خستووەتەڕوو.

لە پەیامەکەدا داوای دروستکردنی لیژنەیەکی دڵسۆز کراوە کە کار بۆ بەدەمەوەچوونی خێرای کێشە ھەنوکەییەکان و ئاشتکردنەوەی ھەڵسوڕاوە دڵسۆزە زویرەکان بکات.

ئەنجومەنی ئەڵمانیای گۆڕان، داوای کشانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەت و هەڵوەشاندنەوەی جڤاتی نیشتمانی و خانەی راپەڕاندنیش دەکات. 

"دروستکردنی ئەنجومەنێکی کاتی بۆ خۆئامادەکردن بۆ کۆنفرانسێکی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە ئامادەبوونی تەواوی دەنگە ناڕازیەکانی گۆڕان لە رابردوو و لە ئێستادا، ئەم ئەنجومەنە کاتیی بێ تا لەژێر چەتری نەوشیروان مستەفا دا کۆنگرەی نیشتیمانی دەبەسترێ" لە پەیامەکەدا ئەوە هاتووە.

داواشکراوە "کەناڵی کەی ئێن ئێن دەست بەپەخشەکانی بکاتەوە بەزوترین کات، کوڕەکانی کاک نەوشیروان و خزمەکانی وەک کەسوکاری کاک نەوشیروان جێی ڕێز و تەقدیر بن بەڵام بەهیچ شێوەیەک لە بڕیار و ڕاسپاردەکانی گۆڕان دا بەشدار نەبن".

 شەوی رابردووش عەدنان عوسمان وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان و ئەندامی خانەی راپەڕاندنی ئەو حزبە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە هەردوو پۆستەکەی راگەیاند.

ناوبراو نوسیویەتی "ئاراستە و ئیدارەدانی بزوتنەوەکە گەیشتۆتە دۆخێک نە ئەتوانم تیایدا بەشدار بم و نە توانای بەرگری لێکردنیم هەیە".

روونیکردووەتەوە "بەناچاری و دڵێکی پڕ حەسرەتەوە دەستلەکارکێشانەوەی خۆم لە ئەندامێتی خانەو وتەبێژی بزوتنەوەکە رائەگەیەنم، بە هیوای سەرکەوتن بۆ هاوڕێیانم".

دواتریش دەنگۆی ئەوە بڵاوبوویەوە کە شەماڵ عەبدولوەفا ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان دەستی لەکارکێشاوەتەوە، بەڵام تائێستا ناوبراو نە پشتراستی کردووەتەوە نە رەتیکردووەتەوە. 
 
ئەمە لەکاتێکدایە کە تا ئێستا بە سەدان بەرپرس و هەڵسوڕاوی دیار، بزوتنەوەکەیان جێهێشتووە و ئاماژە بەوە دەکەن "گۆڕان لەسەر ئەو رێبازە نەماوە کە نەوشیروان مستەفا دایمەزراند".

 ب.م

Qaiwan
Qaiwan