عیراقی
پەرلەمانی عیراق تاوتوێی دەست لەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی دەکات
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-سازگار ئەحمەد
بڕیارە سبەی پەرلەمانی عیراق کۆبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی کێشەکانی ئەم دواییەی پارێزگای زیقار و دەست لەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق.
لەو بارەیەوە دکتۆر میران محەمەد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عیراق بە مەودا میدیای راگەیاند "بڕیارە سبەی یەکشەممە 1ی کانوونی یەکەمی 2019 پەرلەمانی عیراق کۆبێتەوە سەبارەت بە ئەو رووداوی کوشتارەی کە لە پارێزگای زیقار روویدا".
دکتۆر میران محەمەد وتیشی "پرسێکی دیکەی کۆبوونەوەکە سەبارەت بە دەست لەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی دەبێت".
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشکرد "عادل عەبدولمەهدی کەسێکی باش بووە بۆ کورد جیاوازی لەگەڵ حەیدەر عەبادی ئەوەبوو کە حەیدەر عەبادی مووچەی کوردی بڕی، بەڵام عادل عەبدولمەهدی مووچەی کوردی نارد، هەروەها دەستی نەبووە لەو گەندەڵیانەی کە لە 16 ساڵی رابردوودا هەبووە".
سەبارەت بە کاریگەری دەست لەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لەسەر پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا ناوبراو وتی "پەیوەندی نێوان بەغدا و حکومەتی هەرێم پەیوەندییەکە لەسەر نەوت و بابەتی خاڵە گومرگییەکانە بۆیە هەرکەسێک ببێتە سەرۆک وەزیرانی عیراق، ئەگەر کورد بتوانێت داواکارییەکان جێبەجێ بکات ئەوە عیراق ناتوانێت دوژمنایەتی کورد بکات چونکە بارودۆخی عیراق لە ئێستادا ئاڵۆزە".
ئەمەش لەکاتێکدایە، ئێوارەی دوێنی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق نامەی دەست لەکارکێشانەوەی پێشکەش بە پەرلەمانی عیراق کرد.