عیراقی

رەفتارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوڵاتیان و کوتلە سیاسییەکانی عیراق بێزار دەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


رەفتارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوڵاتیان و کوتلە سیاسییەکانی عیراق بێزار دەکات
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق رایدەگەیەنێت بۆ هاتنی بوودجەی 2020 چاوەڕێی حکومەتی نوێ دەکەین، ئەمەش وادەکات هاتنی بوودجە دوابکەوێت ئاماژەی بەوەشکرد دەبوو حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستاوە نیازپاکی بەرانبەر بە هاوڵاتیان و حزبە ئیسلامییەکانی عیراق پیشان بدایە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیکردووە ئەمەش وادەکات خەڵکی عیراق و کوتلە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان بێزاربن.

غالب محەمەد، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئاڵۆزییەکانی لەسەر بوودجەی عیراق بە مەودا میدیای راگەیاند "لەبەر ئەوەی یاسای بوودجەی ساڵی 2020 نەهاتووەتە پەرلەمانی عیراق هەر لەسەر یاسای بوودجەی ساڵی رابردوو دەڕۆین و مانگانە یەک لەسە دوانزدەی بوودجە خەرج دەکرێت ئەمەش پەیوەستە بە مووچەی فەرمانبەرانی عیراق و هەرێمی کوردستان".

ئاماژەی بەوەشکرد "تاوەکو بوودجەی ساڵی 2020 پەسەند نەکرێت ئەوا مووچە لەکاتی خۆیدا دێت بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها لە بوودجەی 2020یش کۆمەڵێ گۆڕانکاری دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا قسەیان لەسەر نەکراوە".
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی وتیشی "بۆ هاتنی بوودجەی 2020چاوەڕێی حکومەتی نوێ دەکەین، ئەمەش وادەکات هاتنی بوودجە دوابکەوێت".

غالب محەمەد ئەوەشی خستەڕوو "باس لەوە دەکرێت حکومەتی نوێی عیراق حکومەتێکی دیموکراتە و دوورە لە حزب، بەڵام ئەمە راست نییە، چونکە حزبەکان بیر لەوە دەکەنەوە چۆن کاندیدی خۆیان دابنێن بۆ حکومەت، هەروەها حزبەکان ئەونەی بیر لە مانەوەی وەزیرەکەیان دەکەنەوە ئەونە بیر لە بەرژەوەندی خۆپیشاندەران و عیراق ناکەنەوە".

سەبارەت بەوەی دەبوو لەم کاتەدا هەرێمی کوردستان چی بکات ناوبراو باسی لەوەکرد "دەبوو  حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستاوە نیازپاکی بەرانبەر بە هاوڵاتیان و حزبە ئیسلامییەکانی عیراق پیشان بدایە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیکردووە، چونکە تاوەکو ئێستا نە نەوتی رەوانە کردووە و نە یەک دیناری عیراقی ناردووەتە ناو خەزێنەی دەوڵەتی عیراقەوە، ئەمەش وادەکات خەڵکی عیراق و کوتلە سیاسییەکان لە ئێمە بێزاربن و خراپ بکەوێت لەسەر هەرێمی کوردستان".

ئەمەش لەکاتێکدایە، لەئێستادا دۆخی عیراق ئاڵۆزە و خۆپیشاندەران چاوەڕێی پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەکەن بۆ بەجێهێنانی داواکارییەکانیان، بەڵام تاوەکو ئێستا خۆپیشاندەران و لایەن سیاسییەکانی عیراق رێکنەکەوتوون لەسەر دانانی کاندیدێک بۆ سەرۆک وەزیران.
Qaiwan
Qaiwan