د.نازەنین عوسمان

د.نازەنین عوسمان

سعودیە و حوسییەکان: گرەو لەسەر مرۆڤكوشتن

باسی حوسییەکان لە میدیاکان زۆر تێکەڵە لە راستی و ناڕاستی بەپێی بەرژەوەندیی میدیاکان و سەر بە چ لایەنێکن. یەمەن پێش 1990 لە دوو کۆمار پێکهاتبوو. یەمەنی باشوور (کۆماری یەمەنی میللی)، هەرچەندە خەڵکەکەی لە خێڵ و شێخانی بوون، بەڵام تاکە کۆمار بوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆمۆنیست بوو و سەر بە سۆڤێت بوو. رووبەرەکەی فراوان بوو لە چاو یەمەنی باکوور، بەڵام زۆربەی خاکەکەی بیابانە و دانیشتوانی کەمتر بوو لە چاو یەمەنی باکوور، پایتەختەکەی عەدەن بوو. یەمەنی باکوور (کۆماری عەرەبیی یەمەن) دەوڵەتێکی ئیسلامی بوو و پایتەختەکەی سەنعا بوو و سەرۆکەکەیان عەلی عەبدوڵڵا ساڵح بوو لە مەزهەبی زەیدی بوو و لە ساڵی 1978 حوکمی دەکرد.

دوای روخانی سۆڤێت و لەبەر نەمانی یارمەتی سۆڤێت بۆ یەمەنی باشوور، هەردوو یەمەن لە ساڵی 1990 یەکتریان گرتەوە و سەنعا بوو بە پایتەخت و عەلی عەبدوڵڵا ساڵح بوو بە سەرۆک کۆمار و سەرۆک کۆماری یەمەنی باشوورعەلی سالم ئەلبێز بوو بە جێگری.

حوسییەکان؛ زەیدین و زەیدییەکان شیعەن و ئیمانیان بە زەیدی کوڕی عەلی  کوڕی زەینولعابیدین کوڕی حسێین کوڕی عەلی ئەبو تالیبە. زەیدییەکان لە ناوچەی باکووری یەمەن لە ناوچە شاخاوییەکان و لە شاری سەعدە زۆرن و لە پێش سەربەخۆیی یەمەن  تا ساڵی 1962 باڵادەست بووین. زەیدییەکان لە سوننە نزیکترن وەک لە شیعەی 12 ئیمامی و لەسەر زۆر لە بیروباوەڕی شیعەی 12 ئیمام ناکۆکن. دانیشتوانی یەمەن 65-75٪  سوننەیە و25-35٪ شیعەیە. 

لە ساڵی 1986 یەکێتیی لاوان دەزگایەکیان کردەوە و بەدرەدین ئەلحوسی کە زانایەکی گەورەی زەیدییەکان بوو، خوێندنی مەزهەبی زەیدی دەدات و هەوڵی نزیکبوونەوەی دەدات لەگەڵ شیعەی 12 ئیمام، هەرچەندە بەرەنگاریی زۆر بوو لەناو زەیدییەکان، بەڵام وردە وردە بەرەنگارییەکە کەمبووەوە بەتایبەتی لە ناوچەی سەعدە.

لە ساڵی 1990 دوای یەکگرتنەوەی هەردوو یەمەن، ئازادیی زۆرتر بوو و رێگە بە فرە حزبی درا. یەکێتیی لاوان گۆڕا بوو بە حزبی ئەلحەق بە سەرکردەی حسێن بەدرەدین ئەلحوسی کوڕی زانای زەیدییەکان، حسێن لە هەڵبژاردنی پەرلەمان لە دوو خول بوو بە پەرلەمانتار.
لە ساڵی 1999 حسێن بەدرەدین ئەلحوسی لە ئەلحەق جیابووەوە و کۆمەڵێکی رۆشنگەری دامەزراند بۆ گەشەپێدانی بیروباوەڕی زەیدی و دژ بە گەشەکردنی هێزی ئایینی سەلەفی کە لە هەشتاکانەوە سعودیە هەوڵی گەشەپێدانی دەدا لە ژێر ناوی (حزب التجمع الیمنی)دا، سعودیە ئیمکانیاتێکی زۆری بۆ گەشەکردنی سەلەفی دانابوو راستەو خۆ و لە رێگەی حکومەتی ناوەندی یەمەنەوە قوتابخانە و مزگەوتی تایبەتیان بۆ دەکراوە.

 لە ساڵی 2004 کە هێرشی ئەمەریکا دەستیپێکرد بۆ سەر عیراق، حکومەتی یەمەن بە سەرکردایەتی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح پشتیوانی لەو هێرشە کرد. جەماوەری یەمەن بە هەموو مەزهەبەکان دژ بەو پشتیوانییە بوون و خۆپیشاندانی گەورە لە سەنعا کرا دژ بە حکومەت، بەڵام حسێن بەدرەدین ئەلحوسی سەرکردایەتی دەکرد، بە دروشمی (ئەڵڵاهوئەكبەر، مردن بۆ ئەمەریکا، مەرگ بۆ ئیسرائیل و سەرکەوتن بۆ ئیسلام) کە ئەمە لە پاشدا بوو بە دروشمی بەردەوامیی حوسییەکان. عەلی عەبدوڵڵا ساڵح بەهێزێکی گەورەی 30 هەزاری هێرشی کردە سەر حوسییەکان بە تۆپ و فڕۆكە و زۆری لە حوسییە شیعەکان کوشت و حسێن بەدرەدین ئەلحوسی لەو شەڕانە کوژرا. شەڕ لەنێوان حکومەتی مەرکەزی و حوسییەکان بۆ چەند ساڵ بەردەوام بوو، لە ساڵی 2008 ئاشتییەکی کورت بە سەرپەرشتی قەتەر هاتەكایەوە، بەڵام دوای ماوەیەکی کورت شەڕ دەستیپێکردەوە و شەڕەکان لە سوودی حوسییەکاندا بوون و شاری سەعدە لە ژێر دەستاین بوو و هەوڵیاندەدا نزیکببنەوە لە دەریای سوور. حوسییەکان لەژێر سەرکردەی عەبدولمەلیك ئەلحوسی برای حسێن بەڕێوەدەچوو و تاکو ئێستا هەر ئەو سەرکردایەتی ئەو بزووتنەوەیە دەکات و شێوەی قسەکردنی و گوتارەکانی لە شێوەی حەسەن نەسروڵڵای لوبنانە و هەوڵدەدەن وەک شێوەی حزبوڵڵا بن بەبێ ئەوەی ئێران بە هاوپەیمان و پێشڕەویان بزانن.

لە ساڵی 2011 بەهاری عەرەبی یەمەنی گرتەوە، شۆڕشی گەنجانی یەمەن کە حوسییەکان بەشێکی کارا بوون تیایدا، توانیان سەرکەوتن بەدیبهێنن. بەچاودێری كەنداوییەكان، عەلی عەبدوڵڵا ساڵح لە دەسەڵات لادرا، کە بە دووەمین درێژترین سەرۆک دێت لە وڵاتی عەرەبییەکان، بەڵام بە مەرجی ئەوەی حەسانەی تەواوی پێبدرێت و لە پەرلەمان دەنگی بۆ درا کە دەستی لێنەدرێت. نەشیان دەتوانی دەستی لێدەن، چونکە زۆربەی سەرکردەکانی سوپای یەمەن لە خزم و کەسوکار و هاوشاریی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح بوون و سوپای یەمەن یەکێک بوو لەو سوپایانەی کە باشترین چەکی هەبوو. عەلی عەبدوڵڵا سالح لادرا و جێگرەکەی عەبد رەبو مەنسور ئەلهادی بوو بە سەرۆک بە پشتگیریی سعودیە.

یەمەن و بەهاری عەرەبی
دوای شۆڕشی بەهاری عەرەبی، یەمەن باری ئابووری زۆر خراپ بوو، بێكاری و گرانی سوتەمەنی و گەشەکردنی قاعیدە خنکاندبووی و حوسییەکان ئۆتۆنۆمییەکی کەمیان وەرگرتبوو، بەڵام زۆر ناڕازی بوون لە (حوار الوگنی) کە دەسەڵاتی لەدەست بوو. حوسییەکان داوایان کرد یەمەن ببێتە 6 هەرێم و سیستمی فیدراڵی دامەزرێنن، بەڵام ئەم داوایە جێبەجێ نەکرا.

حوسییەکان پەیمانیان بەست لەگەڵ دوژمنە سەرسەختە کۆنەکەیان، لەگەڵ عەلی عەبدوڵڵا ساڵح کە دەسەڵاتی هەر زۆر مابووەوە لەناو سوپای یەمەنی. لە ساڵی 2015 حوسییەکان توانیان دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرن و سەنعا کەوتە ژێر دەستیان و ناوی هێزەکەیان گۆڕێ بەناوی (ئەنساروڵڵا) و رێگەی ئاسمانییان لەگەڵ ئێران كردەوە تا یارمەتییان بۆ بێت، هەروەها لە رێگەی بەندەری حودەیدەوە کۆمەکیان بۆ دەهات. سەرۆکی یەمەن عەبد رەبە مەنسور هەڵهات بۆ عەدەن و حکومەتێکی کاتی دامەزراند. حوسییەکان زۆربەی شارەکانیان خستە ژێر دەست و نزیکبوونەوە لە عەدەن و عەبد ربە مەنسور هەڵهات بۆ سعودیە.

سعودیە بڕیاری شەڕیدا بەسەر(ئەنساروڵڵا) و بە داشی دامەی ئێرانی دەزانی، بەناوی شەڕی (عاصفە الحزم)ەوە هاوپەیمانی بەست لەگەڵ وڵاتانی ئیمارات، کوەیت، قەتەر، بەحرێن، سودان، مسر و ئوردون بە پشتگیری ئەمەریکا بەتایبەتی بۆ خزمەتی لۆجستی و سیخوڕی، بەریتانیا و فەرەنسا. ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە 14 دەنگ (روسیا نەبێت) بڕیاری  گەمارۆی خستنەسەر حوسییەکان کە هیچ وڵاتێک چەکیان پێ نەفرۆشێت.

عەلی عەبدولڵا ساڵح.. پشتكردنە حوسییەكان
لە ساڵی 2017 پەیوەندی دروستبوو لەنێوان عەلی عەبدوڵڵا ساڵح و سعودیە، حوسییەکان ئەمەیان بە خیانەت دانا و ساڵحیان کوشت دوای سێ رۆژ لەو رێککەوتنە. هەریەک لەو وڵاتانەی بەشداریی شەڕ بوون ئامانج و مەبەستی تایبەتییان هەبوو و هەندێ لەو ئامانجانە لە ماوەی ئەو چەند ساڵە گۆڕاون و تەرازووی هێزیان گۆڕاوە.

یەمەن گرنگی تایبەتی هەیە، دەکەوێتە سەر کەنداوی عەدەن و گەرووی بابولمەندەب کە چوارەمین گەرووی پەڕینەوەی نەوتە لە دنیا و دەریای سوور کە بایەخی ستراتیژی، ئابووری و سەربازیی زۆری هەیە. رەنگە ئەوە هۆی سەرەکی بێت بۆ ئەو هاوپەیمانییەی دروستبووە دژ بە حوسییەکان.
ناوچەی حوسییەکان کە شیعەن سنووریان بە سعودیەوە نووساوە و سعودیە بە مەترسییان دادەنێن، هەرچەندە زەیدییەکان جیاوازییان زۆرە لەگەڵ شیعەی 12 ئیمام، بەڵام ئەمە بەسە بۆ ئێران کە پشتیان بگرێت و لەسەر بنەمای دوژمنی دوژمنم دۆستمە و یارمەتی لۆجستی و مەشق و چەکیان دەکات، دەسەڵاتی حوسییەکان لەسەر دەریای سوور و بابولمەندەب مەترسیدارە بۆ بازرگانی نەوت.

ئیمارات و ئامانجە جیاوازەكانی
ئامانجی ئیمارات جیاوازە لەگەڵ سعودیە و گۆڕاوە لەوەی کە لە دەستپێکی شەڕدا لە ساڵی 2015 هەیبوو. ئیمارات پشتگیری دابەشبوونی یەمەن دەکات بۆ دوو یەمەن ئەگەر زیاتریش نا. یارمەتی (بزووتنەوەی باشوور) دەدات و (ئەنجومەنی راگوزەر)ی دامەزراند، بزووتنەوەی باشوور داوای جیابوونەوەی یەمەنی باشوور دەکات. لەم جیابوونەوەیە، ئیمارات دەتوانێت سوود لە بەندەری عەدەن وەربگرێت. ئەنجومەنی راگوزەر دەستی بەسەر باڵەخانەی کۆماریدا گرتووە. لە مانگی ئابی 2019 پێکدادان لەنێوان هێزی هاوپەیمانی کە سعودیە سەرپەرشتی دەکات لەگەڵ ئەنجومەنی راگوزەر کە ئیمارات پشتگیری دەکات روویدا و ئەم پێکدادانە هاوپەیمانی دژ بە حوسییەکان لاواز کردووە. سعودیە هاوپەیمانی دروستکردووە لەگەڵ حزبی ئیسڵاح کە پارتێکی برایانی ئیسلامن و ئیمارات سەرکردایەتی عەرەب دەکات دژ بە برایانی ئیسلام.  
ئیمارات دوژمنایەتی قاعیدە دەکات. بەهۆی ئەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی خەریکی شەڕن لەگەڵ حوسییەکان قاعیدە و داعش زۆر شوێنیان لە باشووری یەمەن داگیرکردووە و پەرەیان سەندووە و مەترسی هەیە دەست بەسەر دوورگەی سۆقەترەی یەمەندا بگرێت لەمەشدا هەڵوێستیان جیایە لەگەڵ سعودیە.

سعودیە بە سەرۆکایەتی  پاشای سعودیە سەلمان بن عەبدولعەزیز یەکەم جار بوو بچێتە شەڕی چەکداری، تاکو ئەو کاتە هەر لە رێگەی مادییەوە یارمەتی و پشتگیری هەر لایەنێکی کردبێت لە شەڕدا، وای پێشبینی دەکرد ئەو شەڕە بۆ کاتێکی کورت بێت و حوسییەکان بشکێن و خۆیان بەدەستەوە بدەن، بەڵام ئەم شەڕە تاکو ئێستا و 6 ساڵە بەردەوامە و حوسییەکان بەشێکی زۆر لە باکووری یەمەن لەژێر دەستیانە و دەستیان دەگاتە زۆر شوێنی ستراتیژی لە قووڵایی سعودیە دەدەن بە مووشەك و بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان. 

سعودیە نایەوێت بکەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ حوسییەکان، چونکە گفتوگۆ لەگەڵیان دانپێدانانە بەو هێزە، سعودیە هەر ئێرانی تاوانبارکردووە لەو شەڕانە کە دەستی ئێرانی تیادایە و حوسییەکان تەنها سەربازی ئێرانن.

نەتەوە یەکگرتووەکان بەهۆی بەرژەوەندیی وڵاتە دەسەڵاتدارەکانی دوورگەی عەرەبی و وڵاتە زلهێزەکان و لەبەر چەکفرۆشتن و رێگە بازرگانییەکانیان زۆر خێرا هەڵوێستی وەرگرت دژ بە حوسییەکان.

لە 19/1/2021 رۆژێک پێش كۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترامپ و دەستبەکاربوونی جۆ بایدن، مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا حوسییەکانی خستە لیستی تیرۆرەوە. رەنگە ئەم بڕیارە بۆ ئەوە بێت کێشە بخەنە ئیشی بایدن و کۆسپە بخەنە بەر دانوستاندنی لەگەڵ ئێران. ئەگەر بایدن ئەم بڕیارە نەگۆڕێت، ئێستا یارمەتی مرۆیی لە خواردن و دەرمان زەحمەت دەگاتە یەمەنییەکان، بەو بڕیارە ئیتر ناتوانرێت یارمەتی بنێردرێ و دەبێت دنیا سەیرکەر بێت لە مردنی هەزارن یەمەنی سیڤیل. هەرچەندە بایدن کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن سۆزی دابوو چیتر چەک نەفرۆشێتە سعودیە ئەگەر ببێتە سەرۆك. نەرویج ئەو هەنگاوەی نا و فرۆشتنی چەکی راگرت لەگەڵ سعودیە و بەریتانیا داوای لە سعودیە کردووە بە چەکی بەریتانی لە سڤیل نەدا. 

ئەم شەڕە ئاسۆی دیار نییە و پێناچێت وازوو کۆتایی بێت. ئەم شەڕە تراژیدییە، میللەتێکی دروستکردووە لەو سەردەمە دەرئەنجامی مەترسیداری بەدوا خۆیدا هێناوە. 50٪ ژێرخانی یەمەن رووخاوە، 2.5 ملیۆن منداڵ لەژێر تەمەنی 5 ساڵی بەدخۆراکن و وشکبوونەتەوە، بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان 17 ملیۆن یەمەنی لەژێر خەتی برسێتییەوەن و بێخواردن و هەر 2 رۆژ جارێک نان دەخۆن، 90 هەزار کەسی تیادا کوژراوە (زۆرینەی بە بۆمبارانی فڕۆکەی سعودیە)، 2 ملیۆن کەس ئاوارەبوونە و جێگۆڕکێیان کردووە، کۆلێرا کەوتووەتە گیانی خەڵک بەهۆی ئاوی پیسەوە و یەک ملیۆن تووشبوون و بە سەدان کەسی کوشتووە و کۆرۆناشی هاتووەتە سەر بەبێ دەرمان و بێ نەخۆشخانە. یەمەن ئێستا هەژارترین و برسیترین وڵاتە لە دنیادا.

خ.غ