عارف قوربانی

عارف قوربانی

كورد له‌ فه‌لە‌ستین ده‌چێت نه‌ك له‌ ئیسرائیل

له‌به‌رئه‌وه‌ی كورد و جوو‌ سرووشتی ئەو رووداوانه‌ی له‌ مێژوودا به‌سه‌ریانهاتووه‌ زۆر له‌یه‌ك ده‌چن، بۆیه‌ زۆرجار له‌لایه‌ن كورد خۆیی و هه‌ندێ‌ له‌ دۆست و نه‌یاره‌كانیشییه‌وه‌ كورد بە كێشه‌كه‌ی‌ جووەکان و ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل به‌راورد ده‌كرێت، به‌ڵام ره‌نگه‌ دروستتر ئه‌وه‌بێت كه‌ كورد له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب و كێشه‌ی فه‌له‌ستین بچوێندرێت. 
 
لانی كه‌م له‌به‌رئە‌وه‌ی جووەکان خاوه‌نی ده‌وڵه‌تن و خاكیان داگیرنه‌كراوه‌، ئێمه‌ هێشتا به‌و ئامانجه‌ نه‌گه‌یشتووین و گیرۆده‌ی قۆناغی داگیركاریین، به‌ڵام عه‌ره‌به‌كانی فه‌له‌ستین شه‌ڕی رزگاری و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی ده‌كه‌ن، بۆیه‌ دۆزی كورد سه‌رباری كۆمه‌ڵێك جیاوازیی بنه‌ڕه‌تی، له‌ كێشه‌ی فه‌له‌ستینه‌وه‌ نزیكتره‌ نه‌ك ئیسرائیل.
 
لێره‌شدا سه‌رباری كۆمه‌ڵێك جیاوازیی بنه‌ڕه‌تی، به‌ڵام جووله‌كه‌ و ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل له‌ نه‌ته‌وه ‌و ده‌وڵه‌ته‌ سه‌رده‌سته‌ داگیركه‌ره‌كانی كوردستان ده‌چن نه‌ك له‌ كورد. گه‌رچی جیاوازی زۆریش له‌ شێوازی حوكمڕانی و دامه‌زراوه‌یی و دیموكراسی له‌نێوانیاندا هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌ردوولایان كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌سته‌یان هه‌یه‌. هه‌رچه‌نده‌ عه‌ره‌به‌كانی ژێرده‌سه‌ڵات و ناو چوارچێوه‌ی حوكمڕانی ئیسرائیل هه‌موو مافێكیان بۆ سه‌لمێندراوه ‌و جیاكاریی ئایینی و ئیتنیكی نه‌بووەته‌ هۆكارێك بۆ چه‌وساندنه‌وه‌یان، به‌راورد به‌ كورده‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی تورك و فارس و عه‌ره‌به‌كان كه‌ له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ی سڕینه‌وه‌دان.
 
عه‌ره‌ب له‌ ئیسرائیل به‌شێكیان مافی یه‌كسانی و هاوڵاتییبوونیان بۆ سه‌لمێندراوە‌، به‌شێكیشیان له‌نێو خاكی فه‌له‌ستین شه‌ڕی ناسنامه‌ ده‌كه‌ن. كوردیش له‌ عیراق ئێستا هاوشێوه‌ی عه‌ره‌بی فه‌له‌ستینن، هه‌رێمی كوردستان شه‌ڕ بۆ پارێزگاری له‌ ناسنامه‌كه‌ی ده‌كات، به‌شێك له‌ خاك و خه‌ڵكه‌كه‌یشی له‌ژێر ده‌ستی به‌غدان، به‌ڵام جیاوازییه‌كه‌ ئە‌وه‌یه‌ كورده‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی عێراق نه‌ك وه‌ك عه‌ره‌به‌كانی ئیسرائیل به‌چاوی هاووڵاتیی پله‌ یه‌ك ته‌ماشا ناكرێن، به‌ڵكو له‌به‌رده‌م چه‌وساندنه‌وه‌یه‌كی مه‌ترسیداردان و ده‌وڵه‌ت كار بۆ پاكتاوكردن و سڕینه‌وه‌ی سیمای كوردستانیبوونی خاكه‌كه‌یان ده‌كات.
 
لێره‌دا خاڵێكی سه‌رنجڕاكێش له‌ هه‌ست و بیركردنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد و عه‌ره‌ب رامان ده‌كێشێت بۆ دۆخێكی جێی سه‌رسوڕمان و به‌راوردكارییه‌ك كه‌ ده‌بێت ئینسانی كورد هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكات. بڕوانن ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی به‌هێز، ده‌وڵه‌تێكی دامه‌زراو، پێشكه‌وتوو، حوكمڕانییه‌كی چه‌سپاو، ئازادی و دیموكراسی تێدا به‌رقه‌راره‌، ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك له‌ ئاستێكی زۆر باشدایه‌. عه‌ره‌به‌كانی نێو ئیسرائیلیش هاوشێوه‌ی جووەکان ماف و ئازادییه‌كانیان پارێزراوه‌. هیچ كات نابیستین عه‌ره‌به‌كانی ئیسرائیل بانگه‌واز بۆ خوشك و برا عه‌ره‌به‌ چه‌وساوه‌كانی ناو فه‌له‌ستین بكه‌ن كه‌ وه‌رنه‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیسرائیله‌وه‌، هه‌روه‌ها هیچ كات گوێبیستی ئه‌وه‌ش نه‌بووین كه‌ عه‌ره‌بێكی برسی غه‌ززه‌ كه‌ نانی یه‌ك رۆژی بۆ خۆیی و ماڵومناڵه‌كانی پێده‌سته‌به‌ر ناكرێت به‌چاوی رزگاریی له‌ ئیسرائیل بڕوانێ‌ و بانگه‌شه‌ی ئە‌وه‌ بكه‌ن بچینه‌ژێر ده‌ستی ئیسرائیله‌وه‌، له‌كاتێكدا به‌ هه‌موو پێوه‌رێك ژیان له‌ژێر سایه‌و سێبه‌ری ئیسرائیل به‌راورد به‌ ژیانی ناو فه‌له‌ستین وه‌ك تاریكی شه‌و و رووناكی رۆژ وایه‌. كه‌چی كه‌س له‌ تاریكییه‌وه‌ ناچێته‌ به‌ر تیشكی هه‌تاوه‌كه‌. كه‌چی له‌ كوردستان سه‌رباری ئەوه‌ی عیراق بووه‌ته‌ نموونه‌ی هه‌ره‌ خراپی ناو كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ فه‌شه‌لی حوكمڕانی و گه‌نده‌ڵی و له‌ ناسه‌قامگیریی و نه‌بوونی خزمه‌تگواریی، نادادیی و جیكاری، زووڵم و سته‌مكاریی، ئاینده‌كه‌یشی له‌به‌رچاوی هه‌موولایه‌كه‌ كه‌ هاوشێوه‌ی سه‌ربازگه‌یه‌ك ده‌بێته‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی چه‌كداری ناكۆك و دژ به‌یه‌ك، كه‌چی زۆرن ئە‌وانه‌ی له‌ كوردستانه‌وه‌ به‌و چاوه‌ له‌ عیراق ده‌ڕوانن كه‌ چوونه‌وه‌ژێرده‌ستی عیراق، ده‌روازه‌یه‌كه‌ بۆ رزگاری. 
 
پێویسته‌ حیزب و ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵوه‌سته‌ له‌ ئاستی ئەم مه‌ترسییه‌دا بكه‌ن و دان به‌وه‌دا بنێن به‌شی زۆری هۆكاری ئەم كێشه‌یه‌ كورد خۆیه‌تی. چاره‌سه‌ره‌كه‌ش هه‌ر له‌ ده‌ستی كورد خۆیدایه‌ به‌ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ ئەو هۆكارانه‌ كه‌ زاده‌ی كوشتنی ئەو هه‌ستی كورد بوونه‌ن، بێگومان خراپیی حوكمڕانیی كوردی له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ 30 ساڵی رابردوودا، په‌روه‌رده‌یه‌كی خراپ، نادادی و سه‌روه‌رنه‌بوونی یاسا و نه‌چه‌سپاندنی وه‌ك یه‌كی له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی سیما دیاره‌كانی ئە‌و هۆكارانه‌ن كه‌ خه‌ریكه‌ هه‌ستی كورد بوون ده‌كوژێت و نمونه‌یه‌ك به‌رهه‌مدێنێت كوردێك خۆی پێ كه‌متر و بچوكتربێ‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ سه‌رده‌سته‌كان. ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتی كوردی ئازایانه‌ ریشه‌ی ئەم مه‌ترسییه‌ چاره‌سه‌ر بكات، ئە‌گینا دۆخی زۆر مه‌ترسیدار دێته‌ به‌رده‌م داهاتووی كورد له‌ ناوچه‌كه‌.

https://www.youtube.com/watch?v=B0O9nl6OW4o
 
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan