راپۆرت

مەهەپە و دۆزی كورد.. مێژوویەكی قبوڵنەكراو

مەودا میدیا - سلێمانی |


مەهەپە و دۆزی كورد.. مێژوویەكی قبوڵنەكراو
مەودا میدیا- خەڵەف غەفور

بەرایی

دەوڵەتی باخچەلی، سەرۆكی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی توركیا "مەهەپە"یە، ئێستا لە چوارچێوەی "هاوپەیمانێتی گەل"دا لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان "ئەكەپە" پێكەوە حكومەت بەڕێوەدەبن، سیاسەتڤانێكی نەتەوەپەرستی توندڕەوە بەتایبەت بەرانبەر دۆزی كورد. كورد و مێژووی كوردی قبوڵ نییە، لێرەدا چیرۆكی "مەهەپە" و "باخچەلی" باسدەكەین.

ئاڵپ ئەرسەلان توركش
 
دامەزراندن و خۆمەڵاسدان
پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی توركیا "مەهەپە" لە 9ی شوباتی ساڵی 1969 دامەزراوە، بنەچەی مەهەپە دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ناكۆكی دوو گروپ لەنێو ریزەكانی پارتی گەلی كۆماری "جەهەپە" كاتێك لەدوای مردنی مستەفا كەمال ئەتاتورك، عیسمەت ئونونو سەرۆكایەتی جەهەپە و كۆماریشی دەكرد. ساڵی 1948 و دوای بە بنبەستنی كێشەكان، گروپی ناڕازی لە جەهەپە جیابوونەوە و لە ساڵی 1948 پارتی دایك-یان دامەزراند، بەڵام زۆریشی نەبرد ئەو پارتە داخرا و هۆكارەكەیشی ئەوەبوو كە بنەمایەكی ئایینی هەیە و بەپێی دەستووری ئەوكاتی توركیا كەوا لە ساڵی 1924 لەسەر دەستی ئەتاتورك نووسرابووەوە هەموو جۆرە پارت، رێكخراو، بانگەشەیەكی ئایینی قەدەغە كردبوو.

سیمایەكی سیاسی دیار لە توركیا بوونی هەیە ئەویش هەمان گروپی پارت داخراو، بە ناو و شێوازێكی جیاواز و بە ماوەیەكی كەم، پارتێكی نوێ دروستدەكەنەوە و كەمێك گۆڕانكاری لە سیاسەت و بیركردنەوەیاندا دەكەن، بەڵام هێڵ و ستراتیژیی گشتی لە بنەوەڕا هەر پارێزراو دەبێت. بۆیە دەبینین بەشێك لە سەركردایەتیی پارتی دایكی داخراو، پارتێكی نوێ دادەمەزرێنن و دوای چەند ساڵ بێنە و بەردە، دواجار لە كۆنگرەیەكی نائاساییدا لە ساڵی 1969 ناوی پارتەكە دەبێتە پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی "مەهەپە" و ئاڵپ ئەرسەلان توركش كە زۆر نەبوو لە دەرەوەی وڵات گەڕابووەوە دەبێتە سەرۆكی پارتەكە.

 
شەڕی فكر و دەركەوتنی "گورگە بۆرەكان"
لە ساڵی 1923 تا ساڵی 1938 مستەفا كەمال ئەتاتورك تاكلایەنە فەرمانڕەوایی توركیا دەكات، لە 1938 بۆ 1950 عیسمەت ئونونو بەردەوام دەبێت لە فەرمانڕەواییكردنی توركیا، بەڵام لە ساڵی 1946 پارتی دیموكراتی توركیا بە رێبەرایەتی جەلال بایار و عەدنان مەندەریس دروستدەبن. لەوێوە سەرەتای دەركەوتنی تەوژمە فیكری و سیاسییە جیاوازەكان دەركەوتن، چەپەكان و نەتەوەییە ئیسلامییەكان دوو لەو ئاراستە سیاسییانە بوون كە بەردەوام لە ناكۆكیدابوون.

ئاڵپ ئەرسەلان توركش، سەرۆكی پارتی نەتەوەیی توركیا و یەكێك بوو لە جەنڕاڵە رێكخەرەكانی كودەتای ساڵی 1960، خاوەن بیركردنەوەیەكی نەتەوەپەرستانەی توندڕەو بوو بەو شێوەیەی توركی بە سەرووی نەتەوەكانی دیكە دەزانی.

ئاڵپ، دامەزرێنەری رێكخراوی "گورگە بۆرەكان"ە و لە كۆتایی ساڵانی شەستەكان دایمەزراندووە، لە ئەدەبیاتی سیاسیی تورك و مەهەپەدا، گورگە بۆرەكان بە باڵی سەربازی و نهێنی مەهەپە دادەنرێت كەوا لەهەمانكاتیشدا رۆڵی گرنگی بینیوە لە سەرخستنی ئاراستەی سیاسی مەهەپە و قوڵتركردنەوەی بیری نەتەوەیی توركی.

ئاڵای توركیا و هێمای گورگە بۆرەكان
گورگە بۆرەكان راستەوخۆ لەلایەن ئاڵپ ئەرسەلان توركش سەرۆكایەتی دەكران و سێ ئامانجی سەرەكییان هەبوو:

یەكەم: دژی تەوژمی چەپ و جوداخوازەكان كاریان دەكرد و ئامانجیان سەروەركردنی نەتەوەی تورك بوو بەسەر نەتەوەكانی دیكەوە.

دووەم: یەكخستنی نەتەوەیی تورك لە توركیا، بەڵقان و ئاسیای ناوەڕاست.

سێیەم: پێكەوە گرێدانی ناسنامەی توركی و ئیسلامی لە رێگەی كار و گوتارەوە.

چوارەم:دژایەتیكردنی نەتەوەكانی دیكەی وەكو كورد، ئەرمەن و یۆنانی، هەروەها پێكهاتە ئایینییەكانی وەكو مەسیحی و یەهودی، هەروەها دژی باسكردن و چارەسەركردنی كێشەی كورد بووە بەهەر شێوە و رێگەیەك بێت.

گورگە بۆرەكان خۆیان خزاندبووە ناو زانكۆ، دامەزراوە رۆشنبیری، یانەكانی وەرزش، سوپا، بەڵام وەكو هەر رێكخراوێكی دیكەی نهێنی زیاتر خۆیان لەناو گەڕەگە هەژارنشیینەكان و بێدەرەتانەكان دەبینییەوە، هەروەها چالاكییەكانیان لە توركیا، چین، ئاسیای ناوەڕاست و قوبرس ئەنجامدەدا. 

مەهەپە و هەڵبژاردنەكان
پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی "مەهەپە" لە ژیانی سیاسییدا بەشداریی چەندین هەڵبژاردنی كردووە، لەگەڵ ئەوەی سیاسەتێكی توندڕەوی نەتەوەیی هەیە، بەڵام دەرئەنجامەكان ئەوە دەردەخە بەشێوەیەكی گشتی لە هەڵبژاردنێكەوە بۆ هەڵبژاردنێكی دیكە، دەنگەكانی لە هەڵكشاندا بووە:

یەكەم: ساڵی 1969، پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی توركیا بەشداریی هەڵبژاردنی كرد، ئاڵپ ئەرسەلان توركش كە سەرۆكی پارتەكە بوو، توانی سەركەوتن بەدەستبهێنێت بۆ پەرلەمانی توركیا.

دووەم: لە هەڵبژاردنی ساڵی 1973، مەهەپە بووە خاوەن سێ ئەندامی پەرلەمانی توركیا و دواتریش بەشداریی حكومەتێكی هاوپەیمانێتی كرد لەگەڵ جەهەپە.

سێیەم: لە هەڵبژاردنی حوزەیرانی 1977، ژمارەی كورسییەكانی مەهەپە بۆ شەش پەرلەمانتار بەرزبووەوە.

چوارەم: ساڵی 1991، بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ دوو پارتی دیكە، توانی بچێتە پەرلەمانی توركیاوە.

پێنجەم: لە هەڵبژاردنی ساڵی 2011، پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی توانی 54 كورسی پەرلەمان بباتەوە.

شەشەم: ساڵی 2015، پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی توركیا سەركەوتنی گەورەی بەدەستهێنا بە بردنەوەی 80 كورسی لەكۆی 550 كورسی پەرلەمانی توركیا، بەوەش بووە سێیەم گەورەترین پارت لەدوای (ئەكەپە، جەهەپە)ەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەكەپە نەیتوانی تاكلایەنە حكومەت پیكبهێنێت و لە دروستكردنی حكومەتێكی هاوپەیمانییش شكستیهێنا، بۆیە رەجەب تەیب ئەردۆغان بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختی دا، لە دووبارەكردنەوەیدا مەهەپە 39 كورسی لەدەستدا و تەنها 41 كورسی بۆ مایەوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، دەوڵەت باخچەلی
مەهەپە لە سەردەمی باخچەلی دا
دەوڵەت باخچەلی لە ساڵی 1948 لە شاری عوسمانییە لەدایكبووە، سیاسەتڤانە و هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرایە لە ئابووری، لە ساڵی 1987 و لەسەر داوای ئاڵپ ئەرسەلان توركش وازی لە مامۆستایەتی زانكۆ هێنا و بووە جێگری سەرۆكی مەهەپە تا ساڵی 1997.

باخچەلی دژی "بە ئەندامبوونی توركیایە لە یەكێتی ئەوروپا، دانان نانێت بە كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان لە ساڵی 1915، هەروەها پشتیوانی ئەردۆغانە بۆ دەستتێوەردانە سەربازییەكانی وڵاتەكەی لە عیراق و سوریا و هەر شوێنێكی دیكە كە بەرژەوەندیی توركیای تیادا بێت.

لە دامەزراندییەوە لە ساڵی 1969 تا ساڵی 1997، ئاڵپ ئەرسەلان توركش، سەرۆكی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی "مەهەپە" بوو، بەدوای ئەودا بەكۆی دەنگی ئەندامانی كۆنگرەی هەمان ساڵی، دەوڵەت باخچەلی بووە سەرۆكی مەهەپە و تائێستاش لە كاركردنی سیاسی بەردەوامە.

ئەكەپە و مەهەپە لە "هاوپەیمانێتی گەل"
ساڵی 2017، پارتی داد و گەشەپێدان "ئەكەپە" پرۆژەی راپرسی لەسەر هەمواركردنەوەی دەستووری توركیا و گۆڕینی سیستمی پەرلەمانی بە سەرۆكایەتی خستەڕوو، مەهەپە و بەتایبەت دەوڵەت باخچەلی پپشتیوانیی سیاسەتەكانی ئەردۆغان و پرۆژەی دەستوورە نوێیەكەشی كرد، ئەو پشتیوانییە بوو بە سەرەتایەك بۆ رێككەوتن و هاوپەیمانێتیی سیاسی نێوان ئەكەپە و مەهەپە، ساڵی 2018 لە چوارچێوەی "هاوپەیمانێتی گەل"دا مەهەپە و ئەكەپە رێككەوتن و سەرەتایەكی تازە لە مێژووی سیاسی ئەو وڵاتە دەركەوت.

 مەهەپە و دۆزی كورد
پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی "مەهەپە" لە دامەزراندییەوە، چی لەسەر ئاستی سیاسی و چی لەسەر ئاستی بەرنامەی باڵە سەربازییەكەی "گورگە بۆرەكان"، دژی باسكردن لە بوونی كورد و چارەسەركردنی دۆزەكەی بوون:

•            ئاڵپ ئەرسەلان توركش، دامەزرێنەری مەهەپە بڕوای بە یەكێتیی نەتەوەیی توركیا هەبوو، هەروەها دژی هەر جۆرە بیركردنەوەیەكی دیكە بووە هاوبەشێتی نەتەوەیی لە توركیا بهێنێتەكایەوە، مافەكانی كوردیشی رەتكردووەتەوە.

•            رێكخراوی گورگە بۆرەكان، یەكێك لە پایەكانی دروستبوونی رەتكردنەوەی بوونی كورد و چارەسەركردنی دۆزەكەی بووە، هەروەها تیرۆركردنی كەسایەتییە دیارەكانی.

•            دەوڵەت باخچەلی، بوونی كورد و دۆزەكەی رەتدەكاتەوە، دژی هەرێمی كوردستان، خۆسەری و كانتۆنەكانی كوردە لە رۆژئاوای كوردستان، پارتی كرێكارانی كوردستانی پێ رێكخراوێكی تیرۆریستییە، پارتی دیموكراتی گەلان "هەدەپە" بە بانگەشاكار بۆ پەكەكە ناودەبات و داوای داخستنی دەكات.

باخچەلی دۆزی كورد رەتدەكاتەوە
 هاوپەیمانێتی گەل و دۆزی كورد
هاوپەیمانێتی گەل لەنێوان ئەكەپە و مەهەپە چەندین هۆكاری لەپشتەوە بوو، رێژەی دەنگەكانی ئەكەپە كەمیكرد و لە پەرلەمان نەیدەتوانی بە تەنها حكومەتەكەی پێكبهێنێت، هەروەها بۆ تێپەڕاندنی هەمواری دەستووری توركیا و گۆڕینی سیستمی سیاسی دەنگی زیاتری شەقامی پێویست بوو، بەهەمان شێوە مەهەپە ئەو پێویستییەی رەجەب تەیب ئەردۆغان و ئەكەپەی قۆستەوە و دەستكەوتی سیاسی بۆ خۆی پێبەدەستهێنا.

 یەكێتیی نەتەوەیی تورك و پاراستنی یەكپارچەیی خاكی توركیا لەو درووشمانەن مەهەپە پێوەی پەیوەستن، ئەوە ورد دەبێتە بۆ رەتكردنەوەی هەر نەتەوە و دۆزێكی رەوا كەوا لە توركیا بوونی هەبێت، بەو پێیەی ئەردۆغان پێشتر هەنگاوی سەرەتایی بۆ چارەسەركردنی دۆزی كورد نابوو، ئەوەش دژی ستراتیژیی مەهەپە بوو.

 یەكێك لە مەرجەكانی رازیبوونی مەهەپە و باخچەلی بە چوونە ناو هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەردۆغان، رەتكردنەوەی چارەسەری دۆزی كورد بوو، تەنانەت نكۆڵی لێكردنیشی.  

باخچەلی، سیاسەتوانێكی راستڕەوی، نەتەوەیی توندە، ئەمە پەیوەندیی بەئێستاوە نییە، بەڵكو بەشێكە لە بیركردنەوەی لە چوارچێوەی رێكخراوی گورگە بۆرەكان و مەهەپە، هەروەها سەروەربوونی تورك بەسەر نەتەوەكانی دیكە، هەر جۆرە داگیركارییەكی توركیاش لە دەرەوەی سنووری خۆی پێ رەوایە "توركیا وڵاتی توركانە و توركیش مرۆڤی سەروەرە". 

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی توركیا پێدەنێتە تەمەنی 52 ساڵەی، سەرەڕای زۆر گۆڕانكاری سیاسی، ئابووری، كرانەوە و داخران لە توركیا، كودەتا و گۆڕانكاری لە شێوازی حوكمڕانی و دەستاودەستكردنی دەسەڵات، كەچی مەهەپە كورد و مێژووەكەی قبوڵ نییە، هەروەك هەر جۆرە چارەسەرێكی دۆزی كورد رەتدەكاتەوە و مەرجی بۆ ئەردۆغان ئەمە بووە:

•            كۆتاییهێنان بە پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ هەدەپە.

•           پێنەدانی مافی رۆشنبیری، خوێندن و فێربوون و راگەیاندن بە كوردەكان.

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان