نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

قۆناغی گواستنەوە بەرەو یەکسانی

نێرینە و پیاوەتی، دوو دەستەواژەی جیاوازن، هەرچەندە هەندێ کەس تێکەڵیان دەکەن و جیاوازی لەنێوانیاندا ناکەن. 

نێرینە؛ خەسڵەتێکە لە کاتی لەدایکبوونی کەسەکەدا دەردەکەوێ، کۆئەندامی زاووزێ و هەندێ جیاوازیی جەستەیی و فیزیکی دەیکات بە نێر، بەڵام پیاوەتی کۆمەڵە خەسڵەتێکە بەهۆی پەروەردە و هەڵوێست و پرنسیپەکانی رەوشت و توانا و هێز بەدەستدەهێنرێن. هەروەها دەستەواژەی پیاوەتی لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر، لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر جیاوازن و دەگۆڕێن.

لە کوردەواریدا؛ پیاوەتی مانای بەهێزی و توانا و ئازایەتی و هەڵوێست وەرگرتن و ئامادەبوونیان لە کاتی رووداو و کێشە و زەحمەت و لێقەومانەکاندا، یان دڵفراوانی و دەستکراوەیی و میواندۆستی، یاخود پێشەوایی و بڕیاردەر و رابەرایەتیکردن بە شێوازێکی پەسند. ئەمانە و دەیان خەسڵەتی تر، نێرینە دەکات بە پیاوی ناو پیاوان. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، نەتوانراوە هاوڕایی لەسەر یەک بۆچوون و پێناسە بکرێت.

نێرسالاریی، خەسڵەتێکی ترە، توندوتیژی و دەمارگیری و خۆسەپاندن و خۆبەزلزانین و...هتدە، بەتایبەتی بەرانبەر بە رەگەزی مێ.

لە لایەک بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەی بەهۆی پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆژیا و جیهانگیری و خوێندن بەدەستهاتوون، لە لایەکی تریش بەهۆی داڕمانی دەیان کولتوور و بارگرانیی ژیان و ئابووریی ناجێگیر و چوونی ژنان بۆ گۆڕەپانی کار و پێشبڕکێ لەگەڵ پیاواندا، وایانکردووە تێگەیشتنەکان سەبارەت بە یەکسانیی نێر و مێ و ئەرکەکانیان گۆڕانکارییان بەسەردا بێ و بەرەو قۆناغێکی تازە هەنگاو بنێن. هەرچەندە سەرەتایە، بەڵام دیاردەکان دەرکەوتن و دەتوانین بڵێین قۆناغی وەرچەرخانە، قۆناغی گواستنەوەیە بەرەو یەکسانبوون لەنێوان هەردوو رەگەزەکەدا. 

ئەو دیاردانەی کە دەرکەوتوون، سەرەتای ئەو گواستنەوەیەیە و بەهۆیانەوە دەیان چەمکی تازە هاتوونەتە ئاراوە، لەوانە: چەمکی جێندەری، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، مافی مرۆڤ و مافی ژنان و...هتد. هەروەها دەیان رێکخراوی خۆجێیی و نێودەوڵەتیی لەم بوارەدا پەیدا بوون. شەڕە لەنێوان کولتووری نێرسالاری و دەسەڵاتیان بەسەر مێیینە و بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان و هەنگاونان بەرەو یەکسانبوون، (وڵاتە پێشکەوتووەکان هەنگاوی باشتر و زیاتریان ناوە بۆ ئەم مەبەستە، بۆیە دەبینین ژنان زیاتر چوونەتە ناوەندەکانی دەسەڵات و پیشە و ئەرکی گرنگیان لەئەستۆ گرتووە). 

دەبینین لایەنە دژەکانی یەکسانبوون و هاتنی ژن بۆ نێو گۆڕەپانی پێشبڕکێ، دژایەتی دەکەن و توندوتیژتر دەبن بەهۆی مەترسیی لەدەستدانی دەسەڵات، کە وەک هەموو دەسەڵاتێکی تر، دژایەتی گۆڕانکاری دەکرێت تیایدا. دەشبینین لە کەناڵ و دەزگاکانی راگەیاندن چۆن هەندێ لەو دژانە بە ناووناتۆرەی خراپ و هاندانی کەسانی تر چ بەناوی ئایین و شەرعەوە یان بەناوی کولتووری پاتریاکیەت و ئەقڵیەتی نەریتخوازییەوە، لەو رێگەیەوە دەیانەوێت هەست و سۆزی خەڵک بەشێوەیەکی مەبەستدار ببزوێنن. هەندێ جاریش گوێمان لێ دەبێت دەڵێن پیاوەتی نەماوە. ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە، پیاوەتی وەک خۆی ماوە، ئەوەی گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە؛ پێناسە و بنەماکانیەتی. یاخود هەندێ جار پیاوان هەست بە لاوازیی دەکەن، ئەم دیاردەیەش لاوازیی نییە، بەڵکو بەهۆی وەرچەرخانی قۆناغەکەیە کە ئەم جۆرە هەستانە لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. 

ئەوان رێگر دەبن، بەڵام ژنان دەبێ هوشیارانەتر بیر بکەنەوە، دەبێت هەوڵبدەن دژەکان کەم بکەنەوە و دۆست بۆ پرۆژەی یەکسانیبوون پەیدا بکەن، نەک دژایەتی بکەن. 

ژنان دەبێ بزانن لە قۆناغی وەرچەرخاندا ئەمانە دیاردەی سروشتین و دەبێ پشوودرێژ بن. پیاوانیش دەکرێت خۆیان لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەدا بگونجێنن. 
چیتر پیاو شمشێر بەدەست و ژنانیش کۆیلە نین، چیتر باوک لە دەرەوە نییە و ژنانیش لە پشت تەباخ. ژیانی ئێستا هاوبەشییە، بەیەکەوە بڕیارەکان دەدەن، هەردووکیان لە مەیدانی کاردان و کاری ماڵ بەیەکەوە ئەنجام دەدەن. 

ئەم وەرچەرخانە، تەنانەت گۆڕانکاریی بەسەر شێوازی جلوبەرگ و ستایلی ژیان و رووخساریشدا هێناوە و هاوبەشیی زۆری پەیدا کردووە. قۆناغەکە وا دەخوازێ بەیەکەوە و شانبەشانی یەکتری کۆمەڵگەیەکی تەندروست لەسەر بنەمای رێزگرتن لەیەکتری بەدەستبهێنن و توانای یەکتری بەهەند وەربگرن و چیتر دژایەتی یەکتر نەکەن. 
ئەمە قۆناغی سەرەتاییە و هیی باشتر لەپاشترە.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan