کوردستانی

هاوڵاتییەک 18 فیشەکی پێوەنراو گیانی لەدەستدا

مەودا میدیا - سلێمانی |


هاوڵاتییەک 18 فیشەکی پێوەنراو گیانی لەدەستدا

مەودا میدیا-

پۆلیسی راپەڕین کوژرانی هاوڵاتییەکی لە چوارقوڕنە راگەیاند، کە 18 فیشەکی پێوەنراوەو گیانی لەدەستداوە، لەکاتی هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی تەقەکەرەکان تەقەیان لە ئاسایش کردووە.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین، لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت "کاتژمێر شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 25ی نیسانی 2021،  هێزەکانمان لە بنکەی پۆلیسی چوارقوڕنە  ئاگادارکران بەبوونی رووداوێکی تەقەکردن لە ناحیەی چوارقوڕنە لە گەڕەکی کوردستان، دوای گەیشتنی هێزەکانمان بۆ شوێنی رووداوەکە دەرکەوت کە لە رووداوەکەدا کەسێک کوژراوە، وە لە شوێنی رووداوەکەش ٤٤ قەوانی تەقیوی جۆری چەکی کڵاشنکۆف دۆزراوەتەوە و وەک بەڵگەی تاوان دەستیان بەسەرداگیراوە".

دەشڵێت "هاوڵاتییە کوژراوەکە ناوی (ف،ص،م) لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٣، دانیشتوی چوارقوڕنە گەڕەکی کوردستان لەبەردەمی ماڵەکەی خۆیان لەلایەن چەند کەسێکەوە لەناو ئۆتۆمبیلێک تەقەی لێکراوە".

پۆلیسی راپەڕین ئاشکراشیکرد "بەمەبەستی دۆزینەوەی تەقەکەران و دەستگیر کردنیان، هەماهەنگی لەگەڵ بازگەکانی ئاسایشی راپەڕین کرا، تەقەکەرەکان دوای ئەوەی بە ئۆتۆمبیلی خۆیان ویستیان بە بازگەی ئاسایشی بالیسان بێ وەستان تێپەڕ ببن، تەقەیان لە بازگەکە کردووە و دواتر بە هاوکاری دوو ئۆتۆمبیلی تر رادەکەن و ئۆتۆمبیلی سەرەکی کە لە رووداوی کوشتنەکە دا بەکاریان هێناوە بەجێ دەمێنێت و  ئێستا ئەو ئۆتۆمبیلە لەلایەن بازگەی ناوبراو دەستی بەسەردا گیراوە.

بەگوێرەی وتەی کەسوکاری کوژراوەکە، "کێشەکە رووداوێکی کۆمەڵایەتی بووە و هەردوو لایەن خەڵکی هەولێرن، بەڵام کوژراو بۆ ماوەی چەند ساڵێکە لە چوارقوڕنە دادەنیشێت و بکوژەکانیش دانیشتوی هەولێرن و لە هەولێرەوە هاتوون بۆ کوشتنی کەسەکە".

ه.ع
Qaiwan
Qaiwan