کوردستانی

هاوڵاتییان ئاگاداردەکرێنەوە کە ئەم جۆرە خواردنە نەکڕن

مەودا میدیا - سلێمانی |


هاوڵاتییان ئاگاداردەکرێنەوە کە ئەم جۆرە خواردنە نەکڕن
مەودا میدیا-

 ئەمڕۆ دووشەممە بەهۆی سەربڕینیان بەنایاسایی و دوور لە مەرجەکانی تەندروستی و ڤێتێرنەری، قائیمقامیەتی سلێمانی بڕێکی زۆر گۆشتی ئاژەڵ لەناودەبات.

بێوەی ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەی چواری قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند "بەهۆی سەربڕینیان بە شێوەیەکی نایاسایی و بەدەر لە مەرج و رێنماییەکانی تەندروستی و ڤێتێرنەری، لیژنەکە دەستی بەسەر بڕێکی زۆر گۆشتی ئاژەڵدا گرتوە کە لەسەر شەقامەکان بەهاوڵاتیان فرۆشراوە".

وتی "ئەو گۆشتەی لەسەر شەقامەکان دەفرۆشرێت لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەری سلێمانییەوە پشکنینی بۆ نەکراوە و نازانرێت شیاوی خواردنر یان نەشیاوە، بەبڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵ سەربڕین و فرۆشتنی لەسەر شەقام و گەڕەک و کۆڵانەکان قەدەغەکراوە و لیژنە هاوبەشەکان سزای سەرپێچیکاران دەدات".

ئاماژەی بەوەکرد "شێوازی سه‌ربڕین و فرۆشتنی گۆشته‌كه‌ش له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان ناته‌ندروسته‌، چونكه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام تۆز و خۆڵ و دوكه‌ڵ له‌سه‌ر گۆشته‌كه‌ ده‌نیشێت كه‌ئه‌مه‌ش رێگه‌یه‌كی دیكه‌ی كۆبونه‌وه‌ی به‌كتریا و ڤایرۆسه‌كانه‌ له‌سه‌ر گۆشته‌كه‌، له‌كاتی خواردنیدا زیان به‌ته‌ندروستی به‌كارهێنه‌ركه‌ ده‌گه‌یه‌نێت".

ئەوەشی خستەڕوو "لە گەڕەکی راپەڕین، شوقەکانی مامۆستایان و فولکەی تانجەرۆ دەست بەسەر زیاتر لە (300) کیلۆگرام گۆشتی ئاژەڵدا گیراوە و بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی تەواوی گۆشتەکە و ئەو پێداویستییانەی بەکارهێنراون لەناودەبرێت".

سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ داوا له‌ هاوڵاتییان ده‌كات، له‌پێناو پاراستنی ته‌ندروستی خۆتان و خێزانه‌كانتان، گۆشتی ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ مه‌كڕن كه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڤێتێرنه‌ری سلێمانییه‌وه‌ پشكنین و مۆر نه‌كراوه‌ و له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان سه‌رده‌بڕرێت و ده‌فرۆشرێت، له‌كاتی هه‌بوونیدا له‌ڕێی ژماره‌ مۆبایلی (07708677777) قایمقامیه‌تی سلێمانی ئاگادار بكه‌نه‌وه‌.

س.س
Qaiwan
Qaiwan