کوردستانی
هێرش سەلیم: لە سلێمانی خواستێکی زۆر لەسەر بەکارهێنانی ڤاکسین هەیە
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-پێشکەوت حاجی
جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند ژمارەی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئاستێکی جێگیردایە و رۆژانە ژمارەیەکی زۆر تووشبوو وەردەگرین، بەڵام %30 تووشبووان باری تەندروستییان ناجێگیرە، ئەوەشی خستەڕوو خواستێکی زۆر لەسەر بەکارهێنانی ڤاکسین هەیە.
هێرش سەلیم، جێگری بەرێوەبەری تەندروستیی پارێزگای سلێمانی سەبارەت بە نوێترین زانیاری دۆخی تەندروستیی تووشبووانی کۆرۆنا بە مەودا میدیای راگەیاند "تووشبوون و گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا وەک ماوەی رابردوو لە ئاستێکی جێگیردایە و رۆژانە ژمارەیەکی زۆر تووشبوو وەردەگرین، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی ئەوەی ئاستەنگی لە نەخۆشخانەکان دروست ببێت و هیچ نەخۆشخانەیەکی نوێشمان بۆ ئەو مەبەستە نەکردووەتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد "لەئێستادا دۆخی %30ی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ناجێگیرە و لە ژێر ئۆکسجیندان و تاڕادەیەک ئاستەنگی لەسەر نەبوونی قەرەوێڵە لە ژووری تایبەتدا دروستبووە، بەڵام شوێنەکانی دیکە ئاساییە، لەم هەفتەیەشدا ئەو کێشەیە چارەسەر دەبێت".
سەبارەت بە وەرگرتنی ڤاکسین لەلایەن هاوڵاتییانەوە ئاشکرایکرد "خواستێکی زۆر لەسەر وەرگرتنی ڤاکسین هەیە لەلایەن هاوڵاتییانەوە، بەشێوەیەک هەموو جۆرەکانی ڤاکسین بەکاردەهێنرێت و خواست لەسەر هەموو جۆرەکان هەیە، وە تائێستا هیچ کاردانەوەیەکی نەرێنی لەسەر هیچ هاوڵاتییەک دروستنەکردووە، بەڵکو تەنها هەندێک نیشانەی وەک تا و سەرئێشە نەبێت کە ئەوەش ئاساییە".
بیروڕا



